کارەساتی ۱۷ ی شوبات
ئەحمەد سەلام محمد
حەڤدەی شوبات تەواو نەبووە،حەڤدەی شوبات تەنها یادەوەریی ڕشتنی خوێنی چەند گەنجێکی بێتاوان و بێ دەسەڵات نەبوو لەسەر شەقامەکانی کوردستان بەڵکو سەرەتای ڕاگەیاندنی جەنگێکی درێژخایەنی دەسەڵات بوو دژی ئیرادەی هاووڵاتیان کە داوای ماف و شکۆیان دەکرد…
ئەو گولانەی ئەو ڕۆژە لە حەڤدەی شوباتدا لە لولەی تفەنگی هێزەکانی پارتیەوە ئاڕاستەی سنگی خۆپیشاندەران کران و سنگی گەنجانی پێ کون کرد تا ئەم چرکەساتەی ئێستا گەرمن و سارد نەبوونەتەوە چونکە ئەو عەقڵییەتەی ئەوکاتە بە فیشەک وەڵامی داخوازییەکانی خەڵکی دایەوە ئەمڕۆ بە شێوازێکی کوشندەتر خەریکی تیرۆرکردنی ژیان و داهاتووی ئەو خەڵکەیە..
ئەوانەی ئەو کاتە بە فیشەکی زیندوو “ڕێژوان” و “گەرمیان”یان شەهید کرد، ئێستا بە فیشەکی برسییەتی، بە فیشەکی بێدەرمانکردنی نەخۆشخانەکان، بە فیشەکی دزینی نەوت و داهاتی ئەم وڵاتە، بە فیشەکی بێکاری و بێ دادپەروەری خەریکی کۆمەڵکوژییەکی سپین دژی هەموو ماڵێکی ئەم نیشتمانە
ئەوکات بە گولـلە جەستەیان دەکوشت، ئەمڕۆ بە گەندەڵی و قۆرخکاری خەون و هیوای گەنجان و خەڵک دەکوژن…
ئەوکات تەقەیان لە جەستەی خۆپشاندەران دەکرد
ئێستا تەقە لە ئایندەی گەنجان دەکەن…
دەسەڵات لە ١٧ی شوباتدا بە ئاشکرا گوللەی خستە ناو جەستەی خەڵک بەڵام ئێستا لە ڕێگەی برسی کردن و تالانکردنی سامانی گشتییەوە هەمان ئەو فیشەکانە دەچێنێتەوە بەڵام ئەمجارەیان لە ناو جەستەی هیوا و خەونی گەنجاندا….
پارتی و یەکێتی لە حەڤدەی شوباتدا تەنها گولەیان تاقی نەکردەوە، بەڵکو مۆدێلێکی حوکمڕانییان نیشانی هەموو دونیا دا کە بنەماکەی لەسەر خوێن و بێدەنگکردن داڕێژراوە. فیشەکەکانی ئەوان تا ئەمڕۆش هەر گەرمن؛ جارێک لە شێوەی دزینی قووتی خەڵک، جارێک لە قۆرخکاریی بازاڕ و جارێکیش لە کوشتنی هیواکانی گەنجاندا دەکەونە ناو جەستەی ئەم نیشتمانە
ئەم عەقڵییەتە سیاسییە و ئەم مۆدێلە لە تالانکاری مابێت، فیشەکی ئەوان هەر بە گەرمی دەمێنێتەوە و هەر ڕۆژە و بە شێوازێکی نوێ، نەک جەستەمان، بەڵکو ئایندەی نەوەکانیشمان خەڵتانی خوێن دەکات



Post Comment