لەم شەڕە کێ دەیباتەوە!
رزگار محمد
لە ئێستادا لە عێڕاق و هەرێمی کوردستان حزب و میلیشاکان جومگەکانی دەسەڵاتیان گرتووە، لەبەر ئەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان هەڵبژاردەی حزبن و لە لایەن حزبەوە هەڵبژێردراون، بۆیە ناتوانن لە قسەی حزبەکەیان دەرچن و وەک دەوڵەتمەدار مامەڵە بکەن.
وە کاتێک سەرۆک، وەزیر یان هەر بەرپرسێک لەلایەن هاوڵاتیانەوە هەڵنابژێردرێت ئەوە دەرئەنجامەکەیەتی کە ئێستا هەیە!
بۆ نمونە؛
لە چەند رۆژی رابردوودا شەڕ لە نێوان
پۆلیس و حەشدی شەعبی روویدا، بەهۆیەوە چەند کەسێک بوونە قوربانی، دواتر هێزەکانی پۆلیس کشانەوەو سەرئەنجام حەشدی شەعبی براوە بوون!
لەبەر ئەوەی ئەو پۆلیسانەی لەو شەڕەدا بەشدار بوون بێ پشت و لایەن بوون بۆیە نەیانتوانی ئەرکی خۆیان راپەڕێنن و کشانەوە.
نمونەیەکی تر، ئەمجارە لە هەرێمی کوردستان و شاری سلێمانیەوە، کاتێک سەرۆکی یەکێتی و فەرمانڕەوای زۆرنی سەوز بافێڵ تاڵەبانی بریاریدا هێرش بکاتە سەر لاهوور شێخ جەنگی،لەبری دەستگیردنی ناوبراو لە ڕێگای پۆلیسەوە هەستا هەموو هێزەکانی خۆی کۆکردەوە هێرشی کردە سەر لاهوور جەنگی و دەستگیری کرد،
لەو شەڕەدا چەندین کەس بوونە قوربانی و پۆلیس و هێزە حوکمیەکان تەنها تەماشاکەر بوون!
هۆکارەکەی ڕونە کە بۆ پۆلیس بەشدار نەبوو،
چونکە هەردوولا دەیانزانی ئەو شەڕ و روبەڕوبونەوەیە بە هێزەکانی پۆلیس ناکرێت، نە ئەم دەتوانێ بە پۆلیس ناوبراو بگرێ و نە پۆلیسیش توانای ڕوبەڕوبونەوەی ئەوی هەیە!
بۆیە هێزە حزبیەکەکانیان بەکارهێنا و بوو بە شەڕێکی دوو گروپی میلیشیایی بەرامبەر یەک!
دەیان و سەدان نمونەی وا هەیە کە دەکرێت بیخەینە ڕوو، بەڵام حەزناکەم بابەتەکە دريژ بکەمەوە.
بە کورتی دەمەوێت ئەوە بڵێم لە عێڕاق و کوردستان، میلیشیا و هێزە حزبیەکان باڵادەستن و دەزگا ئەمنیە حوکمەیەکان تەنها رۆڵێکی کارتۆنیان هەیە و هەمیشە شکستخواردوو بوون بەرامبەر میلیشیاکان.
بۆیە ئێستا کاتی ئەوەیە چاکسازی راستەقینە بکرێت ئەویش بەهەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو هێزە حزبی و بنەماڵەیی و میلیشیاییانە.
بۆیە هیوادارم هیچ کەسێک چەکیان بۆ هەڵنەگرێ و چیتر گەنجانی وڵاتەکەم نەبنە قوربانی شەڕی بەرژەوەندی حزب و بنەماڵەکان.
Post Comment