دڵی سەدام لە هەولێر لێدەدات!

دیار هەرکی

سەدام وەکو دکتاتۆرێکی لەبیرنەکراو لە مێژووی مرۆڤایەتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و کوردستاندا هەمیشە لە یادگەی هەموواندا دەمێنێتەوە. هەرچەندە بە ڕواڵەت وا دەردەکەوێت کە ئیتر چیڕۆکی سەدام کۆتایی هاتووە و شەیتانیش وازی هێناوە بەڵام کاتێک سەیری وێنە گەورەکە دەکەین ، سەدام بەردەوامە لە نوسینەوەی مێژووە ڕەشەکەی با گۆڕەکەشی تاریک بێت!

سەدام وەکو سەرکردەیەکی مەغرور لە کەنداودا دەستەڵاتەکانی بەکارهێنا و تەنانەت سەری کێشا بۆ داگیرکردنی وڵاتان، بەدەر لەوە هەزاران کەسی لە خەڵکی وڵاتەکەی لە ڕەگەزی کورد و مەزهەبی شیعە چەوساندەوە.

لە جیاتی ئەوەی سەرکردایەتی کورد و شیعە وانە لە سەدامەوە فێربن هەر یەکەیان بەجۆرێک بەردەوامبوون لەسەر ڕێبازی سەدام حوسێن، سەرۆکی ڕژێمی پێشووی کۆماری عێراق.

هاوڕێ دێرینەکان پشت لەیەکتر ناکەن

خزمانی سەددامی مەغرور و باوکی مەسرور لە پەیوەندیەکی قوڵی دۆستایەتی و هاوکاریدان. بە پشت بەستن بە لێدوانی خودی خزمانی سەدام حوسێن لەوانەش جەمال موستەفا، زاوای سەدام حوسێن لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی ئەل عەرەبیە بە ڕاشکاوی ئاماژەی بەوەدا کە باوکی مەسرور هاوکاری کردوە پاسپۆرتی بۆ دەربهێنرێت و لە عێراق دەرچێت. مێژووی هاوکاری کردن لەنێوان ئەم دوو بنەماڵەیە دەستەڵاتدارە ڕەگ و ڕیشەی داکوتاوە، هەر وەک چۆن لە ٣١ ی ئاب ی ١٩٩٦ بۆ گرتنەوەی جلەوی دەستەڵات دەبابەی هێزەکانی حەرەس قەومی دریفتیان لەناو پەرلەمانی کوردستان کرد و کوردە جاشەکانی زۆنی زەردیش ” زێڕە ، زێڕە سەرۆکمان زێڕە” یان دەگوتەوە.

بەپێی لێدوانێکی نوێی سەرۆکی لەکارلادراوی پەرلەمانی کوردستان، ئاماژەی بەوەکرد کە تیمێکی باڵای ئاسایشی عێراق بەسەرپەرشتی قاسم ئەعرەجی هاتوونەتە هەولێر بۆ تێگەیشتن لە هۆکاری پەیوەندی و چالاکی ئێستای حزبی بەعس لە هەولێر، بەڵام داواکاریەکەیان ڕەتکراوەتەوە و پێیان وتراوە کە ئەم بەعسیانە میوانی فەخامەتی جەنابی مەرجەعی کوردستانن.

دڵی سەدام لە هەولێر لێدەدات

وەکو کوردێک، ڕۆژنامەوانێک، کوردێک، عێراقیەک دەمەوێت تێبگەم ئەم سەدامە کەی دەمرێت؟ کەی کۆتایی بە ڕێباز و ڕەگ و ڕیشەکەی دێت؟ کەی ئەو ڕۆژە دێت پاشماوە فەرمی و نافەرمیەکانی، هاوڕێ و هاوڕێبازەکانی کۆتاییان بێت، ئیتر ئێمە ترسمان نەبێت جارێکی تر زیندەبەچاڵ بکرێین، پەرلەمانمان ئەتک بکرێت، خوشک و دایکەکانمان جەرگ سوتان بکرێن؟

ئەسپەکان بە هەمان ئاواز دەحیلێنن

بۆ منێک کە هاوڵاتیەکی کوردم جیاوازی نیە لە نێوان حیلەی ئەسپەکانی عودەی و ئارین، جیاوازی نیە لەنێوان ئەسپە عەرەبیەکانی ماڵی بارزانی و ماڵی سەدام، جیاوازی نیە لەنێوان یانە شەوانەکانی لەیالی ئەل بەغداد و لەیالی ئەربیل هەمووی هەر یەکە تەنیا ساڵەکان و چڕ و چاوەکان گۆڕاون، تەنیا زەمەن گۆڕاوە، باوکەکانمان سەریان سپی بووە و باپیرەکانمان بە ئاخ و ناڵەی خەونی ژیانێکی شەرەفمەندانە سەریان ناوەتەوە!

ڕەنگە سەرنجی ئەمەت نەدابێت