سی ساڵ تاڵانی: کەی کاتی ئەوە دێت بەس بڵێین؟
هەڤاڵ علی
بۆ ماوەی زیاتر لە سێ دەیە، هەرێمی کوردستان لە نێوان دوو بەرداشی “پارتی و یەکێتی”دا دەهاڕدرێت. ئەوەی ئێمە دەیبینین تەنها حکومڕانی نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی سیستماتیکی “دزی و تاڵانی”یە کە نەک تەنها داهاتی ئەمڕۆ، بەڵکو نەوەکانی داهاتووشیان ڕەهنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان کردووە.
ساڵانە ملیارەها دۆلار لە داهاتی نەوت دەچێتە گیرفانی کۆمپانیا سێبەرەکانی ئەم دوو حیزبە، کەچی کاتێک دێتە سەر مووچەی مامۆستایەک یان فەرمانبەرێکی داماو، دەڵێن “پارە نییە و بەغدا نایەنێرێت”. چۆن دەبێت وڵاتێک لەسەر دەریایەک نەوت بێت، کەچی گەنجەکانی لە دەریای ئیجەدا بخنکێن بۆ پار پاروە نانێک؟ ئەمە نەفرەتێکە بۆ خەڵک و نیعمەتێکە بۆ بنەماڵەکان.
هەرچی خاڵی سنووری و گومرگ هەیە، کراوەتە مڵکی شەخسی و حیزبی. داهاتی ئیبراهیم خەلیل و پەروێزخان و باشماخ لە کوێن؟ بۆچی دەبێت خەڵک باج بدات و پارتی و یەکێتیش پارەکەی دابەش بکەن؟ ئەم دابەشکارییە تەنها بۆ دزییەکەیان نییە، بەڵکو بۆ ئەوەیە کە هەرێمەکە هەمیشە بە پارچەپارچەکراوی بمێنێتەوە تا ئەوان بتوانن بە ئاسانی ڕاووڕووت بکەن.
لە کاتێکدا سەرکردەکان و کوڕ و کچەکانیان لە دوبەی و لەندەن خەریکی کڕینی ڤێلا و کۆشک و ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرزن، لێرە باوکێک شەرمەزاری بەر چاوی منداڵەکانی دەبێتەوە چونکە ناتوانێت نەوتێکی گەرمکەرەوە یان کیلۆیەک گۆشت بکڕێت. ئەمە نەک هەر گەندەڵییە، بەڵکو “تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی”یە بەرامبەر بە میللەتێک کە هەموو تەمەنی لە شۆڕش و قوربانیدان بەسەر برد.
تا کەی بە ناوی “کوردایەتی” و “پاراستنی قەوارەی هەرێم”ەوە بێدەنگ دەبین؟ قەوارەیەک کە تەنها بۆ گیرفانی ئەوان بێت و بۆ ئێمە تەنها هەژاری و بێکاری بێت، چ مانایەکی هەیە؟ پارتی و یەکێتی دوو ڕووی یەک دراون؛ یەکێکیان بە ناوی “دەوڵەت” و ئەوی تریان بە ناوی “دیموکراسی” خەریکی بەتاڵکردنی گیرفانی ئەم خەڵکەن.
بەسە چیتر مەیەڵن بە دروشمی بریقەدار فریوتان بدەن. ئەم خاکە هی هەمووانە، نەک تەنها هی دوو بنەماڵە و چەند کۆمپانیایەک!



Post Comment