پڕۆژەی ڕووناکی یا ماڵوێرانی!!
ئاکام عبداللە
لە دوای جێبەجێ کردنی پڕۆژەی ڕووناکی کە کارەبای بیست و چوار کاتژمێری لە خۆ دەگرێت هاوڵاتیان دووچاری پێدانی بڕێکی زۆری پارە بوونەتەوە لە بەرامبەر ئەو پڕۆژەیەدا.
پڕۆژەی ڕووناکی کە لەلایەن پارتە سیاسیەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت و هەر خۆیان خاوەندارێتی دەکەن لە ڕێگەی ئەو پڕۆژەیەوە بڕی خەرجکردنی کارەبایان بۆ دوو هێندە و سێ هێندە بەرز کردۆتەوە بەرامبەر بە هاوڵاتیان ئەمە لە کاتێکدایە کە خەڵکی کوردستان لە بارودۆخێکی نالەباری ئابووریدا دەژین.
پێنەدانی مووچە بۆ چەندین مانگ و نەبوونی داهاتێکی جێگیر وای لە خێزانەکان کردووە کە تووشی ئاستەنگی زۆر ببنەوە لە ژیانی ڕۆژانەیاندا پڕۆژەی ڕووناکیش ئەوەندەی تر باری سەر شانی هاوڵاتیانی قورس کردووە بەجۆرێک خێزان هەیە مانگانە بڕی ۳٥٠٠٠٠ دیناری عێراقی بۆ دەنووسرێت.
ئەمەش یەکێکی ترە لەو گەندەڵی و چاوچنۆکیەی کە حکومەتی کوردی دەیکات بەرامبەر بە هاوڵاتیان بۆ زیاتر پڕ کردنی گیرفانی خۆیان و دەوڵەمەند کردنی ئەو کۆمپانیایانەی کە خۆیان خاوەنداری دەکەن.
ئەم ئەزموونە خراپە پارتی دیموکراتی کوردستان و خودی بنەماڵەی بارزانی لێی بەرپرسیارن کە هیچ بەهایەک بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دانانێن و بەردەوامن لە چەوسانەوەیان.



Post Comment