کاتێک حکومەت لەبری چاکسازی، دەنگی ڕاستگۆیان کپ دەکات؛ فەرمانبەرێک لە سێبەری هەڕەشەی سزادایە

سەرکۆ سلێمان حسێن

لەبری ئەوەی حکومەت و دامەزراوەکانی، گوێبیستی هاواری خەڵک بن و وەڵامی ناڕەزایەتییەکان بدەنەوە، جارێکی تر پەنا بۆ چەکێکی کۆن دەبەنەوە کە ئەویش “سزادان و بێدەنگکردنی” ئەو دەنگانەیە کە پەردە لەسەر نادادپەروەرییەکان لادەبەن.

لە نوێترین هەنگاوی دەسەڵاتی کارگێڕیدا، فەرمانبەرێکی فەرمانگەی کارەبای ڕانیە بەهۆی لێدوانێکی بوێرانە و گەیاندنی دەنگی هاووڵاتیان، ڕووبەڕووی لێژنەی لێکۆڵینەوە و فشاری یاسایی بووەتەوە.

چیرۆکەکە لەوەوە دەست پێ دەکات کە کارمەندێکی فەرمانگەی کارەبای ڕانیە لە ئیدارەی ڕاپەڕین، لە کاتی ڕووماڵێکی میدیاییدا سەبارەت بە تێچووی خەیاڵیی پڕۆژەی (ڕووناکی) و ئەو بارگرانییە داراییە گەورەیەی خراوەتە سەر شانی هاووڵاتیان، بێدەنگی شکاند.

ئەو فەرمانبەرە کە خۆی لە ناو جەرگەی کێشەکەدایە، ڕاشکاوانە ئەو بڕە پارە زۆرەی بۆ خەڵک دەگەڕێتەوە بە “دزی و نادادپەروەری” وەسف کرد.

ئەم لێدوانە تەنها گوزارشت بوو لە ئێش و ئازاری هاووڵاتیانی ئەو دەڤەرە کە لە ژێر باری گرانیی باج و تێچووی کارەبادا دەناڵێنن.

وەڵامی حکومەت: لێژنەی لێکۆڵینەوە لەبری چاکسازی

حکومەت لەبری ئەوەی لێژنەیەک بۆ پێداچوونەوە بە نرخەکان و شەفافیەت لە پڕۆژەی ڕووناکیدا پێکبهێنێت، دەستبەجێ بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای ڕاپەڕینی ڕاسپارد بۆ پێکهێنانی لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە بە ئامادەبوونی نوێنەری داواکاری گشتی.

 ئەم هەنگاوە لە دیدی چاودێراندا وەک پەیامێکی ترسێنەر دەبینرێت بۆ هەر فەرمانبەر و هاووڵاتییەک کە بیەوێت ڕەخنە لە سیستەمی بەڕێوەبردن بگرێت.

حکومەت لێرەدا دەیسەلمێنێت کە پاراستنی بەرژەوەندیی کۆمپانیاکان و پڕۆژە گوماناوییەکان، لە لای ئەو گرنگترە لە دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵک.

ئەوەی ئە فەرمانبەرە وتویەتی  ئەو وتوویەتی، تەنها گواستنەوەی ڕاستییەکان بووە و ئەرکی ئەخلاقیی هەر مرۆڤێکی خاوەن ویژدانە کە لە ئاست نادادپەروەریدا بێدەنگ نەبێت.

ئەم ڕووداوە نیشاندەری قەیرانێکی قووڵە لە عەقڵیەتی بەڕێوەبردنی وڵاتدا، کاتێک دەسەڵات لە جیاتی وەڵامدانەوەی لۆژیکی بۆ گومانەکانی گەندەڵی، پەنا بۆ سزادانی فەرمانبەرانی خۆی دەبات، ئەوە نیشانەی لاوازییە نەک بەهێزی.

لێپێچینەوە لە فەرمانبەرێک لەسەر وتنی ڕاستییەکان، لێدانە لە بنەماکانی دیموکراسی و بێدەنگکردنی ویژدانی کۆمەڵگە، ئەمەش ئەنجامی سیستەمی حکوومڕانی کاتێک لە ژێر دەسەڵاتی هەردوو حیزبی یەکێتی و پارتیدایە.

بەکالۆریۆس لە زمانی ئینگلیزی، نوسەر و گرافیک دیزاینەر لە میدیای سەرنج پرێس.