هەرێمی کوردستان لە نێوان هیوا و ڕاستی

دانا صباح قادر

هەرێمی کوردستان لە مێژووی نوێی خۆیدا وەک سەرکەوتنێکی گەورەی نەتەوەیی ناسراوە؛ ئەزموونی حوکمرانی خۆبەڕێوەبردن، پارلەمان، حکومەت و دامەزراندنی دامەزراوەکان بەڵگەی ئەوە بوون کە خەونەکان دەتوانن بگۆڕدرێن بۆ ڕاستی. بەڵام ئەم ڕاستییە، لە هەمان کاتدا، پڕە لە گرفتی قووڵ و بەسەریەکدا کەڵەکەبوو کە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر ئەبێت و خەریکە ئەبێت هۆکارێک بۆ لەدەستدانی هەموو دەستکەوتەکانی کە لەپێشتردا بەدەست هاتوون.

یەکەم گرفتی سەرەکی، سیستەمی سیاسییە کە زۆرجار لەسەر بنەمای پەیوەندی و هاوپەیمانییەکان ڕێکخراوە، نەک لەسەر بنەمای کارامەیی و یاسا. ئەمە وایکردووە هەموو  دەسەڵاتەکان لە دەوری چەند دەستێکی دیاریکراودا بخولێتەوە و هاووڵاتیی ئاسایی هەست بە دووری لە بڕیارسازی بکات. دیموکراسی تەنیا بە هەڵبژاردن و ناوەند نییە بەڵکو پێویستی بە چاودێری، دادپەروەری و ڕوونی هەیە.

لە بوارە ئابوورییەکاندا، گرنگترین پرسیار ئەوەیە: بۆچی هەرێم کە خاڵی دەوڵەمەندی سروشتییەکانە، هێشتا بە ڕووبەڕووی قەیرانە دارایییەکان دەبێتەوە؟ پاشەکشەی مووچە، کەمبوونی هەلی کار بۆ گەنجان، و هەستی نادڵنیایی ئابووری، کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆیان لەسەر کۆمەڵگە هەیە. گەندەڵی و کەمبوونی ڕوونی لە بەڕێوەبردنی سامانی گشتی، لەوانەیە لە سەرچاوەکانی ئەم قەیرانە بن.

لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، کۆچکردنی گەنجان بۆ دەرەوە هەشدارییەکی گەورەیە. کاتێک نەوەی نوێ بڕوا بە داهاتووی خۆی لە ناوچەکەدا ناکات، ئەوا پێویستە دەسەڵات بە جددی لە خۆی بپرسێت: چی هەڵەیە؟ هەرێم پێویستی بە سیاسەتێکی نوێی گەشەپێدان و هەلی کار هەیە کە گەنجان هەست بە بەشداربوون بکەن، نەک تەنیا چاودێر.

لە هەمان کاتدا، نەبوونی ئازادی ڕادەربڕین و کۆنتڕۆڵکردنی دادگاکان لەلایەن حیزب و بەرپرسە سیاسیەکانەوەو سەروەر نەبوونی یاسا  هۆکارێکیتری نەهامەتیەکانی هەرێمی کوردستانن 

ئەگەر هەرێمی کوردستان بیەوێت  بگاتە ئاستێکی بەرزتر، پێویستە:

 • یاسا سەرەوەی هەمووان بێت.

 • دامەزراوەکان سەربەخۆ و بەهێز بن.

 • ڕوونی و بەرپرسیارێتی لە هەموو بوارەکاندا بەرز بکرێتەوە.

 • گەنجان و پسپۆڕان بە شێوەیەکی ڕاستەقینە بەشداری پێبکرێن بەبێ جیاوازی چینایەتی و ئاینی و حیزبی و سیاسی 

•سەربەخۆ بوونی دادگاکان 

•بەگژاچوونەوەی گەندەڵی و سزادان و دوورخستنەوەی ئەو کەسانەی ئەبنە هۆکاری گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی بۆ بەرژەوەندی شەخسی و لایەنە سیاسی و حیزبیەکان

پێویستە ڕەخنەکان وەک دڵسۆزی بۆ باشترکردن و بەرەو پێشبردنی نیشتیمان وەربگیرێن، ئەگەر لە نێوچوونی و دڵسۆزییەوە بێت، هەوڵێکە بۆ چاکسازی، نەک بۆ تێکشکاندن. لە ئێستاداهەرێمی کوردستان خەریکە بەتەواوی هەموو هیوایەک لەدەست ئەدات  هیوا تەنیا بە قسە ناپارێزرێت و دروست ناکرێت بەڵکو پێویستی بە کردار و گۆڕانکاریی ڕاستەقینە هەیە و جووت حیزبی دەسەڵات دەمێکە ئەو هیوایەیان لەچاوو ناخی هاوڵاتیان کوشتووەو لەناخی هاوڵاتیاندا هیچ هیواو ئومێدێک بۆ باشبوونی دۆخی هەرێمی کوردستان نەماوەو ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دامەزراوە حکومیەکان زیاتر ئەکەونە ژێر ڕکێف و کۆنتڕۆڵی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدارو خۆیان چۆنیان بووێت ئاوا لەبەرژەوەندی حیزبەکانی خۆیان مامەڵە بەدەزگاو دامەزراوە حکومیەکانەوە ئەکەن و ماوەی زیاتر لە ساڵێک و چوار مانگە هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان کراوە بەڵام تائێستا حکومەت پێک نەهێنراوەو پەرلەمان داخراوە

بەکالۆریۆس لە زمانی ئینگلیزی، نوسەر و گرافیک دیزاینەر لە میدیای سەرنج پرێس.