پێچەوانەکردنەوەی میکانیزمی ڕاست و چەوت لە حوکمڕانیدا و کاریگەرییەکانی لەسەر تاکی سیڤیل
میران ئەنوەر ڕەحیم
کاتێك کە کەسە هەڵەکان حوکمڕانی دەکەن
میکانیزمی ڕاست و هەڵە پێچەوانە دەبێتەوە.
کەسە ڕاستەکان دەبنە تاوانبار و تۆمەتبار دەکرێن
وە کۆیلەکانی دەسەڵاتیش بەپێی ئاستی کۆیلایەتییان خەڵات دەکرێن و بەرپرسیاسییەتییان پێ دەدرێت.
وە ئەمە بەتەنها پێچەوانەبوونەوەیەکی سادە نییە بەڵکوو شۆڕ دەبێتەوە بۆ خەڵکی سڤیل لەلایەن میرییەوە،وە سەرەنجام تاك ناچار دەکرێت کە ئەم میکانیزمە پێچەوانەییە لەژیانیدا بەرجەستە بکات تا سەلامەت و دوور لە بەڵابێت.
-زیندانی کردنی ئازادیخوازێکی وەك شێروان شێروانی بەتەنها دەرخەری ئەم میکانیزمە پێچەوانەیە نییە،بەڵکوو شێوازێکە لە ترساندن و تۆقاندن لەلایەن دەسەڵاتەوە بۆ سیڤیل تا ناچار بە کۆیلایەتی و کپ بوون و کوێربوون بکرێن لە ئاست ناعەدالەتی و سەرەنجام میکانیزمەکە قبوڵ بکەن.
ـ وە کوشتنی ڕۆژنامەنووس ویدات حوسێن کە بوێرانە و ڕاستگۆیانە ڕەخنەی لە دەسەڵات دەگرت لەلایەن پارتی و بارزانییەوە،وە ئازاردانی و بڕین و شکاندنی پەنجەکانی و شکاوی ئێسکەکانی و کوێر کردنی چاوی بەر لە کوشتنی،وە فڕێدانی لاشەکەی بۆ سەر شەقامێک بە ئانقەست لەلایەن پارتییەوە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی مێدیاکان…
بەتەنها پەیامی ئەم میکانیزمە پێچەوانەییە لەخۆ ناگرێت،بەڵکوو پەیامێکی هەڕەشەئامێزی تێدابوو بۆ هەموو چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان وە ئازادیخوازان کە ڕەخنە گرتن لە پارتی و بارزانی باجەکەی قورسە،وە لەکۆتاییشدا ناچار کردنی خەڵکە کە بێدەنگی هەڵبژێرن و میکانیزمە پێچەوانەییەکە قبوڵکەن.
ئەم میکانیزمە پێچەوانەیە بەتەواوی خەڵکی سیڤیلی خستۆتە دۆخێکەوە کە نازانێت دوای ڕاستی بابەتەکان و کەرامەتی بکەوێت یان دوای سەلامەتی و بێ بەڵایی؟
-مەلا دەبێت لەسەر مینبەربێت و مەعاشی ئەوقاف وەرگرێت و بێدەنگبێت لەئاست ستەمکاران یان کارە ڕاستەکە بکات کە لەسەر مینبەر لا ببرێت و نان بڕاو بکرێت لەسەری؟
-چەکدارەکان دەبێت چەک هەڵگرن و تەقە لە خۆپیشاندەر و مامۆستا و مووچەخۆر بکەن بۆ مووچە و ژیانیان،یان دەبێت چەک فڕێدەن و نان بڕاو بکرێن لەسەری؟
ئەم میکانیزمە پێچەوانەیە لە حوکمڕانیدا کە بارزانی و تاڵەبانی خولقاندویانە بەتەواوی کاریگەری دەکاتە سەر تاک،گەر ئێمە فریای خەڵکەکەمان نەکەوین تێکڕا دەبنە کۆیلە بۆ نان بۆ ئاو بۆ مووچە بۆ سەلامەتی و دوور لە بەڵایی،تاک گەر دوای کەرامەتی بکەوێت وەک ویداد لەدوای تیرۆر کردنی بێڕێزی بە لاشەکەشی دەکەن و شکۆی لەکەدار دەکەن.
تاکی کورد دەبێت لەوە تێبگات کە ئازادی مرۆڤ لەوایە کە بیرێکی ئازادی هەبێت.
دەبێت تاکی کورد فێر بکرێت گەر ئازادی نەبوو،وە لەبەرامبەردا کۆیلایەتی هۆکاری مانەوە و ژیانبوو؟،ئەوە دەبێت تاکی کورد مەرگ و زیندانی خۆشتر بوێت لە ئازادییەکی کارتۆنی بە سپۆنسوری کۆیلایەتی.
کە ئەم میکانیزمە پێچەوانەیە دەبینین دەبێت ئێمە زیندان و مەرگ هەڵبژێرین و کۆڵ نەدەین لە بیرو باوەڕە ئازادیخوازانەکەمان کە شکۆی ئێمەی پێوە بەستراوە.
دڵنیابە کە زیندانی کردنت و کوشتنت کارە ڕاستەکەیە گەر لەلایەن ئەو حوکمڕانەوەبێت کە بە میکانیزمێکی پێچەوانە حوکم دەکات و (ڕاست و هەڵە وە دڵسۆزی و خیانەتکاری)پێچەوانە دەکاتەوە.
لە کۆتایدا…
خیانەتکارەکان کەپیاوی ئێران و تورکیان بوونەتە شۆڕشگێڕ و دڵسۆزی وڵات و خۆشترین ژیان بەسەر دەبەن و حوکمڕانی خەڵک دەکەن،وە شێروانیش خیانەتکار و گێرەشێوەێنە و زیندانی کراوە چوونکە شیاوی ناو کۆمەڵگا نییە.
کەواتە مرۆڤێکی ئازادیخوازی وەک شێروان شێروانی بوونی لەناو چ کۆمەڵگایەک نەشیاوە؟
*بێگومان کۆمەڵگایەک کە بە کۆیلە کراوە.
کەواتە بە زیندانی کردن و کوشتنی ئازادیخوازان دەسەڵات تەنها خۆی ناپارێزێت،بەڵکوو تۆ بەرەو کۆیلایەتی دەبات تا شیاوی میکانیزمە پێچەوانەکەی ئەوانبیت.
بەڵام ئێمە ئەمانەوێت تۆ مەرگ و زیندان هەڵبژێری بە شکۆوە،تا بەو حوکمڕانانە بڵێیت ئێوە شوێنەکەتان هەڵەیە و دەبێت کەسی ڕاست بێتە شوێنەکەتان نەك هەموو کۆمەڵگە دوای کۆیلایەتی بکەوێت بۆ ئەوەی لەگەڵ ئێوە بگونجێت!
Post Comment