فەسادی سیاسی، درێژکراوەی ئەقڵە فاسد و سەوداچی و سازشکارەکەی خۆمانە!
ئارام موحەممەد
لۆمەکردنی مەسرور نە فەزیلەتە و نە هیچ گۆڕانێکی ڕیشەیی دێنێتە ئارا، خۆلۆمەکردن فەزیلەتە و گۆڕانی ڕیشەییە، بۆیە قورئان وتەنی : لۆمەی کەس مەکەن، لۆمەی خۆتان بکەن، ( فَلَا تَلُومُونِي وَلُومُوا أَنفُسَكُم ۖ).
دەسەڵات فۆڕمێک نییە لە کەوکەبێکی تر دابەزێ بۆت، بەڵکو ئەخلاقێکە لە هەناوی تاکەوە سەرپێ دەکەوێ، جا دەزانم ئێستا کە بەرپرسیارەتیەکە دەخەمەوە سەرشانی تۆ هار دەبی، چونکە مرۆڤ دەروونی شەق دەبا دان بەو ڕاستییەدا بنێ کە خۆیشی وێنەیەکی بچووکی جەللادەکەیەتی، بەس بە ڕاستی تۆ هەمان مەسرور و بافڵی لە فۆڕمێکی بچووکتردا! یا سەحافییەکی هەرزان و دەرباری، یا کۆیلەیەکی ڕازی و بێ نرخی، یا دەنگدەرێکی ئیرادەکڕدراوی، یا هەلپەرستێکی بێ مەبدەئی، یا شەهادەدارێکی لە مەقەڕکەوتووی، یا پاشەڕۆیەکی پیستری حیزبی…. بەهەرحاڵ..
سوێند دەخۆم، دنک دنکەی خاوەن ئاکار و مەبدەئی لێ دەرچێ، هێشتا زۆرینەی ئەو خەڵکە دووگیانن بە ئەقڵیەتی مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، بۆیە شکور هەر هەوڵێکی خۆپیشاندان و خەباتی مەدەنی و ئۆپۆزسیۆن تاقی دەکەنەوە، ناتوانن لە فۆڕم و بازنەی بارزانی دەرچن!
حەشامەتێک بە ڤاکسینی ئەم دەسەڵاتە خۆی کوتاوە، بۆتە بەشێک لە مێنتاڵییەتی ماڵبات و بە خۆی نازانێ(دەتوانم بە چەندان بەڵگە و نموونە ئەمە بسەلمێنم بەس زۆری دەوێ).
سوێند بە سەمای ژن، تا لە خودی خۆتاندا مەسرور و بافڵ و باقی بتەکانی تر تێنەپەڕێنن لە دەرەوە هەزار شۆڕشیش بکەن هەر هەمان بت دروست دەکەنەوە!
خەڵک دژی مەسرورە کەچی عاشقی عەلی باپیرە! برامڕۆۆۆ نەبێ هەزار ساڵە خۆی ئەمیرە، دژی مەسرورن کەچی دەبێتە هەواداری خوڕشید هەرکی ، دژی مەسرورە و دوای شاسواری سەرۆک و لیدەر و قسەکەر و ڕاوێژکار و بەڕێوبەر و بەڕ و بەحری نەوەی نوێ دەکەوێ( هەموو شت هەر خۆیەتی!) دژی مەسرورن و بافڵیان پێ حەکیمە! دژی مەسرورن و لە هیچ خەباسەتێک سڵ ناکەنەوە، تەبعەن هەموو بەدیلەکانیان هەروا جوانن، چونکە ئەوەی لە دەرەوە دەگوزەرێ، درێژکراوەی ئەقڵی ناوەوەیانە، کەی لە زبڵی ناو سەری خۆیان ڕزگاریان بوو، لە زبڵ و زاڵی سیاسەت و سوڵتەش ڕزگاریان دەبێ، ئێوە گرفتاری ئەقڵی خۆتانن نەک مەسرور، مەسرور تەنها ئاوێنەی ئاکارەکانی خۆتانە و هیچی تر، کەی مەسروری ناو خۆت شکاند مەسروری دەرەوەش ئۆتۆماتیکی دەشکێ ، دڵنیابن بەردەوام و هەموو ڕۆژێ بەر ئەقڵیەت و کارما و ئاکاری خۆتان دەکەون، تا ئەو ڕاستییەش قبوڵ نەکەن و نەیگۆڕن هیچ شتێ ناگۆڕێ.. نوقتە سەری ڕەش.
Post Comment