ڕەمزی پشاندانی نادادی لە هەرێمی کوردستان
ڕابەر خدر عمر
شێروان شێروانی : بەندکراوێکی حەق بێژ ، قوربانیەکی دەستی نادادپەروەری .
ئەوەی دەیبینین دادگەریە؟
ئەوە ئازادی ڕادەربڕینە؟
ئەوە ئەو کوردستانە بوو کە خەونمان پێوەدەبینی، تا خەونەکانمانی تێدا بەدی بهێنین؟
ڕون و ئاشکرایە کە شێروان شێروانی، ڕۆژنامەنوسێک کە تاکە تاوانی گوتنی حەقیقەت و ڕاستیە و دوای نزیکەی (٥) ساڵ زیندانیکردن بەبێ تاوانی ئێستا و جارێکیتر لە دادگایەکی حزبی و پلان بۆ داڕێژراو و بێ بوونی هیچ بەڵگەیەک چوار ساڵ و شەش مانگیتر دەخرێتە زیندانەوە!!! ئەمە واتا: چوار ساڵ و شەش مانگیتر زەوتکردنی ئازادی بۆ دەنگی ئازا و ئازاد لەباوەشی نیشتیمادا!!! چوار ساڵ و شەش مانگیتر بێدەنگ کردنی ڕۆڵەیەکی بوێر و حەق بێژ لەناو وڵاتێکی بەناو دیموکراتدا!!! چوار ساڵ و شەش مانگیتر شەرمەزاری بۆ ئەوانەی شێروان و شێروانیەکان دەخەنە زیندان و پێیان وایە بەم لارە قێزەونەیان بێدەنگیان دەکەن.
حەقە هەموومان هەندێک پرسیار هەیە لە خۆمانی بکەین ئایا شێروان تێرۆریستە ؟
ئایا ئەو بکوژە؟
ئایا دزی لە خەلک و موڵکی گشتی کردوە؟
ئایا نەوتی بەقاچاخ بردۆتە دەرەوەی وڵات؟
ئایا فرمانی بە کوشتنی ڕۆژنامەنوسان کردوە؟
ئایا ئەو فەرمانبەرانی کردوە بە کۆیلەی سەردەم؟
دەی بۆ هەموو مرۆڤێکی خاوەن ویژدان ڕونە کە وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە نەخێرە بۆ شێروان و بەڵێیە بۆ ئەوانەی شێروان و هەموو دەنگێکی هەق دەخەنە کونجی زیندان و لە دادگا سیناریۆ بۆ داڕێژراوەکانیاندا سزایان دەدەن.
کەوایە بۆچی – بۆچی شێروان وەکو بەدکارترین تاوانبار مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ ، لەکاتێکدا تاوانبارانی ڕاستەقینە بە قات و ڕیباتەوە بەئازادی ڕێ دەکەن ، لەناو پەرلەمان، لەناو حکومەتدا ، لەناو کۆشک و تەلاری ڕازاوە کە لەسەر خوێنی خەڵک دروست کراوە ؟
لە کاتێکدا تاکە چەکی بەهێزی شێروان خامەیەکی بە بڕشتە و قەڵغانێکە بۆ وتنی ڕاستیە قەدەغەکراوەکان، تاکە مەیدانی جەنگی شێروان پارچە وەرەقەیەکی بەتاڵ و ڕوون بوو کە بەبوێری خامەکەی تێادا تاو دەدا تا شتێکی لێ بنوسێ کە ئەوانی دیکە ناتوانن بە چپەشەوە باسی بکەن. ئێستا ئەو دەنگە ، ئەو قەڵەمە ، ئەو ڕاستەقینە – ترسناکتر و ناشیرینتر سەیر دەکرێ لە فیشەکێک یان بۆمبێک لەلایەن بەناو دەسەڵاتدار و پارێزگاری و کاربەڕێکەری نیشتیمانی قۆرغکراو.
بە وردی بیری لێبکەوە : دەبێ چ جۆرە حکومەتێک بێ زێدەتر لەوتنی وشە بترسێ و بە پێچەوانەوە بوونی چەک ڕاینەچڵەکێنێ؟ دەبێ چ جۆرە مافیایەک پرسیارکردن بەهەڕەشەی جددیتر ببینێ وەک لە گەندەڵی؟ دەبێ چ جۆرە سەرکردەیەک بێ کە ڕۆژنامەنوسان بێدەنگ بکات و پارێزگاری لە دز و قاچاخچی و بکوژەکان بکات ؟
درێژکردنەوەی ماوەی زیندانی شێروان شێروانی سزادانی تەنها کەسێک نیە، ئاگادارکردنەوەیەکە بۆ هەموو ڕۆژنامەنوسێکی بوێر، بۆ هەموو چالاکوانێکی بەهەڵوێست، بۆ هەموو کەسێک کە بوێری ئەوەی هەبێ قسەبکات. ئەگەر بتوانن شێروان بێدەنگ بکەن، کەواتە دەتوانن هەر کەسێک بیانەوێ بێدەنگی بکەن، ئەگەر بتوانن وشەکانی ئەو لەقەفەزدا ببەستنەوە، ئەوا دەتوانن وشەکانی ئێمەش ببەستەنەوە.
بەڵام با لەبیرمان بێت کە : زیندانە تاریکەکان ناتوانن ڕاستیەکان بشارنەوە. بۆ هەر بلۆکێک بەدەوری شێروان دا بەرزیان کردۆتەوە لەچوار دەوریدا دەرخەری بێ هێزی و لاوازی ئەوانە بەرامبەر وشە بوێرەکانی شێروان، بۆ هەر ڕۆژێک زیاتر کۆت و بەند کردنی شێروان سەلمێنەری ترس و دڵەراوکێ ئەوانە. ئەوان دەسەڵاتیان هەیە ، بەڵێ – بەڵام شێروان شتێکی گەورەتری هەیە هەموومان دەزانین ئەویش جەنگانە لە پێناو دادپەروەریدا لەتەنیشتی وەستاوە کە ئەوان هەرگیز نەیانبینیوە و هەستیشیان پێنەکردوە هەمووکات دژی بوون.
جارێکی تر دەڵێم ،
ئەوەی دەیبینین دادگەریە؟
ئەوە ئازادی ڕادەربڕینە؟
ئەوە ئەو کوردستانە بوو کە خەونمان پێوەدەبینی، تا خەونەکانمانی تێدا بەدی بهێنین؟
نەخێر!
ئەگەر هەروا بێدەنگ بین … ئاخۆ کەی دێن شێروانێکی تر لەگەڵ قەڵەمەکەی ورد و خاش بکەن ، ئاخۆ دەبێ کێ بێ چرای شوعلەکەی خامۆش بکرێ ؟
Post Comment