شێروان شێروانی، شوورەیی و ئابڕووچوونی دادگاکان
عبدالباست عمر حمد
دنیای مۆدێرن بە فەلسەفەی ئازادی تاکایەتی و ئازادی ڕادەربڕین ناسراوە.
بۆ ئەوەی تاک ڕۆڵێکی کارای هەبێ و سیستمی دیموکراسی بیپارێزێ، پێویستە مافی بەرگریکردن لە خۆی و بیر و بۆچوونەکانی هەبێ و سەرکوت نەکرێ.
ئەوەی بتوانی گوزارشت لە ڕای ئازادانەی خۆت بکەیت و بە بوێرییەوە بئاخفیت، بنچینەی هەرە سەرەکی سیستمی حوکمڕانی دنیای پێشکەوتووە.
ئەم تایبەتمەندییە، لە نێو سیستمەکەدا بە پارێزراوی هێڵراوەتەوە و بەندەکانی دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان، بوونەتە ساباتێکی ئارامییبەخش بۆی.
وەلێ ئەو خۆنمایشکردن و ڕادەبڕینە، بە ڕێزلێگرتن و پاراستنی مافی بەرانبەرەوە توندتوند گرێ دراوە.
یانی هیچ یەکێک لە تاکەکان بۆیان نییە سنووری خۆیان ببەزێنن و هەڵبکوتنە سەر مافی بەرانبەرەکەیان.
کەچی لە سیستمە داپڵۆسێنەرەکان و تۆتالیتارییەکانی وەکی ڕژێمەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، ئەم مافانە بە ڕۆژی ئاشکرا، ئەکرێنە ژێرپێوە.
هەرێمی کوردستانیش، بە حوکمی هەڵکەوتەکەی لەنێو گەلانی دواکەوتوو هەم داخراوی ناوچەکەدا، پریشکی ئاگری فشار خستنەسەر و زۆرلێکردن و بەرتەسککردنەوەی ئازادییە کەسییەکان، بوونە بە سیمای هەرە زەق و دیاری.
سیستمێکی خێڵەکی و بنەماڵەیی سەکوتکار و نەیاری ئازادی ڕادەبڕین، بووە بە کاڵای باڵای دیاری هەرێمەکەمان.
ئەوەتا دیسانەوە مەهزەلەی دادگا و یاریچکەی دادوەرانی بەکرێگیراو، 4 ساڵی دیکەیان بۆ چالاکوان: شێروان شێروانی درێژکردەوە و ئابڕووی سیستمی دادوەرییان برد.
ئەمە چییە، ناوبراو بە دەنگی بەرز ئەڵێ: نا بۆ گەندەڵی، نا بۆ قۆرخکاری سیاسی، نا بۆ تاڵانکردنی دەرامەت و سامانە سرووشتییەکان.
دەسەڵاتێک لە نووکی قەڵەمی چالاکوانێ بترسێ، عاقیبەتی هەر زەندەقچوون و تڕۆبوونە.
بەڵێ بۆ ئازادی ڕادەربڕین و داواکردنی مافەکان، نەخێر بۆ نیشتیمانفرۆش و تاڵانچییەکان. بمێنن کورد و کوردستان.
Post Comment