ژمارەیەک چالاکوانی کورد بارۆدۆخی سیاسی عێراق و کوردستان لەگەڵ پەرلەمانتارێکی بەریتانیا تاوتوێ دەکەن
لە ڕێکەوتی ١٢/٩/٢٠٢٥ ژمارەیەک چالاکوانی کوردی نیشتەجێی بەریتانیا لەگەڵ پارلەمانتاری پارتی کار، هارپرییت ئوپاڵ، بە شێوەیەکی ئۆنڵاین کۆبوونەوە و تاوتوێی دۆخ و کێشە هەنووکەییەکانی کوردستان و عێراقیان کرد. ئەندامانی گروپەکە پێکهاتبوون لە کارمەند حاجی ئاکۆیی و سەرکەوت یوسف محمود و شاڵاو احمد محمد. ئوپاڵ زۆر بە گەرموگوڕی پێشوازی لە چالاکوانەکان کرد و بە وردی و بەپەرۆشەوە گوێی بۆ ئەو بابەتانە گرت کە چالاکوانەکان خستیانە ڕوو.
لە میانی کۆبوونەوە سەرهێلەکەدا کارمەند گوتی: لە عێراق و کوردستان، رۆژانە مافی مرۆڤ دەخرێتە ژێر پێ. ڕۆژنامەوانان بێدەنگ دەکرێن و چالاکوانان دەستبەسەر دەکرێن و هاونیشتیمانیانیش بە هیچ شێوەیەک پارێزراونین. بۆ نمونە، ئەوەتا شێروان شێروانی دوای تەواوکردنی ماوەی سزاکەی، لەبری ئەوەی ئازاد بکرێت، بە دەستێوەردانی پارت و بەرپرسە گەندەڵەکانی هەرێمی کوردستان، ٤ ساڵ و نیوی دیکەی زیندانی بۆ درێژکراوەتەوە. ئەم جۆرە کەیسانە دەرخەری ئەو راستییەن کە دوو پارتی فەرمانڕەوا لە حکومڕانیی و بەدیهێنانی دادپەروەری و ئازادی رادەربڕین شکستیان هێناوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا سەرکەوت ڕوونیکردەوە: دۆخی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان زۆر هەستیار و مەترسییدارە. هێزەکانی حەشدی شەعبی بەبێ گوێدانە هاونیشتیمانییان و تۆقاندنیان لە دەرەوەی یاسادا دەجوڵێنەوە. لە ئێستادا ئەو ناوچانە بوونەتە هێمای پاشاگەردانی، بۆیە پێویستە لایەنە نێودەوڵەتییەکان چیدی تەماشاکار نەبن و کرداریان هەبێت.
پارلەمانتارەکە نەیشاردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە دۆخەکە لە عێراق و کوردستان تا رادەیەکی زۆر تۆقێنەرە، بەتایبەت دۆخی چالاکوانان و رۆژنامەوانان زۆر هەستیارە. هەروەها وتیشی بەدڵنیاییەوە زیاتر لێکۆڵینەوە لە کەیسی ڕۆژنامەوانانی بادینان دەکات.
لەلای خۆیشییەوە شاڵاوی هاوڕێیان گوتی: سەختی باری دارایی کەرامەتی هاوڵاتییان ورد و خاش دەکات. مامۆستایان و کارمەندانی کەرتی گشتی، بە چەند مانگ جارێک موچەیەکیان پێدەدرێت، ئەمە لاکتێکدا گەندەڵی و نایەکسانی لەترۆپکدایە. ئەمە تەنها قەیرانێکی ئابووری نیە، بەڵکو نادادپەروەری کۆمەڵایەتییە کە خەریکە کۆمەڵگەکەمان بەرەو داڕمان دەبات.
بە شێوەیەکی گشتی چالاکوانەکانی ١٧ی شوبات ئەم کۆبوونەوەیان بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ نیشاندانی دۆخی راستەقینەی سیاسی و کۆمەڵایەتی خەڵکی کوردستان و عێراق پەسن کرد.
لە کۆتاییشدا پارلەمانتارەکەی پارتی کاری بەریتانی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی لە هەمبەر خەمخۆری چالاکوانان بۆ دۆخی ئێستای عێراق و کوردستان، هەروەها بەڵێنیشیدا بەدواداچوونی زیاتر بۆ بابەتەکان بکات و لە نزیکەوە قسە لەگەڵ بەرپرسانی ئۆفیسی پەیوەندییەکانی دەرەوەدا بکات بەتایبەت جەختی کردەوە کە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ هەیمیش فاڵکنەری بەرپرسی پەیوەندییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا هەیە.
Post Comment