پێویستە خۆپیشاندانەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بگەنە هەولێر، سلێمانیی، دهۆک و هەڵەبجە:
ئاریان عومەر
هەموو ئەو گوزەران خراپیەی هاوڵاتیان و دزینی سەروەتی وڵات لە لایەن بەرپرسان، ناعەدالەتیی و نەبوونی خزمەتگوزاریی کە لە بەغداد و باشووری عێراق هاوڵاتییان باسی لێوە دەکەن، ئەوە لە هەرێمی کوردستان زۆر بەزیادەوە بوونی هەیە.
لە هەرێمی کوردستاندا نەک ئەوانە هەن، بەڵکو موچەی فەرمانبەرانیش نادەن و هاوڵاتییان و کاسبکارانی ناو بازاڕ لە دۆخێکی ئەوپەڕی خراپییدان.
گەنجانمان بێکارن و تەنها لە ساڵی ٢٠١٤ تا ئێستا زیاد لە نیو ملیۆن گەنجی تەمەن ١٨ سال تا ٢٥ ساڵمان هەن بێکارن، هەروەها نزیکەی ٢٠٠ هەزار گەنجی دەرچوی زانکۆ و پەیمانگاکان بێکارن و دانەمەزراون و نازانن داهاتوویان بە کوێ دەگات.
ژنان و کچانمان بێکارن و لە ماڵەوە فەرامۆش کراون و هیچ هەلێکی کار یاخود ستراتیژێک نییە بۆ خزمەتی ژنان.
کوردستان بێ ساحیبە و ئەوەی هەیە ئەوەیە کە هەر بەرپرسە و دەستی گرتوە بەسەر بازرگانیی و بزنسێکدا و قووتی میلەتیان گرتووە و خەریکی خۆیان و مناڵەکانیانن دەوڵەمەندیان کەن.
سلێمانیی، هەولێر، دهۆک و هەڵەبجە بێ ساحێبن و سەرکردەی دڵسۆزیان نییە، کەسیش نازانێت کێ لە غەمی ئەم شارانە و هاولاتیانی ئەم شارانەدایە.
کەرکوک نەک وێران کراوە و بە جێهێڵدراوە، بەڵکو ئێستاش دوو حیزبی دەسەڵاتدار تەنها لە غەمی نەوتی کەرکوکدان و بیر لەوە دەکەنەوە چۆن کێڵگەکانی ‘بای حەسەن و هاڤانا’یان دێتەوە دەست تا نەوتەکەی بەرن. نەک بیر لەوە بکەنەوە چۆن خەڵکی کەرکوک خۆشگوزەران و دڵخۆش بکەن.
چەند بنەماڵەیەکی سیاسیی فەرمانڕەوا، تەنها ئەوە ماوە بێنە نێو ماڵی هاوڵاتییان و ناوماڵەکانیان بدزن، دەنا هیچ نەماوە نەیکەن.
ئایا ئەگەر ئێستا خەڵک ڕانەپەڕێت و ناڕەزایەتیی دەرنەبڕێت و داوای مافی خۆی نەکات، ئەوە کەی دەیکات؟
من بەش بە حاڵی خۆم لەگەڵتانم، ئامادەم خۆم لەگەڵتان بێمە سەر شەقام و داوای مافی خەڵکی بەشخوراوی وڵاتەکەمان بکەین.
دەبێت هەموومان پێکەوە باوەڕمان بە خۆمان هەبێت و باوەڕمان بە یەکتر هەبێت و پێکەوە دەست و پشتی یەک بگرین.
دەبێت مامۆستا و كاسبکار، فەرمانبەر و دانەمەزراو، چینی هەژار و مام ناوەند، رۆشنبییر و هاوڵاتیی ئاسایی، هەموو پێکەوە پشتی یەک بگرین و پێکەوە هەمومان بێینە سەر شەقامەکان.
پارتیی و یەکێتیی پێیانوایە میلەتەکەمان هیچ ناکات و خەڵک نارەزایی دەرنابڕێت. بەلام تەنها چوونمان بۆ سەر شەقام و دانیشتنمان لەسەر جادەکان، پەیامێکی زۆر ڕوونە بۆ دەسەڵات و گۆڕانکاریی گەورە بە دوای خۆیدا دەهێنێت.
منداڵەکانمان سبەی لێتان دەپرسن ئاخۆ چیتان کردوە بۆ ئەوەی داهاتوی ئەوان خۆشگوزەران بکەین؟ ئاخۆ هەڵوێستمان چی بووە لە ئاست ئەوم هەموو زوڵمەی دوو حیزبی فەرمانڕەوا؟
هیوادارم ئەو کاتەی تەمەنمان تێدەپەڕێت، وەڵامێکی گونجاومان پێبێت بۆ ئەوان.
Post Comment