مەسرور بۆچی لەئازادبوونی شێروان شێروانی دەترسێت؟

هەستیار بورهان

دیکتاتۆرەکان وەک ئەوەی بۆ هەمیشە هاتبن هەموو جۆرە ڕێگەیەک تاقی ئەکەنەوە تا بەرگری لە کورسی دەسەڵاتیان بکەن .

ئەوان هێندە مەغرور و سەرمەستن هیچ کات خۆیان وا نابینن کە ڕۆژێک دێت لەدەسەڵات نەمابن و خەڵکانی تر سەرۆکایەتیان ئەکەن ، یان خراونەتە کونجی زیندان یان وەک مۆسۆلۆنی بە پەتی سێدارەوە ببینرێن و لەناوەڕاستی شاردا هەڵواسرابن .

مەسرور بارزانی ئەو سیناریۆیانەی لەبەرچاوە کە ڕووبەڕووی ئەکرێنەوە بەهۆی ئەو دەسەڵاتە پۆلیسیەی کە خۆی و حیزب و بنەماڵەکەی پیادەی ئەکەن، بۆیە تا ئەوکاتەی بۆیان بکرێت سەرکوتی دەنگە ناڕازیەکان و یاخیە دەستەمۆنەکراوەکان ئەکەن بەخەیاڵی ئەوەی ئەو ڕۆژە نەبینن .

لە ئێستادا ئەو سیناریۆ گاڵتەجارانەی کە بەرامبەر شێروان شێروانی پیادەئەکرێت و ڕێک ئەوکاتەی کە ماوەی کۆتایی هاتنی زیندانیەکەی نزیک ئەبێتەوە و نزیکە لەوەی ئازادبکرێت ، ئەوا مەسرور بارزانی لەڕێگەی جەللاد و ئەڵقە لەگوێ و حاکمە دەستەمۆکانی خۆیەوە دۆسیەییەکی تری بۆ ئەکەنەوە و جارێکی تر چەند ساڵێکی تری زیندانیکردنی بۆ درێژئەکەنەوە وەک ئەوەی دوێنی ٢٠٢٥/٨/١٩ لە دادگاییکردنێکی زۆر سیاسیانە و ڕقدا بەرامبەری کرا .

مێژووی بوون بە سەرکردە دوای ئازادبوون لە زیندان، فۆبیا گەورەکەی مەسرور بارزانی!

دڵنیام مەسرور بارزانی خوێنەرێکی باش نیە بەڵکو سەرکوتکەرێکی بێ وێنەیە بەڵام بێگومانم لەوەی کە چیرۆکی بوون بەسەرکردەی هەریەکە لە نێڵسن ماندێلا و جۆمۆ کینیاتا و هتد بیستووە کە ئەزموونی زیندانیکردن و سووربوون لەسەر بەدەستخستنی ئەو ئامانجە باڵایەیان کە لەسەری زیندانیکران بەرەو کورسی دەسەڵاتی یردن و بوون بە ڕەمزی ئازادی و بەرخۆدان ، ترسی ئەو باڵەی پارتی کە بە باڵی هەڵۆکانی مەسرور بارزانی ناسراوە

لە دووبارەبوونەوەی ئەو سیناریۆیانە بەڵام بە شێوازێکی کوردی و لەسەردەستی شێروان شێروانی و هاوبیرانی ، خودی مەسرور بارزانی هەراسان کردووە و بەئاشکرا لە کردەوە و ڕوخساریدا بەدیارئەکەوێت .

لەلایەکی ترەوە شێروان بووە بە قوربانی ئەو باڵباڵێنەی کە هەیە لە نێوان دوو ئامۆزاکەدا( مەسرور و نێچیر ) بەوەی کە نێچیرڤان بڕیاڕی لێبوردن دەرئەکات بۆ زیندانیان و نەرمتر مامەڵە ئەکات لەگەڵ ئەم دۆسیانەدا لەچاو ئامۆزا هەواڵگری و سەربازیەکەیدا، ئەمەش وادەکات کە نێچیرڤان پەسەندکراوتردەربکەوێت و دیسانەوە ئەمە بە مەترسیەکی تر ئەزانێ بۆسەر عەرشی دەسەڵاتەکەی ، بۆیە وەک کەسێکی دەروون نەخۆش و ڕقاوی بەهەموو لایەک پەلامار ئەدات .

بەڵام ئەبێت بپرسین تاکەی ئەم سیناریۆ بێ بەهایانە بەردەوامی پێ ئەدرێت ؟! خۆ ئەم چەند ساڵەش ئەڕوات و شێروان لە هەڕەتی گەنجی و وورەبەرزی خۆیدا و لە تەمەنی چل و سێ ساڵیدا ئازاد ئەکرێت ! ئەوکاتە خۆ سیناریۆ و تۆمەت نەماوە بۆی هەڵبەستن ! کەواتە ڕۆژی حەق و حساب هەردێت .

لەکۆتایدا ئەڵێم ، خۆشویستنی مەسرور بارزانی بۆ کورسی دەسەڵات بەو شەیدابوونە لەڕادەبەدەرە ئەوەمان پێ ئەڵێ کە ئەم کابرایە نەخۆشی لوتبەرزی هەیە ، بۆئەوەی ئەم نەخۆشیە سەری بخوات ئەوا پێویستە کاری جددی بکرێت بۆ ئازادبوونی شێروان شێروانی تا وەک سەرکردەیەک ئازادبکرێت و پێشوازی لێبکرێت و تا سەرکورسی باڵای دەسەڵات ببرێت و ببێتە مەشخەڵی سیستمێکی ئازادیخوازانە .

ڕەنگە سەرنجی ئەمەت نەدابێت