کێ چەکەکان کۆنترۆڵ دەکات ؟

ئاوات جەمال

پرۆسەی چەککردن و یەکخستنی گروپە چەکدارەکانی عێراق لەگەڵ دەسەڵاتی دەوڵەت یەکێکە لە ئاڵۆزترین بابەتە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراقی ئەمڕۆ .

 هەندێک گروپ لەوانە “سەرایا السلام” و “عەسائب ئەهل الحق” ئامادەیی خۆیان بۆ یەکخستن لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەت دەربڕیوە ، بەڵام گروپەکانی وەک “کتائب حیزبوڵڵا” و “حەرەکەتی حیزبوڵڵا النوجەباء” هێشتا بەرامبەر بە دەست بەرداربوون لە چەکەکانیان رازی نین .

مەترسیی سەرەکی ئەوەیە کە چەک کردن بە شێوەی خێرا و بێ پلانی ڕوون و پێش وەختە ، ببێتە هۆی ململا‌نێی ناوخۆیی ، چونکە حەشدی شەعبی تەنیا دامەزراوەیەکی ئەمنی نییە و بەس ؛ بەشێک لە گروپەکانی نفووزی سیاسی و ئابووریی بەرفراوانیان لە ناو دەوڵەتدا دروست کردووە . 

بۆیە گۆڕینی پێکهاتە و دەسەڵاتی حەشد بەبێ ڕێککەوتنی سیاسی دەتوانێت هاوسەنگی هێزەکان تێک بدات و کێشەی نوێ بۆ عێراق دروست بکات .

لە هەمان کاتدا ، کاریگەری ئێران گرنگە ، هەندێک لە گروپەکانی حەشد پەیوەندیی نزیکیان بە تاران هەیە و بەشێک لە هێز و توانایان لە چوارچێوەی ستراتیژی ناوچەیی ئێراندا بەکاردەهێنن ، ئەمە وای کردووە هەر هەنگاوێک بۆ سنووردارکردنی چەکەکان لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئێران تێکەڵ بێت و عێراق بکەوێتە ناو ململا‌نێی نێوان تاران و واشنتن.

ئەگەر پرۆسەی چەک کردن بە گفتوگۆ یاسایی و هەنگاوی هێواش و ڕێکەوتنی سیاسی نەبێت ، ئەگەری زیادبوونی ئاڵۆزی سیاسی و ئەمنی هەیە ، بەڵام ئەگەر بە شێوەیەکی هاوسەنگ ئەنجام بدرێت ، دەتوانێت دەسەڵاتی دەوڵەت بەهێز بکات و کۆنترۆڵی چەک و بڕیاردانی ئەمنی بگەڕێنێتەوە بۆ دامەزراوە فەرمییەکانی عێراق.

ڕای گروپەکان چۆنە ؟

لە دۆخی ئێستای 2026ی عێراق ئەو گروپانەی زۆرتر بە «فەصائلی نزیک لە ئێران» و دژ بە پرۆسەی کۆنتڕۆڵکردنی چەک ناسراون ئەمانەن :

کتائب حیزبوڵڵا ؛ بەهێزترین یەکێک لە گروپە نزیکەکانی ئێران بەپێ راپۆرتی Reuters ژمارەی ئەندامانی بە نزیکەی 10.000 کەس هەڵسەنگاندووە. 

حەرەکەتی حیزبوڵڵا النوجەباء ؛ لە گروپە توندڕەوەکانی نزیک ئێرانە و لە 2026 دا بە ئاشکرا دژی چەککردنەوەی خۆی وەستاوە . 

کتائب سید الشهداء ؛ گروپێکی ترە کە لەگەڵ کتائب حیزبوڵڵا و النوجەباء لە ڕیزی ئەو گروپانەیە کە ڕازی نەبوون بە پرۆسەی چەک کردن. 

عەسائب ئەهل الحق ؛ بەڵام دۆخی ئەم گروپە جیاوازە سەرکردەکەی قەیس خەزعەلی لە 2026دا نیشانەی ئامادەیی بۆ یەکخستن لە ناو دەوڵەت داوە. 

کتائب ئیمام عەلی ؛ ئەویش لە 2026دا هەنگاوی بەرەو دەرچوون لە حەشد و دانانی چەکەکانی بۆ دەوڵەت ڕاگەیاندووە . 

سەرایا السلام ؛  گروپی موقتەدا سەدرە بە پێچەوانەی گروپە توندڕەوەکان هەنگاوی بەرەو یەکخستن و گواستنەوەی بەشێک لە چەکەکانی بۆ دەوڵەت هەڵگرتووە . 

ژمارەیان چەندە ؟

ئەگەر مەبەست هەموو گروپەکانی ناو حەشدی شەعبی بێت ژمارەکە زۆر لە سێ و چوار گروپ زیاترە ، بە پێی ڕاپۆرتی حکومەتی بەریتانیا ، حەشدی شەعبی زیاتر لە 60 فەصائل  گروپی چەکدار لەخۆ دەگرێت هەندێک سەرچاوە ژمارەکە بە 60 بۆ 70 گروپ دادەنێن . ژمارەی ئەندامانیش بە پێی سەرچاوە و شێوازی ژماردن جیاوازە ، لە نزیکەی 140.000 تا 238.000 کەس باس کراوە . 

بەڵام ئەمە ناوی “گروپە دەرەوەی دەوڵەت” نییە ، چونکە حەشد بە فەرمی دامەزراوەیەکی دەوڵەتییە . کێشەکە ئەوەیە کە هەندێک لە یەکەکانی لە کرداردا  زیاتر گوێڕایەڵی سەرکردایەتی خۆیان یان پەیوەندییەکانیان بە ئێرانن تا فەرمانی حکومەتی ناوەندی عێراق .

ڕەنگە سەرنجی ئەمەت نەدابێت