وڵاتێک لەسەر دەریای نەوت بێت، دەبێ سەرینی شەوانی لە زێڕ بێت!
یەحیا تاهیر محمد
دەڵێن ئەو خاکەی زێڕ و نەوتی لە ژێردا بێت، نەوەکانی لەسەر ناز و نیعمەت دەنون. ئەمە یاسای هەموو جیهانە، بەڵام کاتێک دەگەیتە هەرێمی کوردستان، هاوکێشەکە بە تەواوی سەراوژێر دەبێتەوە. لێرە وڵات لەسەر زەریایەک لە نەوت و گاز و داهاتی بێشوماری ناوخۆیە، بەڵام سەرینی شەوانی هاووڵاتییەکەی بەرد و خەم و دڵەڕاوکێی بژێوییە.
ئەگەر بیانییەک سەردانی ئەم هەرێمە بکات و گوێ لە لێدوانی فەرمی و میدیا ئاسمانییە ملیۆن دۆلارییەکان بگرێت، پێی وایە لێرە بەهەشتی سەر زەوییە و رکابەری سویسرا دەکات. بەڵام بە تەنها پیاسەیەک لە شەقامەکاندا، یان گوێگرتن لە مامۆستایەک و مووچەخۆرێک کە لە بەردەم بانقێکدا بە دەستەواژەی سیستەم وەستاوە یان پارە نییە بەڕێ دەکرێت، تێدەگەیت کە ئێمە لە ڕاستیدا لە ناو کۆمێدیایەکی سەرتاپا ڕەشدا دەژین.
لە دوای زیاتر لە سێ دەیە لە حوکمڕانیی هاوبەش، هەردوو حزبی دەسەڵاتدار (پارتی و یەکێتی) مۆدێلێکی دەگمەنیان لە حوکمڕانی خولقاندووە: بەرپرسان و خێزانەکانیان لە ناو قەسری ڕازاوە، ئۆتۆمبێلی گرانبەها و سەرمایەگوزاریی دەرەوەدا دەنون، بەڵام بە خەڵک دەڵێن ئارام بگرن و بەرگەی قەیرانەکان بگرن!. لە کاتی قازانج، دابەشکردنی زۆنەکان و قۆرخکاریی کەرتی ئابووریدا، فەرمانڕەوای ڕەهان،بەڵام هەرکە قەیرانی بێمووچەیی، کەمیی ئاو و کوژانەوەی کارەبا سەرهەڵدەدات، خێرا بەرگی ئۆپۆزسیۆن دەپۆشن و بەغدا یان دەستی دەرەکی تۆمەتبار دەکەن. بۆ بەرپرسەکان، وڵاتەکە بەراستى خاوەنی سەرینی زێڕینە،بەڵام بۆ هاووڵاتیی ئاسایی، مووچە کە مافێکی سەرەتاییە، کراوەتە خێر و سەدەقەیەک کە کات و بڕەکەی لە دەستی غەیبدایە. لە سەردەمی ژیریی دەستکرددا، خەڵکی ئەم هەرێمە هێشتا دەبێت خشتەی ژیانیان لەسەر کاتی هاتنەوەی ئاوی حزبی و کارپێکردنی مۆلیدەی گەڕەک ڕێکبخەن، لەکاتێکدا بەرپرسان باسی پڕۆژەی ستراتیژی و گەشەپێدانمان بۆ دەکەن. لەم نێوەندەشدا، دادگا و دامەزراوەکان کراونەتە حەوشەی پشتەوەی حزب،بەرپرسێکی پلەباڵا یان کوڕی بەرپرسێک لەسەر گەندەڵی و بەهەدەردانی ملیۆنان دۆلار لێپرسینەوەی لێناکرێت، بەڵام گەنجێک یان ڕۆژنامەنوسێک لەسەر ڕەخنەیەکی فەیسبووک خێرا پەلکێشی دادگا دەکرێت.
بەڵام ئەوەی ئەم شانۆگەرییە تاڵتر دەکات، بێهەڵوێستی و پاشەکشەی بێنوێنەری کۆمەڵگەیە. ناکرێت هەموو ئۆباڵەکە بخرێتە سەر دەسەڵاتدار، چونکە بێباكیی بەرپرسان زادەی بێدەنگیی جەماوەرەکەیانە. کۆمەڵگەی ئێمە تووشی جۆرێک لە ئیفلیجی مەدەنی بووە،خەڵک لە پشت شاشەی مۆبایلەکانەوە شۆڕشگێڕی ژمارە یەکن و بە پۆست و کۆمێنت دادپەروەری جێبەجێ دەکەن، بەڵام کاتێک سەنگەرەکە دێتە سەر شەقام و داواکاریی کردارەکی، بێدەنگی باڵ دەکێشێت. ئێمە ڕاهاتووین لەبری داواکردنی مافی بەکۆمەڵ، بگەڕێین بەدوای واسیتەی حزبی بۆ چارەسەری کێشە تاکەکەسییەکانمان. کە کارەبا بڕا مۆلیدەی تایبەت دەکڕین، کە ئاو بڕا تەنکەر دەگرین! ئەم خۆگونجاندنە مەترسیدارە وایکردووە بەرپرسان هیچ جۆرە فشارێک بۆ چاکسازی و شەفافیەت لەسەر خۆیان هەست پێ نەکەن.
وڵاتێک کە سەرچاوە سروشتییەکانی ببێتە ناز و نیعمەت بۆ کەمینەیەکی حوکمڕان و تەنگانە و هەژاری بۆ زۆرینەی کۆمەڵگە، برینێکی قووڵی هەیە. سەرینی زێڕین بە بەڵێنی درۆینەی بەرپرسان و خۆخەڵەتاندنی خەڵک بەدەست ناهێنرێت. تا ئەو کاتەی دەسەڵاتدار بەرامبەر بڕیار و سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی بەهێزی مەدەنی نەکرێتەوە و خەڵکیش لە پشت شاشەکانەوە نەیەنە دەرەوە، ئەم کۆمێدییە ڕەشە بەردەوام دەبێت—شانۆگەرییەک کە بەرپرسان ئەکتەرە سوودمەندەکانیانن و هاووڵاتییانیش قوربانییە بێدەنگەکان.



Post Comment