عێراقی دوای هاوپەیمانان ئاسایشی لە دەستی کێدا دەبێت ؟
ئاوات جەمال
رەشەبایەکی بەهێز پڕ رووداوی ئەمنی و گێژاو لە دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان ، رووە وعێراق و هەرێمی کوردستان هەڵی کردووە ، ئەم کشانەوەیە گۆڕانێکی ستراتیژییە کە دەتوانێت کاریگەرییەکی قووڵ لەسەر هاوسەنگی هێز ، ئاسایش ، سەروەریی دەوڵەت وە داهاتووی حکومڕانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دابنێ .
کورد و عەرەب گرەنتی نێودەوڵەتی لەدەست دەدەن
لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی پرۆسەی کشانەوەکە ، پرسیارێکی گرنگ لەبەردەم بەغدا و هەولێرە ، ئەگەر هێزی دەرەکی کەم بێت ، ئایا دەوڵەت دەتوانێت خۆی ببێتە سەرچاوەی سەرەکی پاراستن و بڕیاردان یان بۆشاییە ئەمنییەکە دەدات بە گروپە چەکدارەکان بۆ فراوان کردنی نفووز و دەسەڵات ؟
بەپێی رێککەوتنی عێراق و ئەمریکا هەڵسوکەوتی هاوپەیمانان لە عێراق رووەو کۆتاییە و هەنگاوەکانی دوای کشانەوە لە هەرێمی کوردستانیش بەردەوامە. هەروەها حکومەتی عێراق بەشێوەیەکی هاوکات باس لەوە دەکات کە چەک دەبێت تەنیا لە دەستی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتدا بێت و گروپە چەکدارەکان دەبێت چەکەکانیان تەسلیم بکەن ، بەڵام گروپەکان هیچ بەهایەک بۆ رادەست کردنی چەک دانانێن !
ئایا کشانەوەی هاوپەیمانان بە مانای باڵادەستی گروپە چەکدارەکانە ؟
وەڵامی ئەم پرسیارە بە شێوەیەکی ڕەها ((بەڵێ)) یە . کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ خۆی دەتوانێت ببێتە هۆی باڵادەستی گروپە چەکدارەکان ، لەگەڵ لاوازیی دامەزراوەکانی دەوڵەت دابەش بوونی دەسەڵاتی سیاسی ، نەبوونی یەکگرتوویی لە هێزە ئەمنییەکان و بەردەوام بوونی نفووزی دەرەکی هاوبەش بێت مەترسییەکە زۆرتر دەبێت .
لە عێراق ، هەندێک گروپی چەکدار لە ساڵانی رابردوودا تەنیا وەک هێزی سەربازی نەماونەتەوە ، بەڵکو بەشێک لە سیستەمی سیاسی ، ئابووری ، ئەمنی بوون .
توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێزە چەکدارەکان لە عێراق لە هەندێک بواردا لەگەڵ دامەزراوە سیاسی و ئابوورییەکان تێکەڵ بوون، ئەمە پرۆسەی چەکدانان و یەکخستنیان لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەت دا ئاڵۆز دەکات .
بۆیە مەترسیی سەرەکی تەنیا ئەوە نییە کە گروپێکی چەکدار هێزی سەربازیی زیاتر هەبێت ، مەترسیی گەورەتر ئەوەیە کە گروپێکی چەکدار بتوانێت لەگەڵ هێزی سەربازی نفووزی سیاسی، توانای ئابووری و کۆمەڵێک دامەزراوەی ناوخۆیی ( دەسەڵاتی هاوتا ) دروست بکات .
بۆچی هەرێمی کوردستان تایبەتمەندە ؟
هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی جیاوازدایە ، کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە هێزەکانی پێشمەرگە بە تەواوی نەبوونەتە هێزێکی یەکگرتووی نیشتمانی و لەلایەن هەردوو حیزبی دەسەڵاتداری یەکێتی و پارتی بەرێوەدەبرێن و سیاسییەکان هێشتا کاریگەریی تەواویان لەسەر زۆرێک لە دامەزراوە ئەمنییەکان هەیە.
کشانەوەی هاوپەیمانان بەتایبەتی ئەگەر هاوکاریی هەواڵگری ، راهێنان ، پشتیوانی تەکنیکی و توانای بەرگریی لە هەڕەشەی تیرۆریستی کەم بکات پێویستی بە دامەزراوە ئەمنییە بەهێز و یەکگرتووەکان زیاتر دەکات .
لە هەمان کاتدا ، هەرێم نابێت بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە تەنیا پشت بە هێزی دەرەکی ببەستێت پێویستە بنەمای ئەمنیی هەرێم لەسەر دامەزراوەیەکی یەکگرتوو پیشەیی و لەژێر کۆنترۆڵی مەدەنی بنیات بنرێت.
ئەگەر بۆشایی دروست بێت چی ڕوودەدات ؟
ئەگەر دەوڵەت نەتوانێت دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان ئەرکی پاراستنی سنوور ، شار ، دامەزراوە ، ژیانی هاووڵاتیان بە باشی جێبەجێ بکات ، ئەوا گروپە چەکدارەکان دەتوانن خۆیان وەک (پارێزەر) یان (جێگرەوەی دەوڵەت) پیشان بدەن .
لەو دۆخەدا ، مەترسییەکە تەنیا شەڕ نییە ؛ بەڵکو دەکرێت لە شێوەی فشار لەسەر دادگا ، کارگێڕی ، ئابووری ، پڕۆسەی هەڵبژاردن ، بڕیاردانی سیاسی دەربکەوێت .
بە واتایەکی تر ، گروپە چەکدارەکان کاتێک زۆرترین مەترسی بۆ حکومڕانی دروست دەکەن کە چەک و سیاسی و ئابووری لە یەک شوێن کۆدەکەنەوە .
چارەسەر چییە ؟
یەکەم : گرنگترین چارەسەر ئەوەیە کە (دەوڵەت دەبێت تەنیا لایەنی خاوەنی مۆڵەتی بەکارهێنانی هێز بێت).
ئەمە نابێت تەنیا دروشم بێت ، بەڵکو دەبێت بە یاسا دامەزراوە و کردار جێبەجێ بکرێت .
دووەم : عێراق پێویستی بە (ڕێکخستنی نوێی بەشی ئەمنی) هەیە بە جۆرێک کە سوپا ، پۆلیس ، هێزە سنوورییەکان و هەموو هێزە فەرمییەکان لەژێر زنجیرەیەکی ڕوونی فەرمان و چاودێریی مەدەنی بن. ئەزموونی عێراق نیشانی داوە کە تەنیا تۆمارکردنی گروپێک وەک دامەزراوەی فەرمی بەس نییە ؛ ئەگەر فەرماندەیی بودجە و بڕیاردان بە شێوەیەکی ڕاستەقینە لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەت نەبن ، تێکەڵکردنی یاسایی بە تەنیا چارەسەر نییە.
سێیەم : پێویستە چەکدانان، پێکهێنانەوە و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی گروپە چەکدارەکان بە پلانی هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێ بکرێت. نابێت هەموو گروپەکان بە یەک شێوە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت ؛ بەڵکو دەبێت جیاوازی بکرێت لەنێوان ئەو کەسانەی ئامادەن ببنە بەشێک لە هێزی فەرمی و ئەو گروپانەی دەیانەوێت دەسەڵاتی سەربازیی سەربەخۆیان بپارێزن.
چوارەم : ئابووری دەبێت لە دەسەڵاتی گروپە چەکدارەکان داببڕدرێت. ئەگەر گروپێکی چەکدار بتوانێت سەرچاوەی دارایی ، کۆمپانیا ، پڕۆژە ، بازرگانی یان دامەزراوەی ئابووریی تایبەتی خۆی هەبێت تەنانەت ئەگەر چەکەکەشی لە دەستی بگیرێت ، هێزی سیاسییەکەی دەمێنێت.
بۆیە شەفافیەتی بودجە ، چاودێریی دارایی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بەشێکی سەرەکیی چارەسەرە.
پێنجەم : دادگا و دامەزراوە یاساییەکان دەبێت سەربەخۆ بن. هیچ گروپێک نابێت لە سزای یاسایی دەرباز بێت تەنها بەهۆی نفووزی سیاسی یان سەربازی. دەوڵەتێک کە ناتوانێت یاسا بەسەر هەموو هاووڵاتی و گروپەکاندا جێبەجێ بکات ، بە تەواوی ناتوانێت کۆتایی بە دەسەڵاتی هاوتا بهێنێت.
شەشەم : لە هەرێمی کوردستاندا یەکخستنی پێشمەرگە دەبێت ببێتە بابەتێکی ستراتیژی، نەک تەنیا بابەتێکی حزبی.
پێشمەرگەی یەکگرتوو ، فەرماندەیی یەکگرتوو، سیستەمی پیشەییی پلە و مووچە و چاودێریی مەدەنی دەتوانێت هەم بۆ ئاسایشی هەرێم و هەم بۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا بنەمای بەهێزتر دروست بکات.
حەوتەم : کشانەوەی هاوپەیمانان نابێت بە مانای کۆتایی هەموو هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بێت. دەتوانرێت لە دوای کۆتایی هێزی سەربازی، پەیوەندییەکان بەرەو ڕاهێنان ، هەواڵگری ، تەکنەلۆجیا ، بەرگریی ئاسمانی ، چاودێریی سنوور و پشتیوانیی دامەزراوە ئەمنییەکان بڕۆن.
لە ڕاستیدا رێککەوتنی کشانەوەش بۆ داهاتوو جۆرێک لە پەیوەندیی دوولایەنە و هاوکاریی ئەمنی لە نێوان عێراق و ئەمریکا بەجێدەهێڵێت .


