نوکتەی سەدە، دەستەڵات خزمەتکاری گەلە
بڕوا پیرۆت محمد
لە ڕۆژێکەوە کە مێژوو دەستی پێکردووە، بە گوێماندا دەچرپێنن کە مرۆڤەکان بە یەکسانی لەدایک دەبن و هیچ کەسێک لەوانی تر بەرزتر نییە، بەڵام دیارە ئەمە بڕگەیەکە لە پەڕتووکی حیکایەتەکانی پێش خەوتن. تیۆرییە کۆنەکە دەڵێت دەسەڵات خزمەتکاری گەلە, بەڵام کە سەیری واقیع دەکەیت، تێدەگەیت ئەمە تەنیا نوکتەیەکی سیاسیی بەتامە کە سیاسییەکانمان لە کاتی هەڵبژاردندا بۆمان دەگێڕێنەوە.
لە واقیعدا هاوکێشەکە بە تەواوی سەراوژێر بووەتەوە: ئەمە گەلە بووەتە خزمەتکارێکی دڵسۆز و بێمووچە بۆ پاراستنی عەرشی دەسەڵاتداران. دەسەڵاتدار لەجیاتی ئەوەی خەمی دابینکردنی ماف و ئەرکە سەرەتاییەکانی هاووڵاتی بێت، خەریکی نەخشەکێشانی کۆشکی نوێتر و ژیانی شاهانەیە لەسەر پشتی ئەو خەڵکەی لەناو قەیرانی بێئاماندا ژێرئاو کەوتوون.
تەنگژە گەورەکە تەنیا لە ڕەفتاری دەسەڵاتداردا نییە، بەڵکو لە ئەقڵییەتی ئەو کۆمەڵگەیەشدا دەردەکەوێت کە بە خۆشییەوە زنجیری بێدەنگی دەکاتە مل. کەسێک کە لەجیاتی ڕەخنەگرتن، دەستدەکات بە پیرۆزکردنی سیاسییەکان و لەخۆی گەورەتریان دەکات، بە کردار دەسەڵاتی بیرکردنەوەی ڕادەستی ئەوان کردووە،ئەمە وەک ئەوە وایە کلیلەکانی ئەقڵی خۆت بدەیتە دەست کەسێک کە بەڕێوەبەری قەیرانەکانتە.
کۆمەڵگەی کوردیش لەم شانۆگەرییە تاڵە بێبەش نەبووە. زیاتر لە نیو سەدەیە هەمان ئەکتەر و هەمان دەموچاو لە سەرەوەی شانۆکە وەستاون. نەوە دوای نەوە لەنێو ناز و نیعمەتدا گەورە دەبن، کەچی جەماوەرەکەش هێشتا لێپێچینەوەیان لێ ناکات. ئەم بارودۆخە گەیشتووەتە ئاستێک کە بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانی وەک بارزانی و تاڵەبانی وەک مۆتەکەیەک بەسەر ئاینجەندای ژیانی خەڵکەوە بنیشن،حوکمڕانییەک کە ئامادەیە ڕەوتی ژیانی ملیۆنان کەس پەکی بخات تەنیا بۆ ئەوەی ڕەنگ و ڕووی تاج و تەختی ئیمپراتۆرییەتەکەیان تێک نەچێت.



Post Comment