گەندەڵی و دابەزینی کوالێتی کەرتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان

مەنصور تاڵب

کەرتی تەندروستی کەرتێکی زۆر هەستیارە و کاریگەری ڕاستەوخۆی بەسەر ژیانی هاوڵاتیانەوە هەیە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان (پارتی و یەکێتی) هەر ڕۆژە و بە بیانویەکەوە هەلدەکوتنە سەر کەرتەکە و رۆژ لەدوای ڕۆژ کەرتەکە زیاتر بەرەو دواوە دەبەن. 

ئەو دوو حیزبە بۆ ماوەی چەندین ساڵە بەجۆرێک کۆنترۆڵی کەرتەکەیان کردووە کە مانگانە هەزارەها دۆلار لە سودی کەرتەکە دەخەنە باخەڵی خۆیانەوە. 

توێژینەوەیەکی ئەکادیمی زانکۆی پۆرتسمۆس ی بەریتانی دەریدەخات کە خزمایەتی و پارتی‌بازی لە دامەزراندن و بەڕێوەبردنی خزمەتگوزارییەکاندا زۆر بڵاوە. توێژینەوەکە دەریخستووە کە گەندەڵی سیاسی هۆکارێکی سەرەکیی کەمبوونی کوالیتی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانە لە هەرێمی کوردستاندا.

بەپێی ڕاپۆرتێکی نێودەوڵەتی کە لەلایەن  Konrad Adenauer foundation کە ڕێکخراوێکی توێژینەوەی سیاسی باوەڕپێکراوە لە ئەڵمانیا، ئاماژەی پێکراوە کە سیستەمی تەندروستی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی زۆر لەلایەن کەسانی پەیوەندیدار بە حیزبە دەسەڵاتدارەکان کۆنترۆڵ کراوە، بەجۆرێک کە پڕۆسەی کڕینی دەرمان و ئامرازە پزیشکییەکان ڕێکدەخرێت بۆ “زیادکردنی قازانجی حیزبە دەسەڵاتدارەکان” نەک بەپێی پێداویستی نەخۆشخانەکان.

یەکێک لە نمونە ئابڕوبەرانەکەی گەندەڵی لە کەرتی تەندروستی بریتی بوو لە پرۆژەی نەخۆشخانەی ٤٠٠ قەرەوێڵەیی لە سلێمانی.

ئەم پرۆژەیە لە ساڵی ١٩٩٦ دەستی پێکرد، بەڵام لە ماوەی نزیکەی دوو دەیەدا تەواو نەکرا.

بەڵگەکان نیشانی دەدەن کە بەرپرسانی حکومەت و کەسانی پەیوەندیدار بە سیستەمی سیاسی لە پارەی ئەم پرۆژەیە ملیۆنەها دۆلاریان بۆ گەشت و خەرجی تایبەتی خۆیان وەرگرتووە. 

کاریگەری گەندەڵیی دوو حیزبی پارتی و یەکێتی بەسەر کەرتی تەندروستییەوە ئەم دەرەنجامە خراپانەی لێکەوتووەتەوە: 

١.کەمبونەوەی دەرمان لە نەخۆشخانە گشتییەکان. 

٢.کەمبونەوەی پسپۆڕانی پزیشکی. 

٣. کەمبوونی ئامراز و تەکنەلۆژیای پزیشکی لە نەخۆشخانە گشتییەکان.

٤.زیادبوونی هەڵەی پزیشکی بەهۆی کەمبوونی سەرچاوه‌ و کوالێتی ئامێرە پزیشکییەکانەوە.

٥. ناچاربوونی هاوڵاتیان بۆ چوون بۆ نەخۆشخانە تایبەتەکانی خۆیان یان دەرەوەی وڵات بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکیی.

لەسەر ئەم بنەمایانە، دەردەکەوێت کە گەندەڵی و کۆنترۆڵی دوو حیزبی پارتی و یەکێتی، کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان هەیە، بە تایبەتی لە کەرتی تەندروستیدا.

ئەم دۆخەش نەک تەنها کوالێتی کەرتەکەی دابەزاندووە، بەڵکو

 وایکردووە هاوڵاتیان بێباوەڕییەکی گەورەیان بە سیستەمی گشتی هەبێت و ناچار بن بۆ چارەسەر بچن بۆ نەخۆشخانە تایبەتەکان یان دەرەوەی ووڵات ئەمەش دۆخێکی نائاسایی و مەترسیدار دروست دەکات بۆ ئیستاوە و داهاتووی کۆمەڵگا.

لەبەر ئەم هۆکارانە پێویستە چاودێری توند بخرێتە سەر کەرتەکە. وە پێویستە  کە گەندەڵی و بەکارهێنانی سیاسەتی چەوت لە کەرتی تەندروستیدا بوەستێنرێت چونکە ئەم دۆخە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر ژیان و تەندروستی هاوڵاتیان.

ڕەنگە سەرنجی ئەمەت نەدابێت