دەرمانی کوالێتی نزم و ماوەبەسەرچوو لە عێراق و هەرێمی کوردستان ..!
دەرباز محمد حسین
دەرمانی کوالێتی نزم و ماوەبەسەرچوو لە عێڕا ق و هەرێمی کوردستان لەدوای ساڵی( ٢٠٠٣ )وە ڕوبەڕوی مەترسیەکی گەورە بۆتەوە. هەرچەندە وەزارەتی تەندروستی هەوڵی زۆریداوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕی دەرمان ، بەڵام هێشتا بڕێکی زۆر لە دەرمانی کوالێتی نزم و ماوەبەسەرچوو لە بازاڕەکاندا دەبینرێن ، کە مەترسی گەورە و جدیـیان لەسەر ژیانی نەخۆش دروستکردووە . وەچەندین جار بینیمان و بیستمان لە ساڵانی ڕابردوو بە هۆی ئەم کێشەیە چەندان نەخۆش چاوەکانیان لەدەستداو چەندانی تریش گیانیان لەدەستدا . بەداخەوە تاکو ئێستاش ئەم ڕوداوانە دوبارە دەبنەوەو بنبڕ نەکراون .
هەندێک هۆکاری سەرەکی هەن کە وایان کردووە ئەم دیاردەیە بەردەوام بێت وەک :
هەبوونی سنوورێکی فراوان و هەندێکجار کۆنترۆڵنەکراو کە ڕێگە خۆش دەکات بۆ هێنانی دەرمانی قاچاخ بەبێ پشکنینی تاقیگەیی . کە ئەمەش ڕاستەوخۆ لەلایان بەرپرسە باڵاکانەوە ئەنجام دەدرێت بۆیە بەئاسانی لە سنورەکانەوە دێتە ناو خاکی عێڕاقەوە . نەبوونی چاودێری ورد لە چاودێری کردنی دەرمانخانەکان و کۆمپانیا ئەهلییەکان . بازرگانی کردن بەدەرمانی ساختەو کوالێتی نزم قازانجێکی خێرای هەیە ئەمەش وای کردوە هەندێك لەکۆمپانیاکان بەسەرپەرشتی بەرپرسەکان دور لەبەها مرۆیــیـەکان ئەم کارە بکەن . دەرمانی قاچاغ زۆربەی لە وڵاتانی دراوسێ و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بە دزییەوە لە سنورەکانەوە دێت ، بەڵام مەترسییەکە هەر ئەوەنییە کە بە دزییەوە دێت ، بەڵکو مەترسییەکی گەورەی تەندروستییە ، چونکە زۆرێک لە دەرمانەکان وەك ( ئینسۆلین و ڤاکسین و دەرمانی شێرپەنجە ) پێویستییان بە پلەی گەرمی دیاریکراو هەیە ، بەڵام دەرمانی قاچاغ لە بارهەڵگردا دەگوازرێتەوە لە پلەیەکی گەرمی بەرزدا ئەمەش دەبێتە هۆی تێکچونی پێکهاتە کیمیاییەکانی دەرمانەکە بۆ پێکهاتەی ژەهراوی . بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشە پێویستە حکومەت بازاڕی دەرمان لەژێر دەستی بازرگان و بەرپرسە بێویژدانەکان دەربێنێت بە شێوەیەکی تەندروست لە سنورەکان بهێنرێتە ناو عێڕاق و بە کۆنتڕۆڵێکی ورد و بەهێزدا بڕوات.



Post Comment