بەڵێنەکانی ئەندام پەرلەمان دوای هەڵبژاردن :
دەرباز محمد حسێن
لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن کاندیدەکان چەندین بەڵێن بەخەڵك دەدەن بۆ ڕاکێشانی دەنگی خەڵك بۆخۆیان و حیزبەکەیان ، بەڵام دوای تەواوبوونی دەنگدان و دەرچونیان و بوون بە ئەندام پەڕلەمان بارودۆخەکە تەواو پێچەوانە دەبێتەوە ،
چونکە بەڵێنەکان لە دۆخی تاکەکەسی دەگۆڕێت بۆ سیاسی و حیزبی . لەم قۆناغەدا جێبەجێکردنی بەڵێنەکان ئاستەنگی گەورەی بۆ دروست دەبێت بەهۆی باروودۆخی ئابوری و سیاسیەوە ، چونکە ئەندام پەڕلەمانەکان چەندین بەڵێنیانداوە وەک: ( دانانی یاسای نوێ و هەموارکردنەوەی دەستوور و کردنەوەی ڕێگاو بان و دابینکردنی خزمەتگوزاری ) ، بەڵام زۆرینەی بەڵێنەکان جێبەجێناکرێن ، چونکە ئەندام پەڕلەمان ڕۆڵی چاودێری یاسادانانی هەیە نەك خەرجکردنی بودجە .
هەروەها داڕشتی یاسا پێویستی بەزۆرینەی دەنگ هەیە پەڕلەمانتار ناتوانێت بەتەنها هیچ پڕۆژە یاسایەك تێپەڕێنێت ، بەڵکو دەبێت ڕەزامەندی چەندین پەرلەمانتاری تر بەدەست بهێنێت.
لەو بارودۆخەدا دەزگاکانی ڕاگەیاندن و چالاکوانەکان کاریگەری تەواو یان هەیە لە بیرخستنەوەی بەڵێنەکانی ئەندام پەڕلەمانەکان کە بەدەنگدەرەکانیان دابوو . ئەندام پەرلەمانەکان بۆ پاساو هێنانەوەی بەڵێنەکانیان ڕاستەوخۆ حکمومەتی مەرکەز تاوانبار دەکەن بە پێشێلکردنی دەستوورو نەناردنی بەشەبووجە ، کەبۆتە ڕێگر لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیان کە بە خەڵکیان دابوو .
دەنگدەر دەبێت چیبکات لەم دۆخەدا ؟
دەنگدەرەکان دەتوانن بەکۆمەڵ یان بەتاك یاداشتێك پێشکەشی سەرۆکایەتی پەڕلەمان بکەن یان پێشکەشی سەرۆکی فڕاکسیۆنی حیزبەکە بکەن ، چونکە سەرۆك فڕاکسیۆن ڕاستەوخۆ چاودێری پەڕلەمانتارەکان دەکات ، یان لێسەندنەوەی متمانە لە ئەندام پەڕلەمانەکە هەرچەندە ئەوە کارێکی ئەستەمە لە عێڕاق و هەرێمی کوردستان .
بۆیە باشترین بژاردە ئەوەیە دەنگدەران سزای ئەو ئەندام پەڕلەمانانە بدەن و جارێکیتر متمانەی خۆیانیان پێنەبەخشن ..



Post Comment