ئاسایشی نیشتمانی لەژێر سێبەری میلیشیاکاندا
دەرباز محمد حسێن
لە سیاسەتی وڵاتە پێشکەوتوەکان تەنیا دەوڵەت مافی بەکارهێنانی هێزی هەیە بەڵام لە زۆرێك لە وڵاتە پەشێوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو هاوکێشەیە تێکچووە. ئەگەر عێڕاق وەك نموونەیەك وەرگرین دەبینین دەرکەوتنی گڕوپە چەکدارەکان یان میلیشیاکان لەدەرەوەی چوارچێوەی دەزگا فەڕمییەکان بووەتە گەورەترین تەحەدا بۆ ئاسایشی نیشتمانی و سەروەریی یاسا.
کاتێك هێز لەدەرەوەی کۆنتڕۆڵی وەزارەتەکانی دەرەوەو بەرگری بێت چەمکی “ئاسایش” لە پاراستنی هاووڵاتییەوە دەگۆڕێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە حزبی و ئایدۆلۆژییەکان. ئەمەش دەبێتە هۆی جێبەجێکردنی یاسا تەنها بەسەر کەسە بێدەساڵاتەکان پاشەکشە و نەمانی متمانای هاوڵاتیان بە دەزگا ئەمنییەکان .بوونی میلیشیا وا دەکات بڕیاری شەڕ و ئاشتی لە دەستی حکومەت دەربچێت. میلیشیاکان تەنیا مەترسی سەربازی و ئەمنی نین بەڵکو مەترسی ئابووریشن . زۆربەی ئەو گڕوپانە بۆ دەستکەوت و داهات بۆ مانەوەیان پەنادەبەنە بەر سەپاندنی سەرانەو سەندنی پارە لە بازڕگان و پڕۆژەکان یان دەستدەگرن بەسەر داهاتی گومرگی خاڵە سنورییەکان هەروەها دروستکردنی بازاڕی ڕەش کە زەرەری گەورە بە ئابوری وڵات دەگەیەنێت. ئەو شوێنانەی میلیشیای تێدا باڵادەستە، زۆرجار ڕووبەڕووی ئەم دیاردە مەترسیدارانە دەبنەوە. تیرۆری فیکری و بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان و دروستکردنی ترس لەنێو کۆمەڵگەدا بۆ نیشاندانی ئەوەی کە تەنیا ئەو گرووپە دەتوانێت پارێزگاری لە خەڵک بکات.
ڕێگاکانی چارەسەر:
بۆ گەڕاندنەوەی شکۆی ئاسایش و سنووردارکردنی میلیشیاکان، پێویستە کار لەسەرهەندێك خاڵی سەرەکی بکرێت:
بەهێزکردنی دادگاکان بۆ ئەوەی هیچ کەس و گرووپێک لەسەرووی یاساوە نەبێت
هاوکاریکردنی دەوڵەت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان و ڕێگریکردن لە گەیشتنی چەکی بێبەرانبەر بە گرووپە ناڕەسمییەکان
گەڕاندنەوەی شکۆی ئاسایش و سنووردارکردنی میلیشیاکان و
بێچەککردن و هەڵوەشاندنەوە تێکەڵکردنەوەی چەکدارەکان بە ناو کۆمەڵگە یان دەزگا فەرمییەکان بە مەرجی دڵسۆزی بۆ نیشتمان
ئاسایشی ڕاستەقینە ئەو کاتە بەدی دێت کە “چەک” لە خزمەت “یاسا”دا بێت، نەک یاسا لەژێر سێبەری چەکدا بێت. مانەوەی میلیشیاکان بە واتای بەردەوامیی ناسەقامگیری و تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵایەتی دێت، کە لە کۆتاییدا هەمووان تێیدا زیانمەند دەبن.



Post Comment