کوردستان دۆزەخێک بۆ ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆ

ئاراز عەبدوڵا

کوردستانی باشوور  یەکێکە لەهەرە ناوچە مەترسیدارەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆ. لەم چەند ساڵەی دوایدا دەیان ڕۆژنامەوان لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون یان هەراسانکراون و یانیش ڕێگرییان لێکراوە لە ڕووماڵکردنی ڕووداوەکان و کەموکوڕییەکان. لە کوردستانی باشوور نزیکەی ١٧٠٠ دەزگای ڕاگەیاندن بە جۆراوجۆرییەوە هەیە، هەروەها نزیکەی ٩ هەزار ڕۆژنامەنوس ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانن، جگە لەوەی بە سەدان و هەزاران خەڵکی پڕۆفیشناڵ و ئەکادیمی میدیایی هەن، ئەو دەزگا ڕاگایاندنانەی کە بۆ دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی ئیشدەکەن، بەردەوام خەڵات دەکرێن و ئیمتیازاتی تایبەتیان پێدەدرێت. بەڵام بەداخەوە ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە ڕاستگۆیانە و بێلایەنانە دەنگی ناڕازی دەگەێنن ئەوا بە توندترین شێواز سزا دەدرێن و، دەستبەسەر دەکرێن و ئەشکەنجە دەدرێن. لەدوایین هەوڵی تیرۆکردندا کە پارتی دیمکراتی کوردستان چەند کەسێکی ڕاسپاردبوو بۆ تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسی سەربەخۆ هێمن مامەند لە شاری سلیمانیدا، دوای دەستڕێژی گولە دوو فیشەکی بەر کەوتوو لە کوشتن گەڕایەوە. 

تاوەکو ئێستا چەند ڕۆژنامەنووسێک تیرۆر کراون  لە لایەن پارتی و یەکێتیەوە وەکو زەردەشت عوسمان کە لە  ساڵی ٢٠١٠ لەلایەن میلیشیاکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە ڕفێنراو بە کوژراوی تەرمەکەی دۆزرایەوە، تەنها لەبەر ئەوەی بەسەر کچەکەی مەسعود بارزانیدا شيعرێکی تەنز ئامێزی نووسیبوو، هەروەها ڕەخنەی لەو بنەماڵەیە گرتبوو. 

لە ڕووداوێکی تردا سۆرانی مامە حەمە ئەو  ڕۆژنامەنووسە بوێرە بوو کە لەلایەن یەکێتیەوە  تیرۆرکرا چونکە بابەتێکی بنکۆڵکاری لە گۆڤاری لڤین بڵاوکردەوە  

لەسەر باندێکی لەشفرۆشی کە چەندین بەرپرسی 

یەکێتی تێوەگلابوون.  هەروەها نموونەی  ڕۆژنامەنووس ویداد حسین کە لەلایەن پارتیەوە تیرۆرکرا. 

کاوە گەرمیانیش یەکێک بوو لە ڕۆژنامە نووسە بوێرەکان کە لە لایەن یەکێتیەوە لەساڵی ٢٠١٣ تیرۆر کرا، تەنها لەبەرئەوەی کە گەندەڵی بەرپرسەکانی بڵاودەکردەوە. چەند ڕۆژنامەنووسێکی تری بێتاوان لەلایەن ئەو دەسەڵاتە گەندەڵ و فاشیلە تیرۆرکراون.

نموونەیەکی تر لە ڕۆژنامەنووسی زیندوو  و ئازا شێروان شێروانی کە یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی ١٧ شوبات کە لە مانگی ١٠ ی ٢٠٢٠ لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە  زیندانیکراوە بەتۆمەتی ناڕەوا بۆ ماوەی ٦ ساڵ حوکم درا بەڵام دوای تانەلێدانەوە حوکمەکەی کەم کرایەوە. ئەو یەکێک بوو لەو ڕۆژنامە نووسە بوێرانەی کە بەردەوام باسی گەندەڵی دەسەڵاتی  کوردی کردووە. نەبووی ئازادی ڕادەربڕین یەکێک بووە لە فاکتەرە سەرەکیەکان کە بەردەوام دژی زوڵم و زۆرداری وەستاوەتەوە. 

دوای نزیکبوونەوەی تەواوبوونی حوکمەکەی هەندێک تۆمەتی بێبنەمای بۆ هەڵبەسترا لە زیندان بۆ ئەوەی ئازاد نەکرێت و بهێڵرێتەوە. کە گوایە شەڕی لەگەڵ پاسەوانەکانی زیندانەکەدا کردووە. بۆیە ٤ ساڵ و نیوی تر سزادرا. چەندین هەوڵدراوە لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانەوە وەکو ئامنستی ئینتەرناشناڵو ڕێکخراوی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ) بۆ ئازادکرنی ئەم ڕۆژنامەنووسە بەڵام بێ ئەنجام بووە. 

دەسەڵاتی جووت بنەماڵە سوورن لە سەر سزادانی ڕۆژنامە نووسانی ئازا و بوێر. ڕووبەرووی هەر ئەگەرێک دەبنەوە کە مەترسی بێت بۆ مانەوەی قەوارەی خۆیان. ڕۆژنامەنووسان لەدۆخێکی یەکجار خراپدا دەژین. کە هیچ گیانیان پارێزراو نییە. هەرکەسێک دژی ئەو دەسەڵاتە بوەستێتەوە ئەوا ڕووبەڕووی مەرگ دەکرێتەوە چ لە ناوخۆی کوردستان بێت یان لەدەرەوەی کوردستان. بۆیە ئەرکی ئەخلاقی هەرتاکێکی کوردە لە هەر ئاستێکدا بێت پێویستە ڕووبەڕووی ئەو دەسەڵاتە فاشل و گەندەڵە ببێتەوە بۆئەوەی کوردستان پاکبکرێتەوە لەو دزو مافیایانە.

بەکالۆریۆس لە زمانی ئینگلیزی، نوسەر و گرافیک دیزاینەر لە میدیای سەرنج پرێس.

ڕەنگە سەرنجی ئەمەت نەدابێت