عێراق لە نێوان دەوڵەت و میلیشیادا، کاتێک حەشد دەبێتە چەقۆ لەسەر گەرووی نیشتمان
ڕزگار جەبار محمد
عێراق چیتر ئەو وڵاتە نییە کە یاسا و دەستوور ئاڕاستەی بکەن؛ ئێستا ئەم وڵاتە بووەتە دیلێکی دەستبەستراوی ناو پڕۆژەیەکی میلیشیایی کە تەنها یەک ئامانجی هەیە: ئەویش سڕینەوەی چەمکی دەوڵەت و سەروەریی یاسایە . حەشدی شەعبی، کە وەک هێزێکی “نیشتمانی” خۆی دەناسێنێت، لە ڕاستیدا بووەتە بازوویەکی سەربازی بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای وڵاتانی دەرەکی، بەتایبەتی ئێران، و گۆڕینی عێراق بۆ گۆڕەپانێکی شەڕی بەوەکالەت.
ئەو هێزانەی لەژێر چەتری حەشدا کۆبوونەتەوە، لە جیاتی پاراستنی سنوورەکانی عێراق، سەرقاڵی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی تارانن. ئەوان نەک هەر بنەماکانی دیمۆکراسی و مافی مرۆڤیان پێشێل کردووە، بەڵکو چەمکی هاوڵاتیبوونیان لە عێراقدا کوشتووە. لای ئەوان مرۆڤ تەنها ئامرازێکە بۆ شەڕ، و هەر دەنگێکی ناڕازی کە داوای ژیانێکی مەدەنی بکات، بە فیشەک و ڕفاندن وەڵام دەدرێتەوە.
ئەگەر سەیری پەیوەندییەکانی ئەم هێزانە بکەین لەگەڵ هەرێمی کوردستان، دەبینین هیچ کات وەک هاوبەشێکی نیشتمانی سەیری کوردیان نەکردووە. مێژووی چەند ساڵی ڕابردوو پڕە لە هەڕەشە، موشەکباران و گەمارۆی ئابوری دژی گەلی کورد. تاکە هۆکارێک کە وای کردووە ئێستا زمانە زبرەکەیان بەرانبەر هەرێم کەمێک نەرم بکەنەوە، ترسە نەک ڕێز.
ئێستا کە گروپە جیهادییە سوننەکان لە سوریا سەریان هەڵداوەتەوە و مەترسیی پەڕینەوەیان بۆ ناو خاکی عێراق هەیە، حەشدی شەعبی تووشی شڵەژان بووە. ئەم هێزانە دەزانن کە لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەقینەدا، ناتوانن لە چەند بەرەیەکدا شەڕ بکەن.
ئەگەر ترسیان لەو گۆڕانکارییە سەربازییانەی سوریا نەبوایە، بێگومان لەم فەوزایەدا دەمێک بوو پەلاماری هەرێمی کوردستانیان دابوو بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی سڕینەوەی قەوارەی هەرێم.
حەشدی شەعبی فێری بونیادنان نەبووە، تەنها لەناو فەوزا و کوشتندا گەشە دەکات. عێراقێک کە میلیشیا تێیدا بڕیاردەر بێت، هەرگیز نابێتە وڵاتێکی دیمۆکراتیک. ئەم هێزانە نەک هەر مەترسین بۆ سەر پێکهاتەکان، بەڵکو گەورەترین هەڕەشەن بۆ سەر پاشەڕۆژی نەوەکانی داهاتووی عێراق، چونکە ئەوان وڵاتێکیان دەوێت بەبێ یاسا، تەنها بۆ خزمەتکردنی ئەجێندای ویلایەتی فەقێ.



Post Comment