کاتێک دەبێتە شەڕی شەیتانەکان

دیار هەرکی – دامەزرێنەری سەرنج پرێس

لەدوای شەڕی خلیج  لە نەوەد و یەک، هەرێمی کوردستان نیمچە سەربەخۆیی وەرگرت و هێزەکانی عێراق کوردستانیان جێ هێشت و کورد حکومەتی خۆیان پێک هێنا، بەڵام لەجیاتی کارکردن پیکەوە، پارتی و یەکیەتی شەڕی ناوخۆیان دەست پێکرد. لە نەوەد و چوار، تەنها بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی بەسەر ئەوی ترا، کاتێک لە نەوەد و شەش پارتی شکستی هێنا، پارتی پەنای بۆ بەعسیەکانی عێراق برد.

لە سیو یەکی ئاب چی ڕوویدا؟

دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە لە وەڵامێکدا بۆ مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی دەڵێت: 31ی ئاب وەڵام بوو بۆ ئەو داگیركاری و پەلامارە و، بە كورتیەكەی (دفع الافسد بالفاسد) بوو واتا لەناوبردنی شەیتان بە شەیتانێکی تر، كە ئاوەدانی و سەقامگیری بۆ خەڵكی كوردستان بەدوای خۆیدا هێنا و نیشتیمانیش وەك خۆی بە پارێزراوی مایەوە.

بەڵام ڕاستی بابەتەکە بەم جۆرە بوو ؟ هێنانی دەبابەی ئەنفال چیەکان بۆ هەولیر، بۆ سەقامگیری و پارێزگاری بوو لە هەولێر یاخود قەبوڵ نەکردنی هیچ هێزێکی تر بوو  کە باڵادەست بێت جگە لە پارتی؟

 ئاری هەرسین لە چاوپێکەوتنێکا وتی دەستی ئەو کەسە بشکێ کە دەستی دوژمن دەگرێ و دەیهێنێت بۆ ناو هەرێم، بێ ئاگا بوو لەوەی هەر مەسعود بارزانی بوو شکستی دژی یەکیەتی پێ قەبوڵ نەکرا و دەستی دوژمنی سەرسەختی کورد و ئەوکەسەی هۆکاری ئەفالی هەڵەبجە و ڕشتنی خوێنی هەزاران لاوی کورد بوو کە جەیشی عێراقی بە تانک و هێلیکۆپتەر و سەربازەوە هێرشی کردە سەر هەولێر بە ڕابەرایەتی پارتی و سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی،

هەر خۆی مەسعود بارزانی لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت “ئێستا پێم بڵێی پردێک چۆن دروست دەکرێت نازانین، بەڵام دەزانین چۆن دەیڕوخێنین، چونکە ئەوە ئیشی ئێمە وا بووە. هەر لە قسەکانی خۆیدا دان بەوە دادەنێت ڕوخاندن کاری ئەو بوە نەوەک بنیاد نانەوە،

جەلال تاڵەبانیش بەرپرسی دووەمە لە تەواوی ئەو روداوانەدا لەبەر ئەوەی ئەویش دەستی پاسدارانی ئێرانی گرت و هێنای بۆ داگیرکردنی هەولێر و دەر‌هێنانی لەژیر دەستی پارتی. پارتی و یەکیەتی وەک دوو قەلە ڕەش وان بەیەکتر بڵێن ڕوت ڕەش بێت. خیانەتەکانیان هێندە زۆرە هەر چی شتێک بە یەکتر بڵێن هەردوکیان ڕاست دەکەن. چاوەڕێ بکەیت دوو کەسی نەخوێندەوار وڵاتت بۆ ببات بەرێوە چارەنوسمان لەوە باشتر نابێت.

دیار هەرکی دامەزرێنەری سەرنج پرێس و ڕۆژنامەنووسی تۆمارکراوە لە وڵاتی بەریتانیا و هەرێمی کوردستان

ڕەنگە سەرنجی ئەمەت نەدابێت