بارزانی و قەرەباڵغی !
سایکۆلۆژیای مەسعود بارزانی وایە هەرکاتێک چواردەوری قەرەباڵغ بووبێت ئەوا هەڵەیەکی ستراتیژی کردووە یان پێیکراوە!
واتە ئەو هەڵانەی بارزانی ئەیکات تەنها هی ناخی خۆی نیە بەڵکو هی ئەو جەوە پڕ لە چەپڵە و هەیەجانانەشە کە لە سیمینار و کۆبوونەوە و بۆنەکان دا بۆی سازئەکرێت و کاراکتەرێکی کاریزمایی بۆ دروست ئەکەن !
دەرەنجامە خراپەکانی ڕیفراندۆم لەسەر ژیان و ژینگە و ئابووری کوردستان جگە لە خۆمان چەندین دەیەی تر لەسەر ژیانی داهاتووی نەوەکانمان کاریگەری درێژخایەنی ئەبێت . ئەمە هەمووی بەهۆی ئەو قەرەباڵغی و بە پاڵەوانکردن و ئەو فوتێکردنە زۆرەوەبوو کە خودی بارزانی وا لێکرد بڵێ حساب بۆ ڕەئی یەک بەشەر ناکەم تا گۆزەکەی لەسەری میللەت دا شکاند !
یاریگاکانیان پڕئەکرد لەشیعاری دەوڵەت دروستکردن خۆیشی خەمساردانە لەسەرەوە سەیری ئەو خەڵکەی ئەکرد کە سەرچۆپی مەرگی خۆیان ئەگرت . سیناتۆری خانەنشینکراوی ئەمریکیان ئەکڕی و لە کەناڵەکانی خۆیانەوە نیشانی خەڵکیان ئەدا و ئەیووت ئەمریکا و زۆربەی وڵاتان لەگەڵ پشتگیری ڕیفراندۆم دان، کەچی لەکۆتاییدا دەرکەوت هەمووی فشەبوو !
ئەم کۆتا (هەڕەفشە) و پەنجە ڕاوەشاندنەی چەند ڕۆژی ڕابووردووشی جارێکیتر لەو حکومەتەی کە حیزبەکەی خۆی و هاوبەشەکەی دەیان کاربەدەستی پلە باڵای وەک (سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوە و وەزیری داد) یان تیایدا هەیە کە نمایندەی ڕوکاری سەرەکی حکومەتی عێراقی حەبیب ئەکەن ! ئەمە جگە لەهەبوونی چەندین جێگر و پەرلەمانتار و وەکیل وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی و هتد.
دیسانەوە لە یادێکی ڕێکخراو و لەناو ئاپۆرای جەماوەری حیزبەکەی و چەپڵەی ئەندامانیدا پێیکرا!
وا ئێستا هەرچەند ئەکەن بۆیان پینە ناکرێت و جارێکیتر گرێی دەستیان برد بۆ دان و سوودیان لەو هەڵە ستراتژیانەی ڕابووردوو وەرنەگرت ! دەرەنجام حکومەتی عێراق بڕیاڕی ڕاگرتنی تەواوی مووچەی هەشت مانگی داهاتووی ساڵی ٢٠٢٥ ی فەرمانبەرانی هەرێمی ڕاگەیاند تائەوکاتەی هەرێم ناچار بە جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا ئەکات سەبارەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم !
ئاخر بووە خانەخوێ هەرەشە لەخۆی بکات ؟! ئاخر لەکوێ بووە زۆربەی هەرەزۆری کاربەدەستە باڵاکانی حیزبەکەی خۆی بە خۆیشیەوە مووچە لە بەغدا وەربگرن کەچی بۆ چاوبەستکردنی خەڵک هەڕەشەی بێبنەما و قسەی ناو قەڕەباڵغی فڕێبدەیت و بڵێی قبوڵی ناکەین ؟!
بۆ ئەوەی بەرژەوەندی و داهات و داهاتووی گشتی خەڵک پارێزراوبێت ئەبێت ئیتر چواردەوری هەرزە سیاسیەکان و خەڵەفاو و ئەو کەسانە چۆڵ بکرێت کە تا ئێستا نە بۆچونیان ، نە کردەوە و قسەیان نەیپێکاوە و گۆڕانکارییان پێنەکراوە بەڵکو بەهۆی ئەوانەوە وەزعەکە زیاتر لەگرێژنە دەرچووە و ژیانی خەڵک سەخت تر بووە !
1 comment