پڕوپووچی

هاوکار باهیر

زۆر پێش سەردەمی پڕوپووچی، ئەو دیاردەیە بە کزی و لێرە و لەوێ هەر هەبووە، بەڵام دوای ئەوەی پەرەی سەند و گەشەی کرد، بوو بە دیاردەیەکی جیهانی.

ئەو  دیاردەیە  زوو یان درەنگ کۆتایی هەر پێ دێت.

ئەوەی مایەی تێڕامانە،

 باووباپیرانی ئێمەی کورد هەستیان بەو نەخۆشییە کۆمەلايەتييە  کردووە ، بۆيە  لێکەوتەکان و کارەکتەرەکانیان بە سووکوچروک بینیوە و نەفرەتیان لێ کردووە. هەر لەبەر ئەوەشە ناوێکی پڕ بە پێستی خۆیان لێ ناوە، واتە ناوەکە ( پڕوپووچی )دەربڕی ناوەڕۆکەکەیەتی.

پڕ: تەژی، قەبە.

پووچ: بێ ناوەڕۆک، بێ بەها.

پڕوپووچ بەیەکەوە: واتە قەبەیەکی بێ ناوەڕۆک! ڕێک وەک  دەبدەبە  پڕە لە با، بەڵام   هیچيش نييە …

کەواتە لەناو کورددا هەمیشە کەسانی پڕوپووچ هەبوون، بەڵام ئەو کەسانە بە پێچەوانەی ئێستا نەک هەر ڕێزیان لێ نەگیراوە، بگرە بە سووکیش سەیر کراون، چونکە زانراوە ، کە باقوبریق و قەبەیی و خۆهەڵکێشان و خۆنواندن و دەرکەوتنیان فشەیە و تەنیا  پڕکراوی بان ، بۆیە بەرگەی هیچ جۆرە ساردی و گەرمییەک ناگرن.

دیاردەی پڕوپووچی هەموو دنیای گرتووەتەوە، بەڵام مخابن  لە کوردستانیشی  داوە و خەریکە دەبێتە سیستەمیش.

ڕەنگە پرسیارێک بکرێ و بڵێن: بۆچی بەو دژوارییە کوردستان تووش بووە؟

وەڵامی ئەم پرسیارە سەرپێیی نابێ، بەڵام دەتوانم ئاماژە بە دوو هۆکار بدەم:

يەکەم :

دواکەوتوویی سیستەمی  سياسی و حوکمڕانی.

دووەم:

گەندەڵی و دەسکەوتی بێ ئەرک و بێ ڕەنجی دارایی زۆر و زەوەند.

لە سایەی ئەم بارودۆخەدا، هەندێ جار بە پلان و هەندێ جاریش بێ پلان، کەسانی پڕوپووچ پێگە و جومگەی گرنگ و کاریگەری  سياسی و کارگێڕی و تەنانەت نوێنەرايەتيش وەردەگرن. ئەو پڕوپووچانەش نەک هەر بەرگری لە یەکتر دەکەن، بەڵکوو پەرە بە دياردەکە دەدەن و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هەر کەسێک ڕێگەی ئەوان نەگرێتە بەر و پیشەکەیان نەکاتە چەپڵەلێدان و ستایشی بێ هۆ، هەر لە پەراوێز دەمێنێتەوە.

کاتێکیش لەناو هەر دامەزراوەیەکی سیاسی-کۆمەڵایەتیدا پڕوپووچەکان تۆڕی خۆیان ڕێک خست، ئەو کات بە شێوەیەکی سیستەماتیک پڕوپووچی بڵاو دەکەنەوە، بەڵام ئەوان جگە لە کەرەستەی ڕازاندنەوەی کاتیی گەورەکانی خۆیان، هیچی تر نین.

ڕەنگە سەرنجی ئەمەت نەدابێت