“کاردانەوەی حکومەت بەرامبەر خۆپیشاندان و مافەکانی هاوڵاتی”

دەرباز محمد حسێن

لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە، عێڕاق وەك یەکێك لە  وڵاتانی ناوچەکە زۆرترین زۆرترین جوڵەی شەقامی بەخۆیەوە بینیوە. لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠١١وە تا دەگاتە “ڕاپەڕینی تشرین” لە ساڵی ٢٠١٩ و دواتریش، کاردانەوەی حکومەتە یەك لە دوای یەکەکانی عێراق بەرامبەر مافەکان و ناڕەزایەتییەکان، جێگەی مشتومڕی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و  ڕێکخراوەکانی مافی مروۆڤ بووە .

حکومەتە یەك لەدوای یەکەکانی عێڕاق بۆ سەرکوتکردن و کۆنتڕۆڵکردنی ناڕەزایەتییەکان ستراتیژی جۆراو جۆری بەکارهێناوە .  بەڵێندان بەدرۆ وەك (دامەزراندن و دابەشکردنی زەوی) کە زۆربەیان لە دوای هێوربوونەوەی شەقام جێبەجێ ناکرێن .بەکارهێنانی میدیای فەڕمی و حیزبی بۆناساندنی خۆپیشاندەران وەك ئاژاوەگێڕو  سیخوڕی بیانی بەمەبەستی لەدەستدانی پشتگیری جەماوەری .

بەکارهێنانی گازی فرمێسك ڕێژ بەشێوەیەکی ناتەندروست و بەکارهێنانی چەك لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کە زۆر جار کوشتن و بریندار بوونی لێکەوتۆتەوە وەك ئەوەی لە تشرینی ساڵی ٢٠١٩ دا ڕوویدا .

بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتوەکان و ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی هاوڵاتیان و چالاکوانانی مەدەنی و ڕۆژنامەنوسان لەکاتی داواکردنی مافەکانیان ڕوبەڕوی ڕفاندن و تیرۆرکردن دەبنەوە لەلایەن گڕوپە چەکدارە نەناسراوەکانەوە . بڕینی ئینتەرنێت و سۆشیال میدیا بۆ ڕێگری لەگواستنەوەی وێنەی ڕووداوەکان . بکوژانی خۆپیشاندەران زۆرجار بەهۆی دەستێوەردانی  سیاسییەوە دادگایی ناکرێن و لەسزا ڕزگاریان دەبێت.

یەکێك لە کێشە گەورەکانی  عێڕاق ئەوەیە هێزە ئەمنییەکان لەژێر فەرمانی یەك فەرماندەی یەکگرتوودا نین. 

بونی هێزی جۆراو جۆری وەك (پۆلیس. سوپا. دژەتیرۆر. حەشدی شەعبی) وای کردووە کە کاردانەوەکان بەرامبەر هاوڵاتیان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر جیاواز بێت و لێپرسینەوەش لە بەرپرسانی توندوتیژی ئەستەم بێت.

لەماددەی ٣٨ لە دەستووری عێڕاق دا دەڵێت دەبێت مافی ئازادی خۆپیشاندەر پارێزراوبێت. بەڵام من دەپرسم چۆن دەستوور پارێزگاریم لێ دەکات، کاتێک بۆ داواکردنی کارەبا و ئاوو مافە سەرەتاییەکانم  ڕووبەڕووی گوللەی هێزە ئەمنییەکان دەبمەوە؟ کاردانەوەی حکومەتی عێڕاق بەرامبەر خۆپیشاندەران لە دەوڵەتێکی دامەزراوەیی ناچێت بەڵکو بەرگری کردنە لەمانەوەی خۆی لەدەسەڵات  . تائەوکاتەی حکومەت وەك خزمەتگوزار سەیری خۆی نەکات و لەجیاتی چەك یاسا بۆ گفتوگۆ بەکارنەهێنێت کێشەکانی نێوان هاوڵاتی و دەسەڵات فراوانتر دەبێت .

ڕەنگە سەرنجی ئەمەت نەدابێت