بۆچی لە ئێستاوە ئاشکرایە سەرۆک کۆمار خەواڵ و بێ دەسەڵات دەبێت؟

هیوا جەمیل

ئەگەرچی هەڵبژاردنی ئەمڕۆی سەرۆک کۆماری عێراق لە نێو پەرلەمانی عێراق مشتومڕی زۆری دروست کردووە، کێشەی یاسایی و تەوافوقی سیاسی هەیە، کە بناغەی عێراقی نوێیە و بە بێ ئەوەی تەوافوقی سیاسی و بوونی کێشەی یاسایی و دەستووری هیچ کام لە پۆستەکانی عێراق سەرکەوتوو نابن، بەڵام هەر چۆنێک بێت بەرەی مقا*وەمە ئەمڕۆ توانی وەک چەندین ساڵەی ڕابردوو پۆستی سەرۆک کۆمار کە پشکی کوردە بێ نرخی بکات و لە کۆتاییشدا بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاری بەهێنێت.

ئاشکرایە وەک چۆن پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی لە نێو ماڵی سوننە یەکلایی کراوەتەوە، هەروەها هەموو جارێک پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە نێو ماڵی شیعە یەکلایی کراوەتەوە، دەبێت پۆستی سەرۆک کۆمار لە نێو ماڵی کورد یەکلایی بکێتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی یەکێتی و بەرەی مقاوەمە ئامادە نیین ئەم پۆستە گرنگەی پشکی کوردە بۆ بەرژەوەندی پێکهاتەی کورد و پاراستنی دەستوور و دەیان بابەتی تر بەکار بهێندرێت، بەڵکوو دەیانهەوێت ئەم پۆستە پۆستێکی تەشریفی و بێدەسەڵات بێت و هەردەم لە بەرژەوەندی شیعە و بەرەی مقاوەمە و ئێران بێت، بە هەموو شێوەیەک دژی ئەوەن لایەنە کوردییەکان چ لە پەرلەمانی عێراق چ لە دەرەوەی پەرلەمانی عێراق لەسەر کاندیدێکی هاوبەش ڕێکبکەون، بۆ ئەوەی سەرۆک کۆمار بە ڕاستی نوێنەرایەتی گەلی کورد بکات و هەڵبژاردەی تەواوی لایەنە سیاسییە کوردییەکان بێت و ڕۆڵی خۆی وەک سەرۆک کۆمار بە تەواوەتی بگێرێت بە هەموو دەسەڵاتەکانیەوە، وەک چۆن سەرۆک وەزیران لە پشکی شیعەیە و هەموو بڕیارەکان بۆ بەرژەوەندی شیعە و بەهێزکردنی شیعە دەدات لە عێراق، وەک چۆن سەرۆک پەرلەمان بە تەواوی دەسەڵاتەکانیەوە بەرگری لە پێکهاتەی سوننە دەکات و ڕێگرە لەوەی پێشێلکاری دەستووری و یاسایی لە دژی پێکهاتەی سوننە بکرێت.

زۆر بە داخەوە کە پۆستی سەرۆک کۆمار لە ساڵی 2014ەوە بە لێکتێگەیەشتنی سیاسی لایەنە کوردییەکان دانەندراوە، هەر بۆیە هەریەکە لە فواد مەعسوم و بەرهەم ساڵح و لەتیف ڕەشید بە سەرۆکی خەوتوو یان خەواڵو یان بێ ئاگا و بێ دەسەڵات ناوبانگیان لە تەواوی عێراق دەرکردبوو، بە شێوەیەک زۆربەی خەڵکی کوردستان و عێراق نەیاندەزانی کێ لە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقە، هەروەها لە ماوەی سەرۆکایەتی ئەم سێ کەسە، هیچ سوودێکیان بۆ خەڵکی کوردستان و هەرێمی کوردستان نەبووە، تەنانەت بوێرییان نەبووە هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر ئەم هەموو ناڕەوایەتیی و زوڵمەی لە خەڵکی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لە هەر سێ خولەکە شیعە بە مەرج پۆستی سەرۆک کۆماری بۆ یەکێتی یەکلایی کردووەتەوە، بۆ ئەوەی ئەم پۆستە یان دەبێت دەسەڵاتەکانی بەکار نەهێندرێت، یان ئەگەری بەکاریش هێندرا دەبێت لە بەرژەوەندی شیعە و ئێران بەکار بەهێندرێت.

لە ئێستاوە ئاشکرایە ئەم جارەشیان نزار ئامێدی ناتوانێت زیاتر لە سەرۆک کۆمارەکانی پێش خۆی پێشکەش بە خەڵکی کوردستان و عێراق بکات، بەهۆی ئەوەی ئەم جارەشیان هەر ئێران و شیعە هاوشێوەی سیناریۆکانی ڕابردوو پۆستی سەرۆک کۆماریان بۆ یەکێتی یەکلایی کردووەتەوە، بە دڵنیاییەوە ئەم جارەشیان پۆستی سەرۆک کۆمار ناتوانێت بۆ یەک جاریش باسی کێشەکانی ماددەی 140 و یاسای نەوتو گاز و دەیان مادەی یاسایی تری دەستوور بکات، کە لەبەرژەوەندی کوردە و بۆ پاراستنی مافی کورد داندراوە، هەروەها وەک چۆن لە ڕابردوو سەرۆک کۆمار نەیتوانی بۆ یەکجاریش باسی پرسی مووچە مووچەخۆرانی بکات، ئەم جارەشیان ناتوانێت، لەوانەیە ئەگەر تەواوی هێزی خۆی بخاتە گەڕ، بچێتە دادگای فیدڕاڵی و داوای بەرزکردنەوەی مووچەکەی یان سکاڵا بکات بۆ ئەوەی مووچەکەی لێ کەم نەکەنەوە، وەک چۆن لەتیف ڕەشید بێدەنگ بوو بەرامبەر نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و سکاڵای بۆ مووچەکەی خۆی لە دادگای فیدڕاڵی تۆمار کرد.

بەکالۆریۆس لە زمانی ئینگلیزی، نوسەر و گرافیک دیزاینەر لە میدیای سەرنج پرێس.

ڕەنگە سەرنجی ئەمەت نەدابێت