هەڵبژاردن یان مەشغوڵاندن
ئاوات جەمال ـ ڕۆژنامەنووس و چالاکوان
ئەو دەنگدەرانەی کە پشت بە دامەزراندن یان یارمەتییەکانی پەیوەست بە حزبەکانەوە دەبەستن هاندەرێکی کەمیان هەیە بۆ دەنگدان بە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان ، بەو پێیەی مەترسی لەدەستدانی پشتیوانی ماددییان لەسەرە .
لە ئەنجامدا حیزبەکان بنکەی دەسەڵاتی خۆیان لە ڕێگەی وابەستەیی ئابوورییەوە بەرهەم دەهێننەوە نەک لێپرسینەوەی دیموکراسی ، ئەم چیرۆکی دیوە راستەکەی هەڵبژاردنە لە عێراق و هەرێمی کوردستان .
هەمان چینی سیاسی کە لە 1991 وە دەسەڵاتی لە دەستدایە حوکمی بەردەوام دەبێ بەبێ بەشداریکردن ئەم چینە هەمیشە لە هەڵبژاردندا دەیباتەوە ، ئەمان پارێزراون و لەسەروو دەنگ و خواستی خەڵکەوەن.
هەڵبژاردن تەنیا بۆ گۆڕینی ئەندامانی پەڕلەمانە ، نەك بۆ دەستاودەست کردنی ئاشتییانەی دەسەڵاتی حوکمڕانی .
لە دونیادا یەکێک لە هۆکار و ئامرازەکانی گۆڕین و دەستاودەست کردنی دەسەڵاتی سیاسی و پارتی دەسەڵات دار و حکومڕان ، هەڵبژاردنە کە هەموو چوار ساڵ جارێک دەکرێت لە هەندێک وڵاتدا پێنچ ساڵ جارێک .
بەڵام تاوەکو ئێستا ئەم پرۆسەیە نەبووە بە هۆکار و ئامڕاز بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی لە مێژینەی پارتە حکومڕانەکانی کوردستان زیاتر لە شانۆگەرییەکی گاڵتە ئامێز دەچێ ، پێش وەختە سیناریۆ و نەتیجەکەی دانراوە و ئاشکرایە .
ئەم وای کردووە هاوڵاتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە تەواوی لەوە بگەن ئەم پڕۆسەیە جگە لە مەشغوڵ کردنی خەڵک و بەخشینەوەی ئەندام پەڕلەمانی وەک دیارییەک ، لەلایەن حیزب و بنەماڵەوە بۆ کۆمەڵێک کەس و لایەن و کادیری حیزبی و سەرۆک عەشیرەت هیچی دیکە نییە !.
ئەگەر بە ووردی چاوێک بە بەربژێرەکاندا بخشێنی ئەوە بەڕوونی و ئاشکرا دیارە ، لە پەنایی ئەمەش دا کۆمەڵێک سوودمەند دەبن لە رووی ماددییەوە لەبەر ئەوەی وەک ئەپدەیتێک هەریەک لە حیزبەکان بۆ پیشاندانی هێز و جەماوەری خۆیان و عەرزکردنی لایەن گرانیان بەرامبەر یەکتر خەڵکی ناچار دەکەن بە زۆر یاخود بە پارە و هەندێک لە ژێر گوشار و هێزدا بە تایبەت ئەوانەی کە فەرمانبەری حکومەت بهێنە سەرجادە .
تاوەکو لەو رێگەیەوە بە بەرامبەرەکەیان بڵێن ئێمە بەردەم و هەمیشە لە گەشەداین و خۆشەویست و جێگەی متمانەی خەڵکین، لە کاتێکدا بە فەرمانبەر و هێزی ئەمنی کورسی کەرناڤاڵەکانیان پڕدەکەنەوە و قەرەباڵغی دەکەن .
سەرۆکی حزب لەگەڵ ئەوەی هەڵنەبژێراوە و بەشداری هەڵبژاردن ناکات هەموو دەسەڵاتێکی بەدەست دەبێ جگە لە گەمەی سیاسی هەرگیز گوێت لە سەرکردەیەك نابێ باسی خەمی خەڵك و چارەسەری کێشەیان بکات ، ئەمان خەڵك بە خزمەتکار و موریدی خۆیان دەزانن ئەمان پیرۆز و هێڵی سوورن.
لەشکری ئەلەکترۆنی و سوپای حزب میدیا و تۆڕی کۆمەڵایەتی سیخناخ دەکەن لە ستایشی سەرۆك و بنەماڵە.
ڕیفۆڕم لە ماڵەوە دەست پێ دەکات هەر چی کاتێك پارتی و یەکێتی بوون بە دوو حزبی هاوچەرخ و سەرکردەیان گۆڕی و کوڕ جێی بابی نەگرتەوە و پوور و مام و ئامۆزا و خوشکەزا نەبوون بە سەرکردە، ئەوا باوەڕ بە دەستاودەستی دەسەڵات دەهێنم !



Post Comment