کوشتار، کلتوری دەستەڵاتی کوردی
نەهرۆ سەباح
بەرەبەیانی ٢٢ـی ٨ـی ٢٠٢٥، لە لالەزاری سلێمانی، کوردستان جارێکی تر لە ناوەوە لەخۆی درا.نە داگیرکەر، نە دوژمنی دەرەکی؛ ئەمجارە دەسەڵات و حیزب، خوێنی کوردیان بە دەستی کورد ڕشت.
ئەم خوێنڕشتنە نە هەڵە بوو، نە ڕووداوی ناچاو؛ ئەمە بڕیاری سەرکردەکان بوو. بەهۆی جیاوازی بیروبۆچوون و شەڕی دەسەڵات، بەهۆی نەگونجانی دوو سەرکردەی خاوەن هێز، گەنجانی ئەم وڵاتە کران بە قوربانیی شەڕێکی ناپاک.
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بەرەی گەل، بە ناوی سیاسی، بەڵام بە چەک، تانک، دەبابە، باجەر و هامەڕی سەربازی، سلێمانییان گۆڕیە مەیدانی کوشتن. دەیان کوژرا، دەیان بریندار بوون، چەندان کەس وەک دیل گیراون؛ ئەمانە ئامار نین، خوێنی گەنجانی کوردن.
کێشە سیاسی بوو؟
بەڵام کێشە سیاسی بە تانک چارەسەر ناکرێت. دەسەڵات کە بۆ خۆپاراستن شەقام بە چەک پڕ دەکات، ئەو دیموکراسی نییە، ئەو تاوانە. ئەو چەکدارانەی لە شەقامەکاندا خوێنی یەکتریان ڕشت، لە بنچینەدا هیچ ڕقێکی کەسییان نەبوو. یەکتریان ناناسن، دوژمنییان نەبوو؛ دوژمنی لە سەرەوە دروست کرا، لە ژوورە داخراوەکان، و لە شەقامدا بە خوێن جێبەجێ کرا.
ئەم ڕووداوە جارێکی تر سەلماندی: لە کوردستاندا هێشتا چەک سەنگی مەحەکەی سیاستە، نە یاسا، نە دادگا، نە دەنگی خەڵک. ئامانج بە هێز دەسەپێنرێت، و خوێنی گەنج کارتێکی نێگۆسیاسییە. ئەگەر ئەمە دیکتاتۆری نییە، چییە؟ ئەگەر ئەمە کوشتنی دیموکراسی نییە، چییە؟ ئەمە کۆتا بزمار بوو لە تابوتی دیموکراسی لە کوردستان



Post Comment