داڕمانی متمانە؛ چۆن حزبەکان ئایندهی هەرێمیان خستە مەترسییەوە؟
کارزان ئاوات عبداللە
ئەو دۆخە پڕ لە چەقبەستوویی و قەیرانە فرە ڕەهەندانەی ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت، تەنیا دەرەنجامی ڕووداوە دەرەکییەکان یان گۆڕانکارییە ناوچەییەکان نییە، بەڵکو زادەی ڕاستەوخۆی ئەو مۆدێلە شکستخواردووەی بەڕێوەبردنەیە کە حزبە باڵادەستەکان لە دوای ڕاپەڕینەوە و بەتایبەت لەم ساڵانەی دواییدا پەیڕەویان کردووە. حوکمرانی لە هەرێم لە چەمکی خزمەتگوزاری و بنیاتنانی دەوڵەتی دامەزراوەییەوە گۆڕاوە بۆ سیستمی دابەشکاریی حزبی و پاوانخوازی، کە تێیدا هەموو جومگە هەستیارەکانی ژیانی گشتی لە کەرتی دارایی و بازرگانییەوە تا دەگاتە کەرتی پەروەردە و دادوەری، خراونەتە خزمەت مانەوەی هێزە سیاسییەکان لەسەر کورسی دەسەڵات.
دیارترین ڕەهەندی ئەم پاشەکشە گەورەیە لە قەیرانی بژێوی و دارایی هاووڵاتیاندا ڕەنگدەداتەوە؛ کاتێک دەسەڵاتێک لە دابینکردنی سەرەتایترین مافی فەرمانبەرانی کە مووچەی مانگانەیە دەستەوستان دەبێت و ناتوانێت ئابوورییەکی هاوسەنگ و سەربەخۆ لە دەرەوەی ئابووریی تەنیا پشتبەستوو بە نەوت و فرۆشتنی سەرچاوە سروشتییەکان بنیات بنێت، ئەوا شەرعییەتی بەڕێوەبردنی خۆی دەخاتە ژێر پرسیارەوە. هاوکات لەگەڵ ئەم داڕمانە ئابوورییەدا، دیاردەی مەحسوبیەت و بنەماڵەیی لە دامەزراندن و گرتنی پۆستە باڵاکاندا بووەتە هۆی کوشتنی هیوای نەوەی نوێ و گەنجانی خاوەن بڕوانامە، کە ئەمەش ڕێگەی کۆچکردنی بەکۆمەڵی بەرەو هەندەران وەک تەنیا دەرچە بۆ ڕزگاربوون لەم نادادییە کۆمەڵایەتییە هێناوەتە ئاراوە.
لەلایەکی ترەوە، تێکەڵبوونی بازاڕ و سیاسەت و زاڵبوونی کۆمپانیا سێبەرەکانی سەر بە لایەنە دەسەڵاتدارەکان بەسەر کەرتی تایبەتدا، هۆکاری سەرەکییە بۆ نەهێشتنی کێبڕکێی ئازاد و چەوساندنەوەی کاسبکارانی بێپشتوپەنا، چونکە بڕیاری ئابووری لە ناوەندە نیشتمانییەکانەوە گواستراوەتەوە بۆ مەکتەبە سیاسییەکان. ئەم لاوازکردنە ئەنقەستەی دامەزراوە فەرمییەکانی وەک پەرلەمان و دادگاکان، سیستمی چاودێری و لێپرسینەوەی بەتەواوی پەکخستووە و وایکردووە یاسا تەنیا بەسەر هاووڵاتیانی ئاساییدا جێبەجێ بکرێت، لە کاتێکدا نوخبەی سیاسی و بازرگانە حزبییەکان لە سەرووی هەموو یاسا و پرسیارێکەوەن.
ئەم ملهوڕییە سیاسییە تەنیا بە قۆرخکاری داراییەوە نەوەستاوەتەوە، بەڵکو پەلی کێشاوە بۆ پاشەکشەیەکی مەترسیدار لە پرسی ئازادییە گشتییەکان و مافی ڕادەربڕین؛ بەجۆرێک کە گرتنی چالاکوانان و توندکردنی فشارەکان لەسەر دەنگە ناڕازییەکان و ڕۆژنامەنووسە سەربەخۆکان، بووەتە ستراتیژیەتێکی باوی دەسەڵات بۆ بێدەنگکردنی کۆمەڵگە. بەردەوامبوونی ئەم شێوازە لە عەقڵییەتی بەڕێوەبردن نەک هەر متمانەی نێوان هاووڵاتی و دەسەڵاتی بەتەواوی پچڕاندووە، بەڵکو قەوارەی دەستووری و سیاسی هەرێمیشی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی خستووەتە بەردەم مەترسییەکی ڕاستەقینە، چونکە هیچ قەوارەیەک ناتوانێت لەسەر بنەمای نادادی، برسیتی خەڵک، و سەرکوتکاری بەردەوام بێت، ئەگەر بەپەلە پێداچوونەوەی ڕیشەیی بە تەواوی پێکهاتەی حوکمرانیدا نەکرێت و بەرژەوەندی هاووڵاتیان نەخرێتە پێش بەرژەوەندییە تەسکەکانی حزب.



Post Comment