پرسیار و سەرنجێ!
محمد ئیبراهیم
باشە بەجدی پاش ٣٤ساڵ حکومڕانی ڕەهای پارتی و یەکێتی ، ئایا ئێمە لە قۆناغی گواستنەوە(ئینتقالی)ن کە بەهۆی بارودۆخێکی لەناکاوی سیاسیەوە وا ئەمانە داوای دامەزراندنی (ئەنجوومەنێکی سیاسی) دەکەن بەسەرپەرشتی مسعود بارزانی؟! یان هەر بۆ ئەوەیانە دادگا و پەڕڵەمان و دامەزراوە یاسایەکان زیاتر و زیاتر شەق و شڕتر بکەن بۆ ئەوەی بڕیاری سیاسی لە باشووری کوردستان بەتەواوی قۆڕخبکەن
جا دەسەڵاتی دیکتاتۆر هەمیشە بە دروستکردنی قەیران و دوژمنی وەهمی درێژە بە حکومڕانی دەدات ، لەناو زەلکاوە گەرای خۆی دادەنێ ، لە دابینکردنی ژینگەیەکی ئابووری و کۆمەڵایەتی تەندروست بۆ تاکەکان ناتوانێ گەشە بکات چونکە ئەو کات تاکەکان سەرگەرمی ژیانی خۆیانن ، خواست و خولیا و سەقفی داواکاریان بەرزە ، هۆشیار بوونەتەوە بە خزمەت گوزاری و پێداویستیەکانی ژیان بۆییە ئەم دۆخە بە مەترسی دەزانێ و ناتوانێ سایکۆژیای جەماوەر ڕام بکات ، بۆییە تا پێی بکرێ هەوڵی قورسکردنی ژیان دەدات تا سێتینگی کۆمەڵگا تێکبدات و هیچ ئەبدەیتێک نەتوانێ ستۆریەکانی خاوێن بکاتەوە(ببوورن لەبەکارهێنانی هەندێک ووشەی ئینگلیزی ڕاستی نەمزانی چۆن گوزارشتی لێبکەم
جا لێرە کۆمەڵگا ئەرکی گەورەی لەسەر شانە پێویستە بیر لەبەشداری سیاسی بکاتەوە ، هەمووی ببێتە سیاسیەک بۆخۆی ، پرسیار و گومان بکات کە ئەم قەیرانانە گرێدراوی ئەم گێژاوە سیاسیانەییە کە ئەم دوو بنەماڵە دروستیان کردووە ، بەئاگا بێینەوە سنورێک بۆ غرووری سیاسی ئەم دوو بنەماڵە دانەنرێ ڕۆژ بەڕۆژ قەیرانە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیەکان زیاتر دەبێ
پێویستە لە بەرامبەر بێ دەنگی و بێ هەڵوێستیمان دەرحەق بە پرس و قەیران و بێ بایەخکردنی زیاتری دامەزراوەکان هەست بەتاوان بکەین بۆ ئەوەی ببین بە بەشێک لە چارەسەر و خۆمان وەک کۆمەڵگایەکی هۆشیار نیشان بدەین بەرامبەر بە بێباکی سیاسیان
ڕەوەندی کوردی لەم ژینگە ئازادەی دەرەوە زیاتر ئەم ئەرکەی لەسەر شانە ، ڕژدتر و سورتربێ کە ئێمە ئەوەندەی پێویستیمان بە کاراکردنەوەی پەڕڵەمان و دامەزراوکان هەییە ئەوەندە پێویستیمان بە ئەنجوومەنێکی سیاسی بنەماڵەی نیە



Post Comment