پشتپەردەی قەیرانی بەنزین؛ نەوتی خاو بۆ پاڵاوگە تایبەتەکان دەڕوات
وا بۆ مانگێک دەچێت قەیرانی بەنزین لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە و بارگرانییەکی زۆری لەسەر شۆفێران و هاوڵاتییان دروستکردووە. هاوڵاتییان و چاودێران پێیان وایە کە حکومەتی ماوەبەسەرچوو خۆی هۆکاری دروستکردنی ئەم قەیرانەیە، بەو پێیەی ئەو ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتەی وەریدەگرێت، بۆ پێداویستی ناوخۆ بەکاری ناهێنێت و دەیداتە پاڵاوگەکانی کار و لاناز.
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو هەفتە بەسەر قەیرانی بەنزین و گرانبوونی نرخەکەی، دواجار وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی ماوەبەسەرچوو رایگەیاند کە رێگە بە هاوردەکردنی بەنزین دەدەن، ئەمەش لای هاوڵاتییان وەک بەڵگەیەک دەبینرێت کە حکومەت خۆی قەیرانەکەی دروستکردووە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوە کردووە، بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەمیی بەنزین و كۆنترۆڵكردنی نرخەكەی، کەمال محمد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، لە نووسراوێکدا بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش، ڕێگەی بە هاوردەکردنی بەنزین داوە. لە نووسراوەکەدا جەخت کراوەتەوە کە پێویستە لە بازگەکان هەموو کاتێک و بە بەردەوامی ئاسانکاریی بۆ بازرگانان بکرێت، بۆ ئەوەی بتوانن بەنزین بە پێی کوالێتی سامانە سروشتییەكان بۆ ناو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان هاوردە بکەن و خواستی بازاڕ وەک پێویست دابین بکرێت.
ئەوەش لە لەکاتێکدایە، حکومەتی ماوەبەسەرچوو رۆژانە ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاو بەناوی پێداویستی ناوخۆوە گلدەداتەوە کە دەتوانرێت پێداویستی بەنزین و نەوتی سپی و بەرهەمەکانی دیکەی بە نرخی پاڵپیشتیکراو بۆ تەواوی هەرێم پێی دابینبکرێت، بەڵام بەشی هەرەزۆری دەدات بە پاڵاوگەکانی کار و لاناز و ئەوانیش تەنها برێکی کەمی دەدەن بە هاوڵاتیان ئەوەش بە دوو هێندەی نرخی عێراق، بەوەش قەیرانی سوتەمەنی لە هەرێم بەردەوامە.



Post Comment