کەرتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان؛ لە لێواری ڕووخان دايە…

خالید عومەر موستەفا

تەندروستی مافێکی بنەڕەتی و سەرەتایی هەر هاووڵاتییەکی ئەم نیشتمانەیە. بەڵام ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان، کەرتی تەندروستی گشتی لە دۆخێکی نالەبار و پڕ لە کێشەدایە، بە جۆرێک کە دەکرێت بڵێین ئەم کەرتە لە لێواری ڕووخاندایە پرسیاری سەرەکی لای هەر هاووڵاتییەک ئەوەیە: نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان کەی دەبنە شوێنی ڕاستەقینەی چارەسەر؟

ئەم دۆخە خراپەی کەرتی گشتی، ڕێگای خۆشکردووە بۆ ئەوەی کەرتی تایبەت و نەخۆشخانە ئەهلییەکان ببنە شوێنی بازرگانیکردن بە ئازارەکانی نەخۆشەوە. کاتێک هاووڵاتییەکی هەژار و کەمدرامەت لە نەخۆشخانە حکومییەکان بێهیوا دەبێت، ناچارە قەرز بکات یان کەلوپەلی ماڵەکەی بفرۆشێت بۆ ئەوەی لە نەخۆشخانەیەکی ئەهلیدا چارەسەر وەربگرێت؛ ئەمەش نادادپەروەرییەکی کۆمەڵایەتی گەورەیە. جێی داخی قووڵە کە حیزبەکانی دەسەڵات (پارتی و یەکێتی) تا ئێستا نەیانتوانیوە سیستەمێکی تەندروستی گونجاو و سەردەمیانە بنیاد بنێن، بەڵکو زیاتر گرنگییان بە نەخۆشخانە ئەهلییەکان داوە کە زۆرجار لە خزمەت بەرژەوەندییە تایبەتییەکاندا بوون.

ئەگەر ئەمڕۆ سەردانی نەخۆشخانە حکومییەکان بکەین، دۆخێکی نالەبار و پڕ لە کەموکوڕی دەبینین کە ڕاستەوخۆ یاری بە ژیانی مرۆڤەکانەوە دەکات. هاووڵاتی شەکەت و نەخۆش، لە جیاتی دۆزینەوەی ئارامی و چارەسەر لە ناو ڕاڕەوەکانی نەخۆشخانەکاندا تووشی سەرگەردانی دەبێت. نەبوونی پاکوخاوێنی و ژینگەیەکی تەندروست لە بەشە جیاوازەکان و تەوالێتی زۆربەی نەخۆشخانەکاندا، نەک هەر چارەسەر نییە، بەڵکو خۆی بووەتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ گواستنەوە و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و بەکتریا.

هاوکات کێشەی کەمیی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییە گشتییەکان گەیشتووەتە ئاستێک کە نەخۆش بۆ بچووکترین پێداویستی وەک (سرنج، حەبێکی ئازارشکێن، یان ئەنجامدانی پشکنینێکی سەرەتایی) ڕەوانەی دەرەوەی نەخۆشخانە دەکرێت.

بۆ ڕزگارکردنی ئەم کەرتە لە داڕووخان، پێویستە حکومەت لە جیاتی بەهەدەردانی سەروەت و سامانی گشتی بۆ بەرژەوەندی تایبەت، بەشێکی گەورەی بودجە بۆ کەرتی تەندروستی تەرخان بکات. هەروەها ئەرکێکی بەپەلەیە کە سیستەمێکی گشتگیری بیمەی تەندروستی جێبەجێ بکرێت، تا لە کاتی نەخۆشیدا ببێتە پاڵپشتێکی دارایی ڕاستەقینە بۆ هاووڵاتیان و کۆتایی بەم سەرگەردانییە بهێنرێت.

ڕەنگە سەرنجی ئەمەت نەدابێت