دەسەڵاتی جێنشین یان دەسەڵاتی هەرێم؟!
ڕاژان ئەحمەد ـ بەڕێوەبەری وێبسایتی سەرنج پرێس
زۆرکات دەبینین لە بۆنە و ڕێوەڕەسمی حکومیدا کوڕ و نەوەی بەرپرسان لەگەڵ کەسە نزیکەکانیان دەردەکەون و وەکو یاوەری شاندی باڵا دەردەکەون ئەم دیاردەیە لە هەردوو زۆنی زەرد و سەوز بەدی دەکرێت.
لەم چەند ڕۆژەدا لە ئەبو زەبی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کوڕەکەی لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی دەرکەوت کە ئەمەش ئاماژەیەکی خراپە و پێمان دەڵێت ئەمانە لە بنچینەوە خەریکی دروست کردن و پێگەیاندنی کوڕ و نەوەکانیانن بۆ دەسەڵاتی جێنشین کە دوای خۆیان دەسەڵات و هێز بگرنە دەستیان.
هەرچی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمیشە زۆرجار لە ووڵاتان و ناوخۆی کوردستان لە بۆنە تایبەت و حکومیەکاندا لەگەڵ ئارینی کوڕی دەردەکەوێت وەکو ئاماژەیەک بۆ ئاڵوگۆڕ کردن و پێناساندنی کوڕەکەی بۆ گرتنە دەستی دەسەڵاتی جێنشینی باوکی و بنەماڵەی بارزانی.
ئەم دیاردە قێزەونە لە زۆنی سەزیش لەلایەن جلال تاڵەبانی و زۆرێک لە بەرپرسە باڵاکانی ناو یەکێتی دەردەکەوێت لە کاتێکدا لە زۆربەی کۆبوونەوە و شوێنە هەستیارەکاندا چاومان بە بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی کەوتووە کە لە دوای باوکیان دەسەڵاتی جێنشینیان بۆ ماوەتەوە،ئەم پلانە زۆربەی هەرە زۆری بەرپرسە حیزبی و حکومیەکانی گرتۆتەوە و لە کێبڕکێدان کێ دەسەڵاتی جێنشینی بۆ دەمێنێتەوە دوای خۆیان.
کوڕەکەی مەسرور بارزانی بە نزیک بوونەوەی لە سەرکردەی ووڵاتە عەرەبیەکانی دراوسێ و تەواو کردنی کۆلێژی سەربازی لە بەریتانیا و دروست کردنی ڕێکخراوی خێرخوازی و میوانداری کردنی خەڵکی بەناوبانگی بیانی و یارمەتیدانی خەڵکی حیزبی بە پارەی میللەت هەوڵ دەدات لەناو خەڵکدا خۆی بەناوبانگ بکات و دوای مەسروری باوکی دەسەڵاتی جێنشینی وەربگرێت،هەرچی کوڕەکەی نێچیرڤان بارزانیشە بە دروستکردنی زانکۆ و دامەزراندنی ڕێکخراوی ڕوانگە و چەندین شتی تر کە هەمووی بە پارەی میللەت کراوە وای پێشان دەدات کە دەبێتە جێگرەوەیەکی باشی باوکی لە داهاتوویەکی نزیکدا.
ئەمە دۆخێکی مەترسیدارە کە هەرێمی کوردستان دووچاری بۆتەوە لە سایەی ئەو دوو بنەماڵە دەسەڵاتدارەوە کە پێمان دەڵێت ئیتر هەڵبژاردن و پڕۆسەی سیاسی هیچ گرنگیەکی نەماوە و خۆیان بە پڕۆژەیەکی تۆکمە و پلان داڕێژراو کوڕ و نەوەکانیان ئامادە کردووە بۆ دەست بەسەرداگرتنی دەسەڵات لە دوای خۆیان کە ئەمەش حکومداری پێ ناوترێت بەڵکو دەچێتە قاڵبی خاوەندارێتی.
دەبێت هەموومان ئەو ڕاستیە تاڵە بزانین کە سەرکردایەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان لەلایەن خەڵکەوە هەڵنابژێردرێ و دیاری ناکرێ بەڵکو لەلایەن ئەوانەوە یەکلایی دەکرێتەوە بۆیە هەرێمی کوردستان بەرەو دەسەڵاتی جێنشین هەنگاو دەنێت و بەرەو هەڵدێر دەڕوات.



Post Comment