هەڵبژاردن لەپێناو چیدا بکرێت لە ووڵاتی عێراق؟

شاهۆز سدیق

سەرەتا با بزانین هەڵبژاردن چیە؟

هەڵبژاردن پرۆسەیەکە هاوڵاتی بە پلەی یەک دادەنێت و فەرمانرەواو دەسەڵاتدار دەخاتە خزمەتی هاوڵاتیەوە، بنەمایەکە بۆ ئەوەی بتوانرێت پرۆسەی یاسادانان لە ڕێگەی دەنگی تۆی هاوڵاتیەوە بەشێوەیەکی درووست دابڕێژرێت وا دەکات تۆی هاوڵاتی بەژداربیت لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا لەڕێگەی ئەو نوێنەرەوە کە هەڵی دەبژێریت.

بەڵام لە وڵاتی عێراق هەڵبژاردن پێناسەیەکی جیاوازی هەیە چوونکە لە پێش هەڵبژاردنەوە بە هۆی بوونی تەزویرات لە هەڵبژاردنەکەدا دەزانرێت کێ چەند کورسی دەهێنێت و کێ سەردەکەوێت، هەروەها کێ دەکەن بە سەرۆکی ووڵات و کێ بە سەرۆک وەزیران و کێ بە سەرۆکی پەرلەمان، کە سێ پۆستی سەرەکین لە ووڵاتی عێراقدا، بۆ دڵنیابوونەوە لەم قسانە ئەوەتا لە گەورەترین ئاهەنگی بانگەشەی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان دا (مسعود بارزانی) کە سەرۆکی حیزبی پارتی دیموکراتی کوردستانە زۆر بە ئاشکرا ئەوەی دەربڕی و ووتی (لەم هەڵبژاردنەدا پێشوەختە کورسییەکان دیاریکراون)، هەروەها ئامانجی بەشداریکردنی پارتەکەشی خستەڕوو.

لێرەدا ئەو ڕووندەبێتەوە کە هەڵبژاردن لە عێراق دا تەنها ئامرازێکی ڕوو پۆشکراوی دیموکراسیە و هیچ ئومێدێک نیە بۆ گۆڕانکاری لە سیستەمی سیاسی دا، وە بەڕای من ئەم هەڵبژاردنە تەنها بۆ ئەوە دەکرێت کە میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی) زیاتر بەهێزبێت، وە وڵاتێکی شیعە مەزهەبی دراوسێی عێراق کە ئێرانە ببێت بە بڕیاردەری سیاسەت و ئابووری و ئاینی عێراق.

بێجگە لە هۆکاری بەهێزترکردنی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی شتەکانی دیکەی دوای هەڵبژاردن کە ڕوودەدات شتێکی نوێ نییە، وەک هەموو جارێک عەرەبی شیعە مەزهەب هێزی یەکەم دەبێت لە عێراق و سەرۆک وەزیران وەردەگرێتەوە، وە عەرەبی سوونە مەزهەب هێزی دووەم دەبن و پۆستی سەرۆکی پەرلەمان وەردەگرنەوە، وە کورد سێیەم و لاوازترین هێز دەبێت لە عێراق و لەوانەیە وەک هەموو جارێک بە هۆی ڕێکەوتنی ژێر بەژێری نێوان کورد و عەرەب و هەندێک پێدانی بەرتیل بە لایەنە عەرەبییەکان لەلایان دەسەڵاتدارانی ئێستای کوردەوە وەک جاری پێشوو، پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بدرێتەوە کورد، هەرچەندە ئەم جارە ئەم ئەگەرە تۆزێک لاواز بووە لەبەر ئەوەی عەرەبە سوونەکان داوای پۆستی سەرۆک کۆمار دەکەن و دەڵێن نابێت بدرێتەوە بە کورد، هەرچەندە پۆستێکی کارتۆنییە و هیچ دەسەڵاتێکی ئەوتۆی نییە لە عێراقدا بەڵام هیوادارم ئەم پۆستە هەر لە لای کورد بمێنێتەوە بۆ ئەوەی بە تەواوی نەسڕێنرێینەوە لە ووڵاتی عێراقدا.

بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەتا کە (هەڵبژاردن لە پێناو چیدا بکرێت لە ووڵاتی عێراقدا) لە کاتێکدا پێشتر هەموو شتێک داڕێژراوە، هیچ وەڵامێک قەناعەت پێکەر نادۆزرێتەوە و نییە…

لە کۆتاییدا ئێمە نازانین کە یەکێتی و پارتی و لایەنە عەرەبە شیعە و سوونە مەزهەبەکان چۆن چۆنی پلانی تەزویراتی هەڵبژاردنەکە جێبەجێ دەکەن، ئایا لە جیاتی ئەوانە دەنگ دەدەن کە ناچن بۆ هەڵبژاردن! یاخوود هەر جیهازەکە ئۆتۆماتیکی لەسەری خەزن کراوە کە چەند دەنگ بۆ چی لایەنێک بنووسێت!

بۆیە بۆ ڕێگە گرتن لە گوومانی یەکەم داوا لە هەموو گەنجە هۆشیارەکانی نیشتیمان دەکەم کە بایکۆتی هەڵبژاردنەکە نەکەن چونکە ئەوە ڕێگا چارەسەر نییە، هەروەها داوایان لێدەکەم دووربن لە دەنگدان بە دوو حیزبی دەسەڵاتداری چەتە و بەدووریش بن لە دەنگدان بە لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان چونکە هەموویان بە کرێ گیراوی دەسەڵاتن و هیچ ئۆپۆزیسیۆنێکی ڕاستەقینە بوونی نییە، تەنها بچن بۆ دەنگدان و دەنگەکەت بسووتێنە بۆ ئەوەی پارتە دەسەڵاتدارە چەتەکان لە جیاتی تۆ دەنگ نەدات و دەنگەکەت ببات بۆ خۆی…!

دیار هەرکی دامەزرێنەری سەرنج پرێس و ڕۆژنامەنووسی تۆمارکراوە لە وڵاتی بەریتانیا و هەرێمی کوردستان

ڕەنگە سەرنجی ئەمەت نەدابێت