حکومڕانی لەسەردەمی پۆستاڵی عەسکەریدا
دیار هەرکی – دامەزرێنەری سەرنج پرێس
لەمێژە سلێمانی بە ئاگری شەڕی بەعسیزم دواتریش بە ئاگری شەڕی بەناو کوردایەتی شاخ و ئیستاش بە ململانێی سیاسی و ئیرهابی فیکری و شەڕی یەکێتی و پارتییەوە وێران دەکرێت ،لەمێژە وێرانکاری و دووبەرەكی، کینە و دوژمنایەتی و ڕق لە شاخەوە بەرەو شار دەکشێن و وەک پەتا بە شەقام و گەڕەک و کۆڵاناندا بڵاوی دەکەنەوە ! داڕمانی شار و نەمانی دیمەنی جوان و سەرەنج ڕاکێشەکانی گۆیژە و ململانێ نێوخۆییەکانی یەکێتی لەسەر داهات و کورسی و داگیرکردنی گرد و تەپۆلکەو شاخەکان جێگای نیگەرانیەکی زۆرە ، وردە وردە خشت و دارەڕاکانی ئەم شارە لە جوانییەکانی دائەماڵن!
دوای 29 ساڵ یەکێتی و پارتی لە خیانەتی 31 ی ئابی 1996 هێشتا بۆ یەکلایکردنەوەی کیشەو ململانێ سیاسییەکانی نێوخۆی حیزب و نێوانیان لەشاخەوە بۆ شار پەنایان بۆ چەك و دروستکردنی ژینگەیەکی پڕ لە ترس و توندوتیژی بردوە ، نەك بە شێوەیەکی یاسایی و سیاسی دیالۆگ چارەسەری بکەن ، ئەوەی لە22ی ئاب بینیمان هیچی کەمتر نەبوو لەوەی کە پارتی 29 ساڵ لەمەوبەر ئەنجامی دا ، هەردوو ڕووداوەکە ململانێ و تەسفیەی حساباتی سیاسیە کە ئاسایش و ئارامی خەلکی تێکوپێکداوە .
هەردوو ڕووداوەکەیش خیانەت و ناپاکییە لە خاک و خەلکی کوردستان ، ئەو سەردەمە پارتی وەکو ئێستای یەکێتی گۆشەگیر بوو پەنایان بردە بەر حیزبی بەعس و سەدام حوسێن وەڵامی بروسکەکەی پارتی دیموکراتی کوردستانی دایەوە ، بارزانی لە چاوپیکەوتنێکدا لە ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت دەڵێ : ئێمە وەکو پارتی توانای بەرگریکردنمان نەمابوو هەڕەشەی لەناوچوونمان لەسەر دروست بوبوو !
یەکێتیش لە دوای هەستی تەمموزەوە لەوە کەوتووە کە حیزب ىیت خاڵیبووەتەوە لە فیکرو ئایدیا و پرەنسیپ و دیسپلینی سیاسی و ئەخلاقی ،تەنانەت حسابی توريکی قوڕاوی بۆ عورفی گستی ئاسایش و سیادەی گستی ناکات ، یەکێتی ئێستا لەوە کەوتووە ھەڵگری بەرنامە و ستراتیژ و دونیابینییەکی عەقڵانی سەردەمیانە بن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگا و گۆڕانکاریی لە سیستەمی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابوورییدا.
ئاشتکردنەوەی شار ، ئارامی خەلک و هەلیکار کوا بەرهەمەکەی و چی ئینجازێکی بۆ شارو خەڵکەکەی تیدا بوو ؟! شار بەم عەقڵەو بەم تێگەیشتنە بەڕێوە نابرێت ، ئەمە یاریکردنە بە دەماری خەڵک و یاریکردنە بە هەست و سۆزی کۆمەڵگا لەسەر حسابی هۆشیاریی! هەموو هەنگاوێکی کوڕانی تاڵەبانی ژینگەیەکی سایکۆلۆژی لە پشتەوەیە بۆ ئەوەی مەیلی خەڵکی شارەکە بەلای خۆیاندا رابکێشن و خۆڵ بکەنە چاویان ، ئێستا سلێمانی جگە لە تارمایی هیچی تێدا نابینرێت ، دەستێکی ڕەش بەناوی ( ئاشتی و ئارامی و هەلیکار یان ئاشتکردنەوەی سلێمانی)بە توندی گەرووی ئەم شارەی گرتووە خەریکی خنکاندنی شارەکەیە ، ئەمە تینەگەیشتنە لە هونەری ئیدارەدان و داڕشتنەوەی شارە بە حوکمی پۆستاڵ !



Post Comment