کوردستاننیشتمانێک لە زێر و گەلێک لە ژێر
بڕوا پیرۆت محمد – چالاکوانی سیاسی
داهات یان ژێرخانی ئابووری، شادەماری بەردەوامیی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و سەرجەم کایەکانی کۆمەڵگایە، چونکە بزوێنەری ئاساییبوونی ژیان و چەسپاندنی سەقامگیری، بێگومان بەندە بە بوونی ژێرخانێکی ئابووریی بەهێز و تەندروست. داهاتی ناوخۆ، دەروازە و خاڵە سنوورییە بازرگانییەکان، لەگەڵ سامانە سەر زەوی و ژێر زەوییەکان، بە یەکەوە سەرمایەی گشتیی نیشتمانێک پێکدەهێنن، ئەگەر ئەم سامانە بە شێوازێکی دادپەروەرانە و زانستییانە بۆ خزمەتی گشتی خەرج بکرێت و کار بۆ زیادکردنی بكرێت، نەک هەر هەلی کاری فراوان و ژیانێکی شایستە بۆ هاووڵاتیان دابین دەکات، بەڵکو کۆمەڵگەیەکی بەرهەمهێن و تەندروستیش دروست دەکات کە هەر تاکێک تێیدا خۆی بە بەشێک لە ئاوەدانکردنەوەی نیشتمانەکەی بزانێت.
کەچی بەداخەوە، لە هەرێمی کوردستاندا کە حەشیمەتەکەی لە نێوان شەش بۆ حەوت ملیۆن کەسدا دەخولێتەوە، چیڕۆکەکە بە تەواوی بەرەو ئاڕاستەیەکی پێچەوانە و تراژیدیک ڕۆیشتووە. سەرەڕای بوونی ئەم هەموو سەرچاوە دەوڵەمەندەی داهات، هاووڵاتیان لە ئەوپەڕی ڕەوشی ناهەموار و خراپی گوزەران و گوزەرانیدا دەکۆشین. هۆکاری سەرەکیش ڕوونە،داهاتی گشتی لە لایەن دوو حزبی دەسەڵاتدارەوە، واتە پارتی و یەکێتی، بە شێوازێکی بێشەرمانە و نادادپەروەرانە دابەش دەکرێت و دەدزرێت. لە پێناو پاراستنی کورسی و هەژموونی تایبەتی خۆیاندا، بەشێکی گەورەی ئەم سەرمایەیە لە وەگەڕخستنی هێزە سەربازی و ئەمنییە تایبەتەکانی خۆیاندا بەهەدەر دەدرێت، لە کاتێکدا هاووڵاتیی ئاسایی لە سەرەتاییترین مافە خزمەتگوزارییەکانی بێبەش کراوە. دەسەڵاتداران لە ڕێگەی دەیان کۆمپانیای حزبی و کەسیی بەناو جۆراوجۆرەوە، سامانە گشتییەکان بۆ باخەڵی خۆیان هەڵدەلووشن و لەسەر حیسابی ماف و قوڕ بەسەریی خەڵک، ژیانێکی شاهانە و زرق و برقدار بۆ خۆیان و دەوروبەریان دەستەبەر دەکەن.
ئەم حوکمڕانییە کەچەی کە دەیان ساڵە بەسەر ئەم پارچە خاکەدا سەپێنراوە، شاکاری دەستکەوتەکانی لەوەدا کورت بووەتەوە کە میللەتێکی دەوڵەمەندی کردووەتە سواڵکەری سەر شۆستەکان. دەسەڵاتدارانی یەکێتی و پارتی بە شێوازێک مامەڵە لەگەڵ خاکی کوردستاندا دەکەن وەک ئەوەی غەنیمەتی جەنگی بێت و دەستکەوتی شەخسیی بنەماڵەکانیان بێت. لە هزر و ئەقڵییەتی ئەواندا، ژێرخانی ئابووریی وڵات بریتییە لە حیسابی بانکیی بەرپرسەکان و داهاتی سنوورەکانیش تەنها بەشێکە لە سەرمایەی کۆمپانیا سێبەربەخشەکانیان. سەیرەکە لەوەدایە ڕۆژانە باسی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە دەکەن، بەڵام تاقە شتێک کە ڕووی لە زیادبوون کردبێت باخەڵی خۆیان و ڕێژەی هەژاریی خەڵکە، حوکمڕانییەک کە ئەرکی سەرەکیی تەنها دابەشکردنی مووچە بێت ئەویش بە دوو مانگ جارێک و بە لێبڕینەوە چیتر ناتوانێت شانازی بە بوونی ئابوورییەکی سەربەخۆ یان دامەزراوەییبوونەوە بکات.
ئەم دوو حزبە دەسەڵاتدارە سەلماندوویانە کە هونەری هەرە گەورەیان دروستکردنی کەلێنی گەورەی کۆمەڵایەتییە،چینێکی کەمی ملیاردێری دروستکراوی حزبی کە نازانن پارەکانیان لە کوێدا خەرج بکەن، لە بەرامبەردا جەماوەرێکی میلیۆنی کە بۆ دابینکردنی نانی ڕۆژانەیان لە ململانێدان. ئەم حوکمڕانییە لە بری ئەوەی خزمەتکاری هاووڵاتیان بێت، بووەتە بارگرانییەکی قورس بەسەر شانیانەوە و ڕۆژانە بە ناو و ڕەنگی جۆراوجۆرەوە، داهاتی سەر زەوی و ژێر زەویی وڵات تاڵان دەکات. ئەم ڕەوشە فەوزاوییە نیشانەی ڕوونی ئەوەیە کە دەسەڵاتی کوردی لە بری بنیاتنانی کیانێکی نیشتمانی، کۆمپانیایەکی گەورەی بازرگانیی دروستکردووە کە تێیدا هاووڵاتیان تەنها وەک بەکارهێنەرێکی بێماف و بێدەنگ سەیر دەکرێن.



Post Comment