یەکێتی و پارتی دوو حیزبی ناشیرینی لەیەک چوو…
ڕێباز عوسمان
گەر یەکێتی و پارتی وەک دوو دەستە بژێری سیاسی سەیر بکەین، هەردووکیان خاوەنی مێژوویەکی دوورودرێژن. جا مێژووی کامیان دێرینترە، یان مێژووی کامیان پرشنگدارترە، ئەوە با بۆ خۆیان بێت. لەبەر ئەوەی ئەوە بوون بەمێژوو بۆ تاکێکی برسی و بێکار ئەمانە گرنگ نین، ئەوەی گرنگە ئێستا زۆر لەیەک دەچن. پرسیارێک دروست دەبێت:
ئەگەر بەڕاستی لەیەک دەچن، ئەی بۆچی لەگەڵ یەکتر هەڵناکەن؟
تەجروبە سەلماندوویەتی هەموو ئەو هاوسەرانەی سروشت و بیرکردنەوەیان وەک یەکە، گونجاندنیان لەگەڵ یەکتر باش نییە؛ زیاتر ئەوانە لەگەڵ یەکتر دەگونجێن کە وەک یەک بیر ناکەنەوە. یەکێتی و پارتی تەواو لەیەک دەچن، بۆیە ناتوانن لەنێوان خۆیاندا گونجاندن دروست بکەن. ئەوەی جیایان دەکاتەوە لەیەکتر تەنیا ڕەنگ و باگراوندی سیاسیانە یان ئینتمای سیاسیانە بۆ دەوڵەتێکی ناوچەیی. ئەمیان بۆ ناو مەنجەڵی شیعە گونجاوە، ئەویش تورکییەکەی باشە بۆ ناو مەنجەڵی تورکیا.
زۆرجار بیر دەکەمەوە بۆ ئەوەی جیاوازی بدۆزمەوە لەنێوان ئەم دوو هێزەدا، کەچی ناتوانم بڕوا بەخۆم بهێنم کە ئەم دوانە جیاوازن. وەک وتم، تەنیا پاڵپشتییان جیاوازە، دەنا لە فۆڕمیشدا دەگەڕێنەوە سەر یەک ڕەگەزی سیاسی.
ئەگەر نەخشەی گەندەڵییان وەربگرین، بەهێندەی یەکتر تاڵانیان کردووە، بەهەدەردانیان هەیە، زەوییان داگیر کردووە، سروشت و شوناسی شارەکانیان شێواندووە. ئەگەر نەخشەی سیاسییان وەربگرین، وەک یەک کار بۆ ئەجێندای دەرەوە دەکەن، وەک یەک بەشداری حکوومڕانین، وەک یەک لە ناوچەی فەرمانڕەوایی خۆیاندا دەسەڵاتیان هەیە. ئەگەر نەخشەی جەنگەکانیان وەربگرین، هەردوولا دەستیان سوورە بە شەڕی ناوخۆ، چ لە ڕابردوودا و چ لە ئێستادا. ئەگەر لاپەڕەی مێژوویان هەڵبدەینەوە، هەردووکیان هێزی بێگانەیان هێناوەتە سەر ئەم خاک و نیشتیمانە. لەمەدا ناشیرینیان زۆرە، بەڵام قەینا باجێی بهێڵین بۆ مێژوو.
زۆر سەختە تۆ بڕوا بەوە بهێنیت کە یەکێتی و پارتی جیاوازن. خۆی جیاواز بن یان لەیەک بچن گرنگ نییە، بەڵام دەمانەوێت تیشک بخەینە سەر ئەو لێکچوونەی ناشیرینی بەرهەم هێناوە: گەندەڵی سیاسی و ئیداری بەرهەم هێناوە، گەندەڵی ژینگەیی و مرۆیی بەرهەم هێناوە. دەنا ئاسایی بوو ئەگەر تەنیا لێکچوونێکی سیاسی بووایە، وەک وڵاتانی ئەسکەندەناڤیا کە چ وەک مرۆڤ، چ وەک خاک، چ وەک ئاوهەوا، چ وەک سیستمی حکوومڕانی زۆر لەیەک دەچن، کەچی جوانترین مۆدێلن بۆ هەموو دنیا، نەک تەنیا بۆ ئەوروپا؛ یان کۆریای باشوور و ژاپۆن، کە دوو وڵاتی زۆر جوان و لێکچوون. کەواتە گرفتەکە لێکچوونە لە خراپیدایە، نەک لە شتێکدا کە باشە بۆ خەڵک و گەلەکەت.
هەندێجار لێک نەچوونیش هەر خراپە؛ بۆ نموونە کۆریای باکوور، بۆ ئەوەی لە کۆریای باشوور نەچێت، چەندە خراپ و ستەمکارە.
کەواتە لە مەسەلەی یەکێتی و پارتیدا، لێکچوون و نەچوونیش گرنگ نییە.
ئەوان لەیەک بچن هەر ناشیرینن، لەیەکیش نەچن هەر ناشیرینن.
بەڵێ، دەسەڵاتێک دزی لە خەڵکی خۆی بکات ناشیرینە.
دەسەڵاتێک چاوی بە پارک و شاخی نیشتیمانی خۆی نەسووتێ و وەک چەتە داگیریان بکات و بیانکاتە بانکێک بۆ پەیداکردنی پارە، ناشیرینە.
دەسەڵاتێک دڵی بە تەندروستی ڕۆڵەکانی نەسووتێ و دووگی بەسەرچویان بداتێ، دەرمانی بەسەرچوو خواردنی خراپیان بداتێ، ناشیرینە.
دەسەڵاتێک ئازادی کارکردن و ئازادی ڕادەربڕین خنکاندبێت، ناشیرینە.
دەسەڵاتێک ڕۆڵەی خۆی بکوژێت، ناشیرینە. دەسەڵاتێک هەوڵی بەرزکردنەوەی مەعریفەی ڕۆڵەکانی نەدابێت، ناشیرینە.
دەسەڵاتێک لەسەر بنەمای حیزبی کار بەسەر ڕۆڵەکانی خۆیدا دابەش بکات و بڕەخسێنێت، ناشیرینە.
دەسەڵاتێک تەماع بکاتە سەر گیرفان و ڕزق و ژیانی خەڵکی خۆی، ناشیرینە.
لە هەموو ئەم ناشیرینیانەو دەیان ناشیرینتر، یەکێتی و پارتی لەیەک دەچن. ئیتر جیاوازی ئەم دوو حیزبە لەچیدایە، ئەگەر بۆ خەڵکی خۆیان وەک یەک خراپ بن؟



Post Comment