چارەنووسی پەکخستنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان..!
شاهۆز جلال سدیق ـ چالاکوان
پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ماوەی نزیکەی ٣ ساڵە بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان جووت حیزبی بنەماڵەی (پارتی و یەکێتی) دەرگاکەی قوفڵکراوە و پەکخراوە، وە ئەم پەکخستنەش کاریگەرییەکی زۆر خراپی لەسەر ژیانی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە ڕووی سیاسی و ئابووری و خزمەتگوزارییەکان بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان هەیە.
وەکو ئاشکرایە لە ڕووی سیاسییەوە نەبوونی پەرلەمان واتە لاوازی لە چاودێری بەسەر دامودەزگاکانی حکومەتدا و هەروەها لاوازی یاسادانان، وەکو دیارە لە ئێستادا لە هەرێم حکومەت بەئارەزووی خۆی کاردەکات بەڵام پەرلەمان ناتوانێت چاودێری بکات چونکە پەکخراوە، وە لەبەر ئەم هۆکارەش هاووڵاتیانی هەرێم متمانەیان بە هیچ شێوەکە دامەزراوە دیموکراسییەکان نەماوە، لە ڕووی ئابوورییشەوە پەکخستنی پەرلەمان کاریگەری لە پەسەندکردنی بودجە و چاکسازیی ئابووری هەیە، وە زۆر پرسی گرنگی وەک مووچە و نەوت و وەبەرهێنان بەبێ چارەسەر ماونەتەوە لە هەرێمی کوردستاندا.
لەلایەکی دیکەشەوە لەپێناو تێپەڕاندنی ئەم دۆخە چەقبەستووەی هەرێمی کوردستان، وە بۆ مەبەستی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان پەنا براوەتە بەر دادگای فیدڕاڵی لە عێراقدا و سکاڵا تۆمار کراوە، وە لە سکاڵاکەشدا داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دەکرێت، بەڵام وەک دەزانین کە ئەنجامی سکاڵا لە هەرێمی کوردستان و عێراق هەموو کاتێک لەلایەن هاوڵاتیانی سڤیلەوە بێسوودە و هیچ ئەنجامێکی نابێت.
وەکو ئاشکرایە وا نزیک دەبینەوە لە ساڵێک و حەوت مانگ کە هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدراوە، بەڵام پەرلەمان لە یەک دانیشتن و کۆبونەوە زیاتری ئەنجام نەداوە کە ئەویش بێ ئەنجام بووە، وە بە نزیکەی وا نزیک دەبینەوە لە ٣ ساڵ کە پەرلەمان پەکخراوە وە ئەوەی جێی نیگەرانیشە کە پەرلەمانتاران مووچەکانیان وەردەگرن بەبێ ئەوەی هیچ ئەرکێک جێبەجێ بکەن، کە ئەمەش جێگەی نیگەرانیەکی زۆری لای خەڵکی هەرێمی کوردستان دروستکردووە.
پەکخستنی پەرلەمان وەک گەورەترین دامەزراوەی یاسایی و چاودێری بەبڕیاری حزبە دەسەڵاتدارەکانە (پارتی و یەکێتی)، وەکو ئاشکرایە ناکۆکی و ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی وایکردووە پەرلەمانی کوردستان هیچ هەیبەت و کاریگەرییەکی نەبێت، نەبوونی پەرلەمان لە قازانجی سەرۆک وەزیرانی ئێستایە (مەسروور بارزانی) چونکە بەبێ ئەوەی هیچ کەس و دامەزراوەیەک چاودێری کارەکانی بکات ماوەی سێ ساڵە حکومەت بەکاربەڕێکەری بەڕێوەدەبات، کە بەم شێوازە حکومەت بەڕێوەبردن لە هیچ شوێنێکی دنیا نابینرێت بێجگە لە هەرێمە وێرانەبووەکەی دەستی جووت بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی (هەرێمی کوردستان)، بۆیە بەڕای من هەتا ئەو کاتەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان ڕانەپەڕن و نەیەنە دەنگ لەسەر بارودۆخی خراپیان بە دەست ئەم حکومەتەی ئێستای هەرێم و پەرلەمانێکی داخراوەوە چارەنووسی پەرلەمان هەر بە پەکخراوی دەمێنێتەوە…



Post Comment