” هەنجەتیان لێ نابڕێت ، تاکەی بیانوو هێناوە بۆ شکستەکان “
دیار ڕزگار قادر
لە تەمەنی حەوت ساڵەی کابینەکەی مەسرور بارزانی هەر کاتێک کارێک سەرنەکەوت بیانوویەک ئامادەیە، بەغدا، دژمن، لایەنە سیاسییەکان، بارودۆخ، بودجە، هەموو کەس بەرپرسیارە جگە لە ئەوانەی بڕیارەکەیان داوە، هەموو کەسێک تۆمەتبار دەکرێت بەو بارودۆخە ناهەموارەی دروست دەکرێت جگە لە مەسرور بارزانی .
کێشەکە تەنها شکست نییە بەڵکو کێشەی مەسرور بارزانی ئەوەیە هەرگیز ئامادە نیە بڵێت من یان تیمەکەم لە حکومەت هەڵەمان کردووە، هەموو جارێک بیانووی بۆ شکستەکان هەیە، بەڵام بەرپرسیارێتی هەڵناگرێت، ناتوانێت هەموو کێشەکان بخاتە سەر شانی خۆی و بڵێت من هەڵە بووم.
مەسرور بارزانی و تیمەکەی لە حکومەت هەنجەت و پاساویان لێ نابڕێت، بەڵام خەڵکیش لە بیانووەکان ماندوو بووە، چونکە کاتێک ئەنجامەکان لەگەڵ بەڵێنەکان ناگونجێن لەبری داننان بە شکست چەندین بیانوی بێ مانا دێنەگۆڕێ، ئەمەش مایەی نیگەرانی خەڵکە.
لەماوەی حەوت ساڵدا بەردەوام مەسرور بارزانی وتویەتی (خەتای بەغدایە، جارێک لایەنەکانی دیکەن، جارێک بارودۆخە سیاسییەکان و جارێک ئۆپۆزسیۆن ) بەڵام هەرگیز ئامادە نەبووە وەڵامی ئەو پرسیارە سادەیە بداتەوە کە بەرپرسیارێتی ئەو بڕیارانە لەسەر شانی کێیە کە بوونەتە مایەی تێکدانی بارودۆخی ژیانی خەڵک ؟
مەسرور بارزانی شکستخواردوترین بەرپرسی کوردە لە حوکمڕانیدا، چونکە بۆ هەموو شکست و کەموکورتیەکی حکومەتەکەی دەیان پاساوی هەیەو زانیاری هەڵەو درۆی شاخدار دەرخواردی گەلەکەی دەدات.


