شانۆگەری سیاسیە درۆزنەکان
ڕاوێژ ڕزگار تەها
لە دەستپێکی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق دووبارە وەکوو هەموو کاتێک. تاکەکانی عێراق و کوردستان بەتایبەت، شایەتی تازەترین ڤێرژنی درۆی سیاسیەکان دەبنەوە، ئەم حیزب و سیاسیانەی کە چەندان ساڵە هۆکاری هەرچی نەهامەتی و چەوساندنەوەی ئەو گەلەن، ئەوان کۆمەڵەیەکن لەژێر ناوی حیزب و سیاسەت و حوکمڕانی سیستمێکی داپڵۆسێنەریان دروست کردووە کە میللەت لەژێر باری ئەو سیستەمەدا ئاشنای هەموو جۆرەکانی ئازار و چەوساندنەوە بۆتەوە. ئێستاش دووبارە شانۆی درۆکانیان دەست پێدەکاتەوە کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە! لەژێر سەرپەرشتی کۆمیسیۆنێکی ساختەکار دا لەکاتێکدا دەسەڵات لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستی بەسەر هەموو جومگەکان دا گرتووە و لە بەرژەوەندی خۆی دا بەکاریان دەهێنێت. شتێکی سەیر و نامۆ نییە ئەگەر کۆمیسیۆنیش سەربەخۆ نەبێت لەکاتێکدا هەموو شتێک “لە ئەلف تا یائـ” لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە حیزبی کراوە بڕیاری کۆتایی هەر لەلای خۆیانە! تۆ وەکو تاکێکی عێراقی هیچ کات ناتوانی لەژێر چەتری ئەوانە بەدوای دیموکراسیەت بگەڕێیت وە هیچ کات پڕۆسەیەک جێی باوەڕ نییە کە کۆمیسیۆن و دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکان لە دەست حیزبە سیاسیەکان و گروپە چەکدارەکان دابێت و هیچ کات چاوەڕێی ئەوە ناکرێت هەر یەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان مل بۆ هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کەچ بکەن .
Post Comment