لە مەڵبەندی گەشتیاری و ڕۆشنبیرییەوە بۆ وێرانەی گەندەڵی،
علی هێمن جێژنە
لە ساڵانی پێش جەنگە وێرانکەرەکان و بەتایبەت سەدەیەک پێش ئێستا، عێراق یەکێک بوو لە دەوڵەمەندترین و گەشەسەندووترین وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەهۆی هەبوونی شوێنەوارە دێرینەکانی وەک بابل، ئور، و مۆزەخانەی بەغدا، سەدان هەزار گەشتیاری ئەورووپی و عەرەب بۆ پشوو و سەردان روویان تێدەکرد. سیستمێکی پەروەردەیی و تەندروستی بەرزیشی هەبوو کە لەسەر ئاستی ناوچەکە پێشەنگ بوو.
دوای ساڵی ٢٠٠٣، لەبری ئەوەی عێراق ببووژێنرێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی زێڕینی خۆی، گەندەڵی سیاسی و سیستمی پشکپشکێنە وڵاتەکەی تووشی وێرانکارییەکی بێوێنە کرد.
داڕمانی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان:
وڵاتێک کە خاوەنی دوو ڕووباری گەورەیە (دیجلە و فورات) و ملیۆنان بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، ئێستا بەدەست کەمی کارەبا و ئاوی خاوێنەوە دەناڵێنێت.
لەدەستدانی گەشتوگوزار:
شوێنەوارە دێرینەکان و سروشتی وڵات بەهۆی پشتگوێخستن و نەبوونی ئاسایشەوە سەرنجی گەشتیارانی نێودەوڵەتییان لەدەستداوە.
دوای هاتنی جەتەکانی کورد و عەرەب و تاڵانکردنی سەروەت و سامان، سەدان ملیار دۆلار لە داهاتی نەوت لەلایەن کۆمپانیا وەهمییەکان و دەسەڵاتدارانەوە بەهەدەر دراوە.
جگە لەوەش، سیاسەتی پارتی و یەکێتی لە هەرێمی کوردستان، کە دەست بەسەر سامان و داهاتی هەرێمدا دەگرن، دۆخی شارە کوردییەکانی بەرەو داڕمانی زیاتر برد وەک لەوەی لە تەواوی ناوچەکانی عێراقدا ڕووی دا. کوردستان زیاتر لەوان گەندەڵکارانی لەخۆ گرت و ڕۆژ بە ڕۆژ گوزەرانی خەڵک خراپتر بوو بەدەست نەبوونی ئاوی پاک، کارەبا، کار، مووچە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان. تا ئێستاش خەڵک دەناڵێنن بەدەست خراپەکارییەکانی جەتەکانی پارتی و یەکێتی، تا کار گەیشتە ئەوەی خەڵکێکی زۆر روو لە ئەورووپا بکەن بۆ ژیانکردن.
زڵم و ستەم و بێکاری وای کرد گەنجان لە عێراق و هەرێمی کوردستان روو لە ئەورووپا بکەن و ئاوارە ببن؛ دەربچن لەو خاکەی کە دەسەڵاتێکی مافیاگەری تێیدا بوونی هەیە لەبری دەسەڵاتێکی نیشتمانپەروەر، کە مرۆڤیان کردووە بە کۆیلەی خۆیان و لە برسییەتی و هەژاریدا وایان کردووە برا دژی براکەی خۆی بێت.
پارتی و یەکێتی تەواوی سامانی میللەتیان تاڵان کردووە بە فرۆشتنی نەوت و غاز و سەرانەی بازگە سنوورییەکانی ئیبراهیم خەلیل (تورکیا) و بازگەی باشماخ و پەروێزخان (ئێران). ئەوانە بەدەست دوو جەتەکەی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانییەوەن کە مانگانە پارەیەکی خەیاڵی لەو بازگانە دەدزن کە داهاتی گشتیین.
لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل (سەر بە پارتی) مانگانە (٧٥ – ١٠٠) ملیۆن دۆلار دەدزرێت و بێسەروشوێن دەکرێت، لە دەروازەی پەروێزخانیش (سەر بە یەکێتی) (١٠ – ٢٠) ملیۆن دۆلار. جگە لەوەش، داهاتی باج و زەریبەی فەرمانگە حکومییەکان و نرخی ئاو و کارەبا بەجۆرێک بەرز بووەتەوە کە توانای ژیانکردن لە هەرێمی کوردستان ئەستەم بووە بەهۆی بێکاری، بێمووچەیی و گرانیی شتومەکەوە. بۆیە ڕۆژانە ڕێژەی تەڵاقدان لە دادگاکان روو لە زیایدبوون دەکات بەهۆی ئەو گرفتانەی دوو بنەماڵەی مافیاگەری پارتی و یەکێتی بۆ خەڵکیان دروست کردووە.



Post Comment