دەنگی پێی سەرۆك دێ
سالار واحید سابیر
پاش هەڵبژاردنی ٢٠٢٥، حەلبوسی و سووننەکان بە پاڵپشتی سعودیە، ئیمارات و ئەمریکا بە توندی داوای پۆستی سەرۆککۆماریان کردووەتەوە و دەڵێن: «ئەوە مافی ئێمەیە، کورد، بەسە!»
شیعەکانیش بە ترس و دڵەڕاوکێوە دەڵێن: «نا، ناهێڵین سووننە جارێکی تر بگەڕێتەوە سەر کورسی سەرۆککۆمار، ئەوە دەبێتە دەرگایەک بۆ گەڕانەوەی نفوزی سعودیە و ئەمریکا بەسەر عێراقدا.»
لە نێوان ئەم دوو ئاگرەدا کوردەکان وەستاون، بەڵام بەداخەوە بە پەرتەوازەیی و بێهێزییەکی شەرمەزارانە:
تەنانەت لە میدیاکانیاندا زیاتر باسی مووچە و بودجە دەکەن، نەک باسی ئەوەی کە پۆستی سەرۆککۆمار لە دەست دەچێت و لەگەڵیدا هەموو هاوسەنگییەکی سیاسی کورد لە عێراق تێکدەچێت.
ئەنجام؟
حەلبوسی و سعودیە و ئیمارات بەیەکەوە کاری جدی دەکەن بۆ ئەم مەبەسەتە ، شیعەکان بەیەکەوە لە دژیان دەوەستنەوە ، ئەمریکا چاودێری توندی دۆخەکە دەکات و لە کۆتاییدا پێدەچێت بەلای سووننەکاندا بچێتەوە؟ کورد بەم بێهێزی و پەرتبوونەی حکومەتی هەرێمەوە، بە دەستی خۆی پۆستێک دەداتێ کە بە خوێن و ٣٥ ساڵ تێکۆشان بەدەستی هێناوە.
شەرمە بۆ ئەو حکومەتەی کە ناتوانێت مافێکی ئاوا ستراتیجی پارێزراو بکات و خەریکی شەڕی کورسی ناوخۆییە!
پارتی و یەکێتی هەر یەک بە جیا دەیانەوێت کاندیدەکەی خۆیان بکەن بە سەرۆککۆمار، بەڵام هیچیان ناتوانن ڕێکبکەون.
حکومەتی هەرێم لەبری ئەوەی ببێتە یەک دەنگ و یەک هێڵی سوور لە بەغدا، خەریکی ململانێی ناوخۆیی و پاراستنی کورسییەکانی خۆیەتی لە هەولێر و سلێمانی.
سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمان، هیچیان یەک وتەیەکی جددی و یەکگرتوویان نییە بۆ پاراستنی ئەم مافە مێژووییەی کورد.


