دەستەی مافی مرۆڤ: دەستگیرکردنی داواکراو ئەرکی پۆلیسە نەک دژە تیرۆر

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، سەرکۆنەی رووداوەکانی بەرەبەیانیی ئەمڕۆی شاری سلێمانی دەکات و رایدەگەیێنێت: “بڕیاری دەستگیرکردنی داواکراو هێزی جێبەجێکار پۆلیسە نەک هێزی دژە تیرۆر و هێزی دیکە.”

بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی دەستەی مافی مرۆڤ کە ئەمڕۆ  هەینی 22ـی ئابی 2025 بڵاویکردووەتەوە، شەوی رابردوو هێزێکی زۆری ئەمنی جۆراوجۆر بە چەکی سووک و قورسەوە، بەمەبەستی دەستگیرکردنی سێ داواکراو چوونەتە گەڕەکی لالەزاری شاری سلێمانی و بەهۆیەوە رووبەڕووبوونەوەی چەکداریی سەخت بۆ ماوەی چوار کاژێر روویداوە کە کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.

دەستەکە رەخنە لە شێوازی جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردنەکە دەگرێت و دەڵێت: “لامان وایە بڕیاری دەستگیرکردنی داواکراو هێزی جێبەجێکار پۆلیسە، نەوەک هێزی دژە تیرۆر و هێزی دیکە.” هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات کە بەپێی رێکارە یاساییەکان، دەبوو تۆمەتباران رەوانەی گرتن و گواستنەوە بکرێن، “نەوەک شوێنی دیکە و بارەگای حیزبی.”

یەکێکی دیکە لەو خاڵانەی دەستەی مافی مرۆڤ نیگەرانیی خۆی لەبارەیەوە دەربڕیوە، بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی دەستگیرکراوەکانە لە میدیاکاندا. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: “هەندێ لەو هێزە ئەمنییانە لەکاتی دەستگیرکردنی چەند کەسێک ڤیدیۆ و وێنەیان گرتووە و دواتر لە میدیاکان پیشان دراوە… ئەمە لەکاتێکدایە تۆمەتبار بێ تاوانە تاوەکو یەکلاییبوونەوەی تاوانەکەی و رێگەپێدراو نییە لەپێناو شکۆی مرۆڤەکان حاڵەتی لەو جۆرە پیشان بدرێت.”

دەستەی مافی مرۆڤ پشتیوانیی خۆی بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگاکان دووپاتدەکاتەوە، بەڵام دەڵێت: “هەر جۆرە رێگا و شێوازێکی دیکە” بۆ دەستگیرکردنی داواکراوان رەتدەکاتەوە کە ترس و دڵەڕاوکێی لەناو هاووڵاتییاندا بڵاوکردووەتەوە.

لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، دەستەکە پرسە و سەرەخۆشی خۆی بۆ قوربانییانی رووداوەکە دەردەبڕێت و هیواخوازە یاسا سەروەر بێت و دادگا کەیسەکە یەکلایی بکاتەوە. هەروەها رایگەیاندووە کە وەک دەستە لە نزیکەوە بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی ئەو رووداوە.”

نزیکەی کاتژمێر 04:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ 22ـی ئابی 2025، ژمارەیەک هێزی ئەمنیی لە سلێمانی هێرشیان کردەسەر هۆتێل لالەزار، دوای نزیکەی چوار کاژێر رووبەڕووبووەنەوە لاهوور شێخ جەنگی و براکانی دەستگیرکران. 

بەهۆی پێکدادانەکانەوە، سێ ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کوژران و ژمارەیەکیش برینداربوون. هەروەها دەنگۆی کوژرانی ژمارەیەک لە ئەندامانی هێزی دووپشک هەیە، کە سەر بە لاهوور شێخ جەنگی بوون.

من ڕاژان ئەحمەد لەدایکبووی ۱۹۹٤/۸/۸ لە شاری سلێمانی ـ عێراق.بەکالۆریۆسم هەیە لە بەشی زمان و ئەدەبی ئینگلیزی لە زانکۆی (گەشەپێدانی مرۆیی لە ساڵی ۲٠۱۳ _ ۲٠۱۷).لە ئێستادا لە ووڵاتی بەریتانیا چالاکوانی سیاسی و ئەندامی ڕێکخراوی داکۆکم وە لە هەمان کاتیشدا نووسەر و گرافیک دیزاینەرم لە وێبسایت و میدیای (سەرنج پرێس).