:سایکۆلۆژیای ئارەزوی مانەوە لە دەسەڵات

موحەممەد مەحمود

لە هەرێمی کوردستان جۆرێک لە ئارەزووی مانەوە بە ڕوونی دیارە و ڕەنگی داوەتەوە لە سەرکردەکاندا.
هەندێک لە سەرۆکی حیزبەکان زیاتر لە نیو سەدەیە ڕێبەری دەکەن، هەندێکی تریان زیاتر لە دەیان ساڵە لە پۆستەکانیاندا بەردەوامن و ئامادە نین دەست لە دەسەڵات هەڵبگرن، و باوەڕیان بە دەست بە دەستکردنی دەسەڵات نییە.
پێشتر ئەمەمان لە کەسایەتیی سەرۆکی هەرێم بینیوە کە لە ساڵی ٢٠١٥ ماوەی سەرۆکایەتیی تەواو بوو، بەڵام بە ناڕەوایی و نایاسای دوو ساڵی تر درێژ کرایەوە.
پێش چەند ساڵێک لەمەوبەر لە ناو یەکێتی نیشتیمانی سیستەمی هاوسەرۆکایەتی پەیڕەو دەکرا لەنێوان دوو ئامۆزادا، بەڵام بە کودەتای سەربازی ئەو سیستەمە کۆتای پێهات و لە ئیستادا تەنها کەسێکیان بە سەرۆک و پێشەنگیی ماوەتەوە.
لە ئێستادا پەرلەمان پەک خراوە و دوای دوو ساڵ لە هەڵبژاردن هێشتا حکومەت پێک نەهاتووە، ئەمەش لەبەر ئارەزووی مانەوەی سەرۆکی حکومەت و هەرێم بۆ خولێکی تر.
ئەو سەرکردانەی کە هەمیشە خەونی مانەوەیان لەسەر دەسەڵاتە، جۆرێک لە خۆپەرستی و خۆبەگەورەزانینیان تێدا دروست دەبێت، کە ئارەزوی مانەوە کاریگەری لەسەریان دادەنێت و وا بیردەکەنەوە کە بارودۆخ و ناوچەکە پێویستی بە مانەوەی ئەوانە، وە خۆیان بە تەنها توانای بەڕێوەبردنی وڵاتیان هەیە.
هەست و خەونی مانەوە لەسەر دەسەڵات، سەرکردەکان نابیست و نابینا دەکات بەرامبەر بە کۆمەڵگا، کە ئارەزوی مانەوە وادەکات کە لە واقیع داببڕێن و ئاگاداری بارگرانی ژیانیی خەڵک نەبن.
هەست و خەونی مانەوە لە دەسەڵات، جۆرێک لە ترس و قەلەقی بۆ سەرکردەکان دروست دەکات، کە وای لێدەکات ئەگەر لەسەر دەسەڵات نەمان، ئەوا تۆڵەیان لێدەکرێتەوە لەلایەن میلەتەوە. بۆیە هەموو ڕێگایەک بەکار دەهێنن بۆ مانەوەیان..ئەو سەرکردانە هەمیشە بۆ کپکردنی ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵگە، پەنا بۆ هێزی چەکدار دەبەن.

ئارەزووی مانەوە لە دەسەڵات، وا لە سەرکردەکاندا دەکات کە کەسانی پسپۆڕ و ڕاوێژکاری بەتوانای لە خۆیان دوور بخەنەوە. کەسانێک لە چواردەوریان دادەنێن کە وەسف و سەنایان بکەن و چەپڵە لێدەریان بن ئەمەش وادەکات لە ناو تەم و مژێکی دەرونیدا بن و پێیان وابێت کە خەڵک خۆشیان دەوێت.
هەست و خەونی مانەوە لە دەسەڵات، سەرکردەکان وا لێدەکات کە جۆرێک لە فێڵ بەکاربهێنن بۆ مانەوەیان، هەر جارە و بە شێوازێک. بۆ نموونە، کۆمەڵگە دابەش دەکەن بەسەر چەند گروپ و لایەنێک، وەک ئاین و نەتەوە و ناوچە، هەتا خەڵک مەشغوڵ بکەن و ملمێلانێ لە نێوانیاندا دروست بکەن.
چەندین کەناڵ و پەیج و دەزگا و ڕێکخراو دروست دەکەن بۆ دوو مەبەست؛ یەکەمیان بۆ وەسفکردنی خۆیان و دووەمیان بۆ هەڵخەڵەتاندن و مەشغوڵکردنی خەڵک بە شتە لاوەکییەکان.
هەمیشە خەڵک دەترسێنن بەوەی کە دەڵێن ناوچەکە لە ژێر مەترسیی قەومی و سیاسییە و هەتاوا پێشان بدەن کە بارودۆخەکە پێویستی بە مانەوەی ئەوان هەیە، هەروەها هەوڵ دەدەن کە هاوسۆزی خەڵک بۆ خۆیان ڕابکێشن.

هەموو ئەمانە پەیامێکمان پێدەدەن کە ئارەزووی مانەوە لە دەسەڵات بە ڕوونی کاریگەرییەکی زۆری هەیە بەسەر سەرکردایەتیی لە هەرێمی کوردستان، لە پێنای مانەوەدا پەنا دەبەنە هەموو ڕێگایەکی نا یاسایی

دامەزرێنەری سەرنج پرێس و ڕۆژنامەنووسی تۆمارکراوە لە وڵاتی بەریتانیا و هەرێمی کوردستان

ڕەنگە سەرنجی ئەمەت نەدابێت