عێراق و کوردستان: باجی بێلایەن نەبوونی بڕیاری نیشتمانیی
ڕێبوار عبداللە
لە ئێستادا کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێکی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێت، دووبارە نیشانەی پرسیار دروست دەبێتەوە لەسەر سەربەخۆیی و بڕیاری نیشتمانیی عێراق و کوردستان. زۆرینەی چاودێران لەو بڕوایەدان کە عێراق و هەرێم ناتوانن سەروەریی خاکی خۆیان بپارێزن، بەڵکو زۆرینەی کات وەکو بوکەڵەیەک بوون بەدەست ئەجێندای دەرەکییەوە.
پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق و هەرێم لەڕێگەی بەیاننامە و لێدوانی تەلەفزیۆنییەوە ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە بڕیاری سیاسیی و حکومیی بەهێز هەیە. دەبێت هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان خۆیان بەدوور بگرن لە وابەستەبوون بە جەمسەرە ئیقلیمییەکانەوە؛ چونکە تاوەکو زیاتر خۆیان وابەستە بکەن، ئەوەندەی دیکە ناچار دەبن بچنە ژێرباری دەسەڵات و ئەجێندای ئەو جەمسەرانەوە و وەکو بوکەڵەیەک دەبن بەدەست دەوڵەتانی ناوچەکەوە.
لە دەرەنجامی ئەو دۆخە ناسەقامگیرەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست —بەهۆی ئەوەی عێراق و هەرێم بەشێکی دانەبڕاون لە قەیران و جەنگی ئیسرائیل-ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران— دەبینین ئاسمانی عێراق بەتەواوی چۆڵ بووە. ئەوە یەکەم ئاماژەی کاریگەریی وابەستەبوون و لەدەستدانی سەروەریی ئەم وڵاتەیە.
هێشتا هەرێم و عێراق لەژێر ڕەحمەتی مووشەک و درۆنی هەردوو جەمسەرەکەن و ناتوانن خۆیان دابڕن لەو پێکدادانەی کە بوونی هەیە؛ ئەوەش یەکێکە لە کاردانەوە و کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی وابەستەبوون بە وڵاتانی ئیقلیمییەوە.
لەم بارودۆخە ئاڵۆزەدا، ئەوەی باجی سەرەکی دەدات، دەتوانین بڵێین هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانن؛ گەورەترین زیان بەر باخەڵ و ژیان و ئاسایشیان دەکەوێت. هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان ناتوانن ژیان و گوزەرانی خۆیان بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێبکەن، تەنانەت سەرەتاییترین مافەکانیان دەکەونە ژێر مەترسییەوە، لەوانەش کارەبا و مووچەی شایستەی فەرمانبەران.
ئەو بارودۆخەی کە دروستبووە، بەرپرسیارێتییەکەی بەشێوەیەکی سەرەکی دەکەوێتە ئەستۆی دەسەڵاتداران، چینی حوکمڕان و سیاسەتداران کە بەشێوەیەکی هەڵە و بە سیاسەتی وابەستەبوون بە هێزە ئیقلیمییەکان، دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراقیان خستووەتە زۆنگاوێک کە دەربازبوون تێیدا ئەستەمە.



Post Comment