دراو و درۆ
سیامەند حەمید
دەستەواژەی ( دراو و درۆ )یەکێک بوو لە دەستەواژە بەناوبانگەکانی نێو سۆشیال میدیای کوردی کە رەوانشاد ( نەوشیروان مستەفا ) بەرامبەر ئەم دەسەلاتەی ( پارتی و یەکیەتی ) بەکاری دەهێنا.
لە دوای زیاتر لە٣٥ ساڵ لە حوکمرانی هەردو دەسەڵاتی( پارتی و یەکیەتی ) دەبینین لە هەموو سێکتەرەکانی بواری دەولەتداری فشەلیان هێناوەو ڕۆژ بە ڕۆژ پاشەکشە دەکەن.
ئەلەرووی ئابوریەوە: دوای ئەوەی کە نەوتیان خۆمالی کردوو سەربەخۆ فرۆشتیان، بەڵینیان دا کە کوردستان بکەن بە دوبەیی و پاریس، خەلکی خۆشترین ژیان بژین، بەلام نەوتەکە بوە مایەی نەهامەتی بۆ
میللەتی کورد و قەرزاریش بونەوە لەسەری و بەناچاریش رادەستی بەغدایان کردەوە.
لەرووی پەروەردەوە: پارتی و یەکیەتی بە بەرنامەو پلان خراپترین جۆری پەروەردەیان فێری ئەو میللەتە کردوە، هەر لە باخچەی ساوایانەوە تاوەکو خوێندنگەو زانکۆو پەیمانگاکان،خراپترین مەنهەجیان خستۆتەوە نێو پرۆگرامی خوێندنەوە، شتیکیان نەهێشتۆتەوە بەناوی ئینتیمای نیشتمانی و پاراستنی کەلتورو شوینەوارو ریزو ئەدەب و رەوشت.
لەرووی تەندروستیەوە: سەرەڕای هەبوونی سەدان دکتۆری شارەزاو بە
ئەزمون و پسپۆر، سەدان دەرچوی دانەمەزراوی بەشە جیاجیاکانی کولێژە پزیشکیەکان بێ دامەزراندن ماونەتەوەو تەنانەت کریکاریشیان دەست ناکەوێت، ئەمە جگە لەوەی بەرپرسان چی دەرمانی خراپ و ئێکس پایەرە ساخی دەکەنەوە بەسەر خەلکدا، وە لە هەمان کاتیشدا نەخۆشخانەکانیان کردوە بە ئەهلی و بە پارەیەکی خەیالی چارەسەری نەخۆش دەکەن،وە خۆشیان بۆ ژانە سەرێک روو لە ولاتانی ئەوروپا دەکەن.
لەرووی جوگرافیەوە: سەرەرای هەبونی زیاتر لە ٤٠٠ هەزار چەکدار لە( پیشمەرگەو ئاسایش و پۆلیس و کۆماندۆ و دژەتیرۆر )هێشتا نەیان توانیوە سەروەری خاکی کوردستان بپارێزن، سەرەرای لەدەست دانی سەدا ٥١ی خاکی کوردستان، بەردەوامیش بە تانک و تۆپ و درۆن لەلایەن تورکیا و ئیرانەوە بۆردومان دەکرێت و هەولی داگیرکردنی دەدرێت.
لە رووی کشتوکالیەوە: کوردستان خاکێکی بە پیت و بەرەکەتە بۆ ئاژەلداری و سامانی ماسی و رەزو باخ و دانەوێلە و هتد، بەلام پارتی و یەکیەتی جوتیارو شوان و گاوان و سەپانیان نەهیشت، گوندەکان چۆڵکران و هەمویان کرد بە موچەخۆرو هێزی چەکدار، تاوەکو بەرگری لە خۆیان بکەن، وە خۆشیان پشتیان بە بەرهەمی دەرەکی دەبەست و بارزگانی هەموو جۆرەکانی خواردن و خواردنەوە بوون.
هەموو ئەمانە دەرخەری ئەو ڕاستیەن کە پارتی و یەکیەتی بەکەڵکی حوکمرانی نایەن، درەنگ یان زوو دەبێت کۆتاییان پێ بێت و حوکمەتێکی تەکنۆکراتی تەندروست لەسەر دەستی ژمارەیەک کەسی ئەکادیمی و پسپۆرو شارەزاو لیهاوو خاوەن ئیرادەو دلسۆزی خاک و نیشتمان بنیات بنرێ.



Post Comment