وێرانکردنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان
سەرکۆ سلێمان حسێن
ماوەی مانگێکە ئەنجومەنی وەزیرانی ماوەبەسەرچووی هەرێمی کوردستان، کە بەپێی ڕۆتین دەبوو هەموو چوارشەممەیەک کۆببێتەوە، هیچ کۆبوونەوەیەکی نەکردووە.
ئەم بێباکییە لە کاتێکدایە کە ژیانی هاوڵاتیانی کوردستان گەیشتووەتە ئاستێکی نالەبار و پڕ لە قەیران.
سێ مانگە مووچەخۆران مووچەیان وەرنەگرتووە، بێجگە لەوەی کە ٦٠ مووچەی تریشیان لای ئەم حکومەتەیە، ئەم دۆخە نالەبارە بازاڕی ئیفلیج کردووە و هاوڵاتیان ناتوانن پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیان دابین بکەن.
کۆنەبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران و دابەش نەکردنی مووچە، نیشانەی بێباکییەکی تەواوە لە بەرامبەر ئازار و مەینەتییەکانی خەڵک، یاریکردن بە قوتی مووچەخۆران و گوزەرانی هاوڵاتیان، گوزەرانی خەڵکی هێندەی تر وێرانتر کردووە. ئەم دۆخە بە ڕوونی دەریدەخات کە ئەولەوییەتەکانی ئەم حکومەتە ماوەبەسەرچووە چەندە لە واقیعی ژیانی هاوڵاتیان دوورە.
لە کاتێکدا کە زۆرینەی خەڵک لەگەڵ کێشەی بێمووچەیی و گرانی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکاندا دەستەو یەخەن، کوڕ و نەوەی بەرپرسان لە زانکۆ تایبەتەکان دەخوێنن و ژیانێکی شاهانە دەژین. ئەوان هیچ هەستێک بە ئازاری خەڵک ناکەن و ئاگایان لە بارودۆخی دژواری ژیانی هاوڵاتیان نییە، ئەم دۆخە جیاوازییە گەورەیە، قین و بێزاری خەڵکی لە دەسەڵات زیاتر دەکات.
پێویستە ئەم حکومەتە ماوەبەسەرچووە کۆتایی بە بێباکییەکانی بێنێت کۆبوونەوەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک بێت.
دابەشکردنی مووچە و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتیان، کەمترین ئەرکی ئەم حکومەتەیە، درێژەکێشانی ئەم دۆخە و بێباکییە بەردەوامە، دەبێتە هۆی زیاتر تێکچوونی دۆخی گشتی و لەدەستدانی متمانەی تەواوی خەڵک بە دەسەڵات.
Post Comment